دواڕۆژ ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات بۆ پۆستەكانی گۆڕان خۆیان كاندید دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1308‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14ی ئەیلولی 2019)، جڤاتی نیشتمانی هەڵبژاردن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بكات، دواڕۆژیش ناوی كاندیدەكان ئاشكرا دەكات.


چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بە دواڕۆژی وت: "رۆژی شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی هەڵبژاردن دەكات بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئەندامانی دیكەی خانەی راپەڕاندن".

 

هاوكات عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كرد كە فۆڕمی بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی پڕكردووەتەوە و بە رەسمی خۆی كاندید دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ هەریەك لە (ئاسۆ ڕەحیم، مونیرە عوسمان، جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدولوەفا، كاوەی مامە عەبە، برزو مەجید، كاردۆ محەمەد، جەمال محەمەد) خۆیان كاندید بكەن بۆ پۆستی ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

جگەلەوەش عومەری سەید عەلی خۆی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كاندید دەكات و وابڕیاریشە شۆڕش حاجیش خۆی بۆ هەمان پۆست كاندید بكات.

پۆستی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستووری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دووساڵە.

خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە حەوت كەس پێكدێن كە پۆستەكانین بریتین لەمانە "رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سەرۆكی جڤاتی گشتی، سكرتێری باژێڕوانەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری ژووری پەرلەمان و حكومەت، سكرتێری كاروباری خەڵك".

 

 پ: ک. س

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure