عه‌ره‌به‌كان كڕیاری ڤێلاكانی باكووری ئێرانن

هەواڵ / ئابوری :: 11/09/2019‌ :: 1042‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی ئازوو محه‌مه‌د
 
میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كردووە: دوای كشانه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی  ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، بارودۆخی ناله‌باری ئابوری ئێران و قه‌یرانه‌كان وایکرد وڵاتانی دراوسێ و به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانی عێراق و ئیمارات ببنه‌ كڕیاری سه‌ره‌كی موڵك، ڤێلا و زه‌وی، به‌ تایبه‌ت له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و باكووری ئه‌و وڵاته‌.

پارێزگا باكوورییه‌كانی ئێران به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی تایبه‌تی جوگرافی و كه‌شوهه‌وای خۆش و سروشتیان یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ن بۆ گه‌شتیاران و ته‌نانه‌تیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ بواری موڵك، خانوو و زه‌وی بازرگانی بكه‌ن.

مه‌جید یه‌حیا پور، یه‌كێك له‌ ئەندازیار و خاوه‌ن پرۆژه‌كانی بیناسازی و كۆمه‌ڵگه‌سازی له‌ پارێزگای مازنده‌ران له‌ باكووری ئێران ده‌ڵێت: "كڕیاره‌ عه‌ره‌ب و كورده‌كان بازاڕی خانووبه‌ره‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ و به‌ گشتی ناوچه‌ی باكووری ئێرانیان ته‌نیوه‌".

وتیشی: "ئه‌وان دۆلار ده‌هێنن و به‌ بڕێكی زیاتر ڤێلا، خانوو و زه‌وی ده‌كڕن، بۆ نمونه‌ ڤێلایه‌كی یه‌ك ملیار تمه‌نی به‌ 20% گرانتر ده‌كڕن و ئه‌وه‌ش به‌ سوودی فرۆشیارانه‌، ئەو بابه‌ته‌ نرخی موڵك و زه‌وی به‌رزده‌كاته‌وه‌ و فرۆشیارانیش حه‌ز ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كڕیاره‌ عه‌ره‌به‌كان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن".

یه‌حیا پور ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان ده‌ڵێت: "هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی له‌به‌رده‌م كڕیارانی بیانیدا نییه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئاشنا و ناسراوه‌ ئێرانییه‌كان دێن و موڵكه‌كان ده‌بینن، دوای راوێژ له‌گه‌ڵ ناسراوه‌ ئێرانییه‌كانیان خانوو یان موڵكه‌كه‌ ده‌كڕن".
 
ئەوەشی وت: "ئێمه‌ سه‌رەتا تاپۆكه‌ ده‌كه‌ین به‌ ناوی ناسیاوه‌ ئێرانییه‌كانی ئه‌و كڕیارانه‌ و دواییش به‌ڵگه‌كان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆسه‌ر ناوی كڕیاره‌كان".

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ له‌باره‌ی ئه‌وەی كه‌ هاووڵاتیانی كام پارێزگایانه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ناسیاوه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ كڕینی موڵك دێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یە وتى: "زۆربه‌یان عه‌ره‌به‌كانی پارێزگای خوزستانن له‌ باشووری ئێران و هه‌وره‌ها پارێزگا كوردنشینه‌كانی ئێران، به‌ تایبه‌ت كرماشان، سنه‌ و ورمێ له‌گه‌ڵ  ناسراوه‌ كورده‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ كڕینی موڵك و خانووبه‌ره‌ دێنه‌ باكووری ئێران و تاران و شاره‌ جیاوازه‌كانی ئێران".

ستار خه‌لیلی یه‌كێك له‌ دەڵاله‌كانی خانووبه‌ره‌ له‌ شاری رامسه‌ر ده‌ڵێت: "لای زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌كان به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانی ئیمارات و ناوچه‌ی كه‌نداو كه‌ بۆ خۆیان ناوچه‌ی ئاوی و دەریایان هه‌یه‌، به‌شه‌ دارستانی و سه‌وزه‌كانی باكوور په‌سەندترە، بۆیه‌ خانوو و ڤێلا له‌  شاری رامسه‌ر و ده‌وروبه‌ری زۆرترین كڕیاریان هه‌یه‌".
 
وتیشی: "دابه‌زینی نرخی تمه‌ن و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار یه‌كێكی دیكه‌یە له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی گه‌شتیاری عێراقی  و وڵاتانی دیكه‌ بۆ ئێران و به‌تایبه‌ت گه‌شتیاره‌ عێراقییه‌ شیعه‌كان به‌ تیرێك دوو ئامانج ده‌پێكن، هه‌م به‌ نرخێكی هه‌رزان گه‌شتێكی کاتبەسەربردن ده‌كه‌ن و بۆ زیاره‌تیش ده‌چن بۆ مه‌شهه‌د و قوم". 

ئەوەشی وت: "جگه‌ له‌ بازرگانه‌كانی ئه‌و بواره‌،  به‌ گشتی هاووڵاتیانی ئاسایی ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌دا به‌ گله‌یین و ره‌خنه‌یان له‌حكومه‌ت و یاسا هه‌یه‌، ئه‌وان ئه‌و مامه‌ڵانه‌ به‌ یاسایی نازانن به‌ڵام راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر چه‌ندە ئه‌و موڵكانه‌ بۆ كڕیاری بیانییه‌، به‌ڵام  فرۆشیارانی ئێرانی هیچ كرده‌وه‌یكی نایاسایی ئه‌نجام ناده‌ن، چونکە ئه‌و موڵك و ڤێلا و خانووانه‌ به‌ ناوی كڕیاری ئێرانییه‌وه‌ تاپۆ ده‌كرێن نه‌ک بیانییه‌كان".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure