سبه‌ى ده‌سته‌ى نوێى جڤاتى گشتى گۆڕان هه‌ڵده‌بژێردرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 191‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بڕیاره‌ سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ (12ى ئه‌یلولى 2019)، جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌رۆك و جێگر و سكرتێرى جڤاته‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن.


عه‌لى چه‌له‌بى، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت: "سبه‌ى جڤاتى گشتى كۆده‌بینه‌وه‌و تێیدا به‌ ده‌نگدان سه‌رۆك و سكرتێر و جێگرى سه‌رۆك بۆ جڤاته‌كه‌مان هه‌ڵده‌بژێرین".

وتیشى: "سه‌رۆكى جڤاتى گشتى راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن".

جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جڤاتێكى راوێژكارییه‌ و ئێستا نزیكه‌ى 58 ئه‌ندام ده‌بن كه‌ له‌ كه‌سانى به‌ ئه‌زمونى بواره‌ جیاجیاكان پێكدێن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كاتژمێر 4:00ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌و سێ پۆسته‌ى جڤاتى گشتى داده‌خرێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان هه‌ریه‌ك له‌ (دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش، جه‌مال محه‌مه‌د، كورده‌ چاوشین، نه‌سرین جه‌مال، پێشڕه‌و ره‌ئوف) خۆیان كاندید كردووه‌ بۆ پۆسته‌كانى جڤاتى گشتى.

دواڕۆژ زانیویه‌تى كه‌ له‌ناوخۆى بزوتنه‌وه‌كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان كراوه‌و وابڕیاره‌ جه‌مال محه‌مه‌د، سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى ئێستا، سبه‌ى بكرێته‌ سه‌رۆكى جڤاتى گشتى و پێشڕه‌و ره‌ئوف بكرێته‌ سكرتێرى جڤاته‌كه‌ و یه‌كێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانى هه‌ولێر یان یه‌كێك له‌ ژنه‌ كاندیده‌كان بكرێنه‌ جێگر.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure