زنجیره‌ کتێبێک لە بارەی ئه‌نفالەوە وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی

هەواڵ / که‌لتور :: 11/09/2019‌ :: 179‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف


زنجیره‌ کتێبی (شایه‌تحاڵه‌کانی ئه‌نفال)، که بیره‌وه‌ری و وته‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ رزگاربووانی ئه‌نفال وجینۆسایدی کوردن‌، له‌ لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس (عارف قوربانی)یه‌وه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌، به‌ناونیشانی (مسافران مرگ) وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی.


عارف قوربانی له‌باره‌ی کتێبه‌که‌یه‌وه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: زنجیره‌ کتێبی (شایه‌تحاڵه‌کانی ئه‌نفال) له‌چوار به‌رگ پێکهاتووه‌، که‌ تێیدا چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ به‌شێكی زوری ئه‌و ئه‌نفالكراوانه‌دا ئه‌نجامداوه‌ كه‌ڕاپێچی زیندانه‌كانی تۆپزاوا و دوبز و نوگره‌ سه‌لمان کرابوون و دواتریش ئازاد كران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی زۆری به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنت و وێنه‌ی ئه‌نفالكراوانم تێدا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: سێ به‌رگی  یه‌که‌می كتێبه‌كه‌ پێش رووخاندنی سه‌دام چاپكراون و به‌ مه‌به‌ست به‌رگی چواره‌مم هێشته‌وه‌ بۆ دوای رووخاندنی سه‌دام ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن له‌دیوی ناوه‌وه‌ی ئه‌نفال كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئێمه‌ له‌و ڕوداوانه‌مان نه‌ده‌زانی كه‌ چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك ڕویانداوه‌ و به‌شاراوه‌ی مابوویه‌وه‌، به‌ڵام دوای كه‌وتنی سه‌دام  چه‌ندین به‌ڵگه‌ و شایه‌تحاڵی دیکه‌ی عه‌ره‌ب و كورد، له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌جه‌لاده‌کانی رژێمی به‌عس ده‌رکه‌وتن كه‌ئاگاداری ورده‌كاری ناوه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش چاوپێكه‌وتنم كردووه‌.

عارف قوربانی ئه‌وه‌شی وت: "هه‌ر چوار به‌رگی كتێبه‌كه له‌لایه‌ن وه‌رگێڕێکی شاره‌زا‌ به‌ناوی (مورته‌زا مورادی) وه‌رگێڕدراوه‌ و له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كی ئێرانیه‌وه‌ له‌تاران چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌".

له‌باره‌ی گرنگی ئه‌و کتێبانه‌ به‌ زمانی فارسی نووسه‌ر ده‌ڵێت: "خه‌ڵکانێكی زۆر به‌ زمانی فارسی قسه‌ده‌که‌ن و ده‌خوێننه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵکانی فارس زمان ئاشنای ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ رژێمی پێشووی عێراق دوای شه‌ڕی عێراق – ئێران، چۆن تاوانی به‌رامبه‌ر به‌ کورد کردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردوو میلله‌ت هاوقوربانین".

پێشتریش کتێبی (ته‌یمور تاکه‌ڕزگاربووی ناوگۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ژن و منداڵان)ی نووسه‌ر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی و ئینگلیزی و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش 6 کتێبی دیکه‌ی عارف قوربانی له‌لایه‌ن  کۆمپانیای زه‌ریا له‌ گروپی کۆمپانیاکانی فارووق به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکرانه‌وه‌.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure