عه‌بدولبارى زێبارى: هه‌ڵوێستى جیاوازمان به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانى بەرپرسانى یه‌كێتى ده‌بێت‎

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/09/2019‌ :: 2322‌ جار بینراوە
عه‌بدولبارى زێبارى

دواڕۆژ، دهۆك

له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، عه‌بدولبارى زێبارى، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان تێروانینى خۆى سه‌باره‌ت ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى حزبەکەى باسکرد و وتى: بڕیارى دیاریكردنى پێنج ئه‌ندامى نوێى سه‌ركردایه‌تى، بەدڵى یه‌كێتییه‌كانى بادینان نییه،‌ بۆیه‌ "هه‌ڵوێستى جیاوازمان ده‌بێت".

دواڕۆژ: یه‌كێتى به‌ره‌و ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ ده‌روات، تێروانینى تۆ بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ چیه‌؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ بۆ كادیر و لایه‌نگره‌كانى یه‌كێتى له‌ بادینان زۆر گرنگه‌، چونكه‌ كۆنگره‌ نوێبوونه‌وه‌ له‌ناو ریزه‌كانى یه‌كێتى به‌گشتى و بادینان به‌تایبه‌تى دروستده‌كات، هه‌میشه‌ یه‌كێتى رۆڵێكى گه‌وره‌ له‌ عێراق و كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ غیابى مام جه‌لال، له‌مه‌یدانى سیاسى عێراق و كوردستان، بۆشاییەك دروستبوو، به‌ ئه‌نجامدانى كۆنگره،‌‌ یه‌كێتى ده‌بێته‌ خاوه‌ن رۆڵى به‌هێزى سه‌رده‌مى مام جه‌لال. 

دواڕۆژ: یه‌كێتییه‌كانى بادینان كۆنگره‌یه‌كى چۆنییان ده‌وێ؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ، به‌پێى ئیستیحقاقى پارێزگاكان، له‌ كۆنگره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بادینان بكرێت، یه‌كێتییه‌‌كانى بادینان پێیان باشه‌ به‌پێى ده‌نگه‌كانى یه‌كێتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، ماف بدرێته‌ یه‌كێتییه‌كانى بادینان، له‌ هه‌مان كاتدا ئێمه‌ داوامان له‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كردووه‌؛ دۆخى یه‌كێتى له‌ بادینان زیاتر له‌به‌رچاوبگرن، هه‌روه‌ها داوامانكردووه‌ له‌ كۆنگره‌دا ده‌رفه‌تێكى زیاتر بدرێ به‌ یه‌كتیه‌كانى بادینان، چونكه‌ به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگه‌كان و كاركردن له‌ بادینان بۆ یه‌كێتى زۆر قورسه‌، به‌ڵام له‌ دواین هه‌ڵبژاردن یه‌كێتى توانى پێچه‌وانه‌ى هه‌موو پارته‌كانى دیكه‌، ده‌نگى خۆى زیادبكات و دوو كورسى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌ستبێنێت كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌نجامى دڵسۆزى كادیره‌كانى یه‌كێتى بووه‌.

دواڕۆژ: به‌شێك له‌ كادیرانى یه‌كێتى له‌ بادینان له‌وباوه‌ڕەدان سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، یه‌كێتییه‌كانى بادینان وه‌ك پارتى ده‌بینن و به‌چاوى گومان ته‌ماشاى ئه‌وان ده‌كه‌ن. بۆچى  به‌شێك له‌ كادیره‌كانى ئێوه‌ به‌مشێوەیه‌ بیرده‌كه‌نەوە؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئیستیحقاقى ئێمه‌ له‌ بادینان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت 12% بووه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هیچ پۆستێك به‌ یه‌كێتییه‌كانى بادینان‌ نه‌دا، بۆیه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ لاى به‌شێك له‌ كادیره‌‌كانى یه‌كێتى له‌ بادینان درووستبووه‌ كه‌ ده‌ڵێن؛ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ گومانەوە ته‌ماشاى یه‌كێتییه‌كانى بادینان ده‌كات.

دواڕۆژ: دواى مام جه‌لال، ناكۆكى له‌ نێوان چه‌ند باڵێكى یه‌كێتى به‌ زه‌قى ده‌ركه‌وت. ئایا باڵه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كێتییه‌كانى بادینان هه‌بووه‌؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
باڵباڵێنێى ناو یه‌كێتى، كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر هه‌موو یه‌كێتییه‌ك هه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌كێتییه‌كانى بادینان، نه‌بوونه‌ به‌شى‌ هیچ باڵێكى یه‌كێتى، مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له‌ بادینان لەژێر ئاڵای یه‌كێتى كارده‌كات، نه‌ك كاریگه‌رى باڵباڵێن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ى یه‌كێتین كه‌ زیاتر خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى یه‌كێتى ده‌كات، چونكه‌ واقیعى دهۆك بۆ ئێمه‌ گونجاونییه‌ ببینه‌ به‌شێك له‌ هیچ باڵێك.

دواڕۆژ: بۆچى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له‌ دهۆك به‌رامبه‌ر سه‌ركردا‌یه‌تى یه‌كێتى خاوه‌ن هەڵوێستى توندنه‌بووه و به‌م دۆخه‌ رازیبووه‌‌؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
دوو ئه‌رك له‌سه‌ر شانى ئێمه‌یه‌، یه‌كه‌م: پاراستنى خه‌ڵكى خۆمان. دووه‌م: یه‌كێتى تووشى سه‌رئێشه‌ نه‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى قه‌ناعه‌تى نه‌بێت كه‌ یه‌كێتییه‌كانى بادینان به‌ پشتگوێخستن نیگه‌ران ده‌بن، یه‌كێتییه‌كانى بادینان ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان هه‌یه،‌ كاتێك ئێمه‌ ده‌نگى خۆمان به‌رزبكه‌ین و هه‌ڵوێستى توندمان هه‌بێت،‌ ئه‌مه‌ خزمه‌تى نه‌یاره‌كانى یه‌كێتى ده‌كات. له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ ئه‌م دۆخه‌مان قبوڵ نه‌كردووه‌ و ناڕەزایی خۆمان گه‌یاندووه‌تە سه‌ركردایه‌تى و به‌ڵێنمان وه‌رگرتووه‌ له‌ پۆسته‌كانى داهاتووى حكومه‌ت، له‌ بادینان به‌پێى ئیستیحقاقى خۆمان پۆست وه‌رده‌گرین.

دواڕۆژ: به‌مدواییه‌ به‌پێى بڕیارێكى كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێنج كه‌س بوونه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردا‌یه‌تى یه‌كێتى، بۆچى كه‌س له‌مانه‌ له‌ بادینان نه‌بووه‌؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئه‌و بڕیاره‌ به‌دڵى یه‌كێتییه‌كانى بادینان نییه‌، هه‌ڵوێستى جیاوازى خۆمان دژى ئه‌و بڕیاره‌ دەگەیەنینە سه‌ركردا‌یه‌تى، بۆ ئه‌م مژاره‌ له‌ دهۆك هه‌ڵوێستێكى یه‌كگرتوو‌مان ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و بڕیار‌انه‌ى سه‌ركردا‌یه‌تى یه‌كێتى، كادیره‌كانى ئێمه‌ ته‌نانه‌ت منیش زۆرجار بێهیواده‌كات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌سه‌ر پره‌نسیپى پاراستنى به‌رژەوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى كۆكین.

دواڕۆژ: لە ماوه‌ى رابردوودا ده‌زگا ئەمنیەکانى دهۆك چه‌ند كادیرێكى یه‌كێتییان له‌ بادینان به‌ تۆ‌مه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ده‌ستگیركرد، راستى ئه‌م بابه‌ته‌ چى بوو؟ 
عه‌بدولبارى زێبارى:
هه‌ر ده‌ستگیركردنێك به‌ڵگه‌ى نه‌بێت، به‌لاى ئێمه‌ ته‌نیا تۆمه‌ته‌، وه‌ك ده‌ستگیركردنى ئه‌ندامه‌كانى ئێمه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئەمنیەکان له‌ ئاكرێ.

دواڕۆژ: بۆچى راگه‌یاندنى یه‌كێتى له‌ دهۆك له‌ خراپترین ئاستى خۆیدایه‌ ئێوه‌ چۆن ده‌توانن به‌بێ میدیایەکى باش بنكه‌ى جه‌ماوه‌ى خۆتان فراوانبكه‌ن؟ 
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئێمه‌ پلانى دامه‌زراندنى كه‌ناڵێكى ناوخۆیی و رادیۆ و سایتێكى به‌هێزمان هه‌یه،‌ له‌گه‌ڵ به‌هێزكردنى پێگه‌كانى یه‌كێتى له‌ سۆشیال میدییا، هه‌روه‌ها به‌شى رووناكبیرى مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌كێتى به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك گرنگى‌ به‌م بابه‌ته‌ ده‌دات.

دواڕۆژ: لە چه‌ند ساڵى رابردوودا به‌هۆى رووداوه‌كانى شه‌نگال زۆر له‌ ئێزدییه‌كان له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان تووڕه‌ن. ئێوه‌ چه‌نده‌ توانیوتانە ئه‌و ئێزدییانه‌ له‌ خۆتان نزیكبکەنەوە؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتى گرنگییەکى زۆرمان به‌ ئێزدییه‌كان داوه‌ ئێستا دوز و به‌شى مه‌ڵبه‌ندى چوار به‌سه‌رپه‌رشتى ئێزدییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بڕێن له‌گه‌ڵ كۆمیته‌یه‌كى یه‌كێتى له‌ قه‌زاى شێخان، یه‌كێتى هه‌وڵده‌دان له‌ رێگه‌ى ئه‌م که‌سانه‌وه‌ زیاتر بچێته‌ ناو ئێزدییه‌كان و لێیان نزیك بێتەوە.

دواڕۆژ: ستراتیژى یه‌كێتى بۆ ساڵانى داهاتوو لە بادینان چیه‌؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
چاومان لەسه‌ر‌ كۆنگره‌یه‌، حه‌زده‌كه‌ین كادیرێكى به‌هێز بچێته‌ كۆنگره‌ و ئه‌وان به‌شێوه‌‌یەكى به‌هێزتر به‌رگرى له‌ یه‌كێتی و لایه‌نگره‌كانى یه‌كێتى له‌ بادینان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ توانیمان شوێنى خۆمان له‌ سه‌ركردایه‌تى بكه‌ین ئه‌وكاته‌ ده‌توانین زیاتر خزمه‌تى بادینان بكه‌ین.

دواڕۆژ: چه‌ند به‌م به‌رپرسیارێتیەى خۆت له‌ناو یه‌كێتى دڵخۆشى؟
عه‌بدولبارى زێبارى:
من به‌ چاكسازى ده‌ستم به‌كاركردووه‌، بۆ ئه‌نجامدانى گۆڕانكارییه‌كان له‌ناو ریزه‌كانى یه‌كێتى به‌رده‌وام ده‌بم، به‌هێنانى كه‌سانى گه‌نج و ژنه‌كان، پێویسته‌ گۆڕانكارى نوێ بكه‌ین بۆ ئه‌وەى رۆڵى زیاتر و باشترمان له‌ بادینان هه‌بێت.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure