کارزان بەهۆی خۆشه‌ویستی بۆ کوڕه‌که‌ی سووتا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 427‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف

کاتێک ده‌بینێت ئاگر له‌ جه‌سته‌ی کوڕه‌ 13 ساڵانه‌که‌ی به‌رده‌بێت، له به‌رزی ‌چه‌ند مه‌ترێکه‌وه‌ خۆی هه‌ڵده‌داته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانایه‌وه‌ بچێت، بێئاگا له‌وه‌ی خۆیشی گیانی به‌ به‌نزینه‌وه‌یه‌ له‌پڕ کڵپه‌ی ئاگر له‌جه‌سته‌یه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو له‌شی ده‌سوتێت ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ چیرۆکی خۆشه‌ویستی نێوان کوڕ و باوکێک.

(رۆژی دووشەممە 9ی ئەیلولی 2019) لەبەنزینخانه‌ی گه‌رمیان-قەزای چەمچەماڵ مێردمنداڵێکی ته‌مه‌ن 13 ساڵ به‌ناوی (پەیوەند کارزان کاکەخان) ئاگری گرت، باوکیشی هه‌وڵیدا بیکوژێنێته‌وه‌ به‌ڵام له‌و هه‌وڵه‌دا زیاتر لە 80%ی جەستەی سووتا.

رووداوه‌که‌ چۆن روویدا؟
به‌پێی زانیارییه‌کانی دواڕۆژ ‌بۆری تانکه‌ری عه‌مباری به‌نزینه‌کان دڵۆپه‌ی کردووه و زه‌وییه‌که‌ی ته‌ڕکردووه‌‌،‌ کاتژمێر 8ی به‌یانی کارزان کاکه‌خان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی کوڕی ده‌یه‌وێت ئه‌و به‌نزینانه‌ بکاته‌وه‌ ناو تانکه‌ره‌کان، له‌و کاته‌دا ئاگر له‌و به‌نزینانه‌ی زه‌وییه‌که‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ و جه‌سته‌ی په‌یوه‌ند  له‌پێیه‌وه‌ گڕده‌گرێت، باوکیشی له‌سه‌ر تانکه‌ره‌کانه‌وه‌ خۆی فه‌ڕێده‌داته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی کوڕه‌که‌ی بکوژێنێته‌وه‌.

کارزان له‌پێناو رزگارکردنی کوڕه‌که‌ی بیری ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ که‌ خۆشی گیانی به‌ به‌نزینه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی له‌په‌یوه‌ند گڕی ئاگر له‌ خۆشی به‌رزده‌بێته‌وه‌، دواتر ده‌گه‌یه‌ندرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌، لەوبارەیەوە ئەیوب حەمەغەریب، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بەدواڕۆژی راگەیاند: "کوڕەکە رێژەی 35 لەسەدی جەستەی سووتاوە و باوکیشی زیاتر له‌ 80%ی جەستەی سووتا و هەردووکیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سووتاوی سلێمانی کران"‌.

کارزان کرێکاری به‌نزینخانه‌که‌ بوو، په‌یوه‌ندی کوڕیشی ته‌نیا بۆ هاوکاری باوکی له‌گه‌ڵیدا بووه‌

سه‌نگه‌ر نەوشیروان، ئامۆزای کارزان به‌ دواڕۆژی وت: "کارزان حه‌مه‌خان ته‌مه‌ن 36 ساڵ، خێزانداره‌ و خاوه‌نی 2 کچ و 2 کوڕه‌، زیاتر له‌ 12 ساڵه‌ له‌و به‌نزینخانه‌یه‌ کارده‌کات، به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ی به‌سه‌ریاندا هات ئێستا باری ته‌ندروستی کارزان جێگیر نییه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌نیازین ئه‌مشه‌و بۆ چاره‌سه‌رکردن بیبه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات".

سواره‌ وه‌هاب، هاوڕێی کارزان-یش به‌دواڕۆژی وت: "کارزان کوڕێکی هه‌ژار بوو، ئه‌رکی به‌خێوکردنی خێزانه‌که‌ی خۆی و چه‌ند که‌سێکی نزیکی له‌ ئه‌ستۆ بوو، لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بوو که‌سێکی کراوه‌ بوو".

وتیشی: "خۆشه‌ویستییه‌کی به‌هێزی بۆ منداڵه‌کانی هه‌بوو، په‌یوه‌ند کوڕه‌ گه‌وره‌ی بوو ته‌مه‌نی 13 ساڵان بوو، زۆری خۆشده‌ویست و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنا بۆ به‌نزینخانه‌که، پێمان ده‌وت بۆ ئه‌م کوڕه‌ دێنیت ئه‌ویش ئه‌یوت بۆ له‌ماڵه‌وه‌ بێت و بچێته‌ ناو منداڵی گه‌ڕه‌ک، ‌شێوازی سووتانه‌که‌شی ئه‌وه‌ی سه‌لماند که‌ چه‌ند خۆشه‌ویست بووه‌ لای".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure