وتەبێژی حکومەتى هەرێم: دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتى عێراق رێکبکەوین

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 468‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

وتەبێژى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت: نیەتمان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتى عێراق رێکبکەوین.

(ئەمڕۆ چوارشەممە 11ى ئەیلولى 2019) ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرپەرشتى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەت کۆبووەوە. 

دوابەدواى کۆبونەوەکەش جوتیار عادل، وتەبێژى فەرمى حکومەت لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا بەشێک لە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى خستەڕوو.

جوتیار عادل رایگەیاند: هەفتەى داهاتوو وەفدێکى حکومەتى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات و وتیشى: "نیەتمان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتى عێراق رێکبکەوین".

ئەوەشى خستەڕوو: لەچوارچێوەى گفتوگۆکاندا لەگەڵ بەغدا هەندێک پێشنیار هەیە سەبارەت بە پشکى هەرێم لە بودجەى گشتى، کە یەکێکیان ئەوەیە بەپێى رێژەى دانیشتوان پشک دیارى بکرێت وەک ئەوەى لە دەستوردا هاتووە و لەسەر ئەو بنەمایەش گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتى عێراق دەکەین.

رونیشیکردەوە: راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ عێراق په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی تریشه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ عێراق ساڵانه‌ ده‌بێت 12 ترلیۆن دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، به‌ڵام ته‌نها پێنج ترلیۆن ده‌نێرێت ئه‌م پرسانه‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت. 

جوتیار عادل باسى لەوەکرد کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا تاوتوێى دابەشکردنى نەوتى سپى بەسەر هاووڵاتیاندا کراوە کە لە کۆبونەوەى هەفتەى پێشوودا بڕیارى لەسەردرابوو و بۆ ئەوەش 259 ملیۆن لیتر نه‌وت دابینكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵ دابه‌شبكرێت و هه‌وڵی زیاتریش ده‌ده‌ن كه‌ بڕه‌ نه‌وتی زیاتر دابینبكه‌ین. 

سەبارەت بە خەرجى وەزارەتەکانیش وتەبێژەکەى حکومەت رایگەیاند: دابینکردنى پێداویستى وەزارەتەکان دەکەوێتە سەر بودجە.

دەربارەى سەرژمێریش وتى: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ناوچه‌ كوردستانیه‌كان لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پلاندانان دانرا به‌ ئه‌ندامێتی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان. وتیشی: "هه‌ڵوێستی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ ماده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێـت و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریش نابێت سازشی له‌سه‌ر بكرێت و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رچاوبگیرێت". 
 
سه‌باره‌ت به‌ پرسی وه‌رگرتنی باجیش وتی: "حكومه‌ت رێكخستنه‌وه‌ بۆ بابه‌تی باج ده‌كات كۆمه‌ڵێك یاسا پێداچونه‌وه‌ی بۆ ده‌كات ئه‌و به‌ند و مادانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ وه‌رگرتنی باج هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و نابێت كه‌س خۆی له‌ دانی باج بدزێته‌وه‌".

له‌باره‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دابینده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بێت چاره‌سه‌ری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زوترین كات ستافی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربن. 

پێداچوونەوە: شیروان شەریف
بڵاوكردنه‌وه‌: هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure