قەبارەی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان 50 ملیارە

هەواڵ / ئابوری :: 11/09/2019‌ :: 135‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت: قەبارەی وەبەرهێنان 50 ملیارە و بۆ داهاتووش جیاكاری لەنێوان ناوچەكانی كوردستاندا ناكەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (11ی ئەیلولی 2019) محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك وەبەرهێنەر و ژووری بازرگانی سلێمانی كۆبووەوە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆبوونەوەكە راوێژكاری بووە و رایان گۆڕیوەتەوە لەسەر پڕۆژەكان بۆ ئەوەی لەناو كارنامەی نوێی حكومەت، پەرەپێدانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ بڕواتە پێشەوە، هەروەها نابێت بۆشایی لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت بمێنێت.

هەروەها د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا گوێیان لە بۆچوونی وەبەرهێنانی سلێمانی گرتووە لەسەر داهاتووی وەبەرهێنان لە سلێمانی و كوردستان، لەكابینەی نوێ بوارێكی باش بۆ وەبەرهێنان دانراوە، ئامانجیش ئەوەیە ئابوورییەك درووست بكەن كە پشت بە خۆمان ببەستین بەتایبەتیش پیشەسازی كە مەوادی خاو زۆرە بەتایبەتیش لەسلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێستا قەبارەی وەبەرهێنان نزیكەی 50 ملیارە.

سەبارەت بەوەی دەوترێت لە پڕۆژەكاندا جیاوازی لەنێوان شارەكان دەكرێت، محەمەد شوكری وتی: "بەپێی داتاكان زۆربەی پیشەسازی گەورە لەپارێزگای سلێمانییە، وەكخۆم جیاكاری بەدیناكەم، رەنگە بەهۆی دۆخی كوردستان هەندێك دابەشبوون کرابێت، بەڵام لەداهاتوودا بەیەك چاو سەیری هەموو شوێنەكان دەكەین".

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure