تاتۆكردن له‌ دوو شوێنی جەستە مه‌ترسیداره‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/09/2019‌ :: 852‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هه‌وراز ئه‌حمه‌د

تاتۆكردن بووه‌ته‌ حه‌ز و ئاره‌زوو لای هه‌ندێك له‌ گه‌نجان و چه‌ندین سه‌نته‌ر و شوێنى تایبه‌ت به‌و بواره‌ كراونه‌ته‌وه‌، پزیشكێكیش ده‌ڵێت: "تاتۆ ئه‌گه‌ری توشبوون به‌ چه‌ندین نه‌خۆشى جۆراوجۆرى لێ ده‌كرێت و خراپترین دوو شوێن كه‌ تاتۆی له‌سه‌ر بكرێت، لیو و ده‌رچه‌ی كۆمه‌".


تاتۆكردن له‌ جیهاندا مێژوویه‌كى كۆنى هه‌یه‌، به‌ پێى هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن هۆزى(Ainu)ى یابانى وه‌كو جوانى له‌سه‌ر ده‌موچاویان ده‌یاننه‌خشاند و به‌كارهێنراوه‌، پاشان په‌لى كێشاوه‌ بۆ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان.

محه‌مه‌د عه‌لى گه‌نجێكى دانیشتووى سلێمانی-یه‌و له‌ ماڵه‌كه‌یدا بۆ خۆى و هاوڕێكانى چه‌ند تاتۆیه‌كى له‌سه‌ر جه‌ستیه‌یان كردووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ مۆڵه‌تێكى هه‌بێت، ئه‌و به‌ دواڕۆژی وت: "به‌ حه‌زى خۆم تاتۆ ده‌كه‌م و ئامێریشم هه‌یه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆم هاتووه‌، به‌ نرخى 300 دۆلار كه‌ بۆ خۆم و چه‌ند هاوڕێیه‌كم چه‌ندین تاتۆى جۆراوجۆرم كردووه‌و تاكو ئێستاش تووشى هیچ گرفتێك نه‌بووم".

له‌باره‌ى چۆنێتی فێربوونی تاتۆ، ده‌ڵێت: "له‌ ڕێگاى یوتیوبه‌وه‌ فێرى ئه‌وه‌ بووم كه‌ خۆم ئامێرێك دروست بكه‌م كه‌ له‌ ده‌رزى و چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كى دیكه‌ پێكدێت، به‌وه‌ش تاتۆم كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان كه‌مێك مه‌ترسى هه‌یه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ده‌مار بدات یان ئه‌گه‌ر ده‌رزییه‌كه‌ى نه‌گۆڕى ببێته‌ هۆى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشى".

جگه‌ له‌وه‌ى تاتۆكردن بۆ جوانى به‌كارده‌هێنرێت، كه‌سانێكیش هه‌ن كه‌ شوێنێكیان جێگاى برینى كۆن یان سوتاوى پێوه‌یه‌ به‌ تاتۆ دایده‌پۆشێت.

تارا محه‌مه‌د خاوه‌نى سه‌نته‌رێكى ڕێگه‌پێدراوه‌ بۆ تاتۆكردن، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌ئێستا خه‌ڵكێكى زۆر له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك ڕوومان لێ ده‌كه‌ن بۆ تاتۆكردن و له‌ نێو هه‌ردوو ڕه‌گه‌زیش خواستى له‌سه‌ره‌ به‌تایبه‌ت لاى ئافره‌تان، تاتۆش له‌ هه‌موو شوێنێكى جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن، نرخه‌كانیش به‌ پێى شوێن و جۆرى تاتۆكان ده‌گۆڕێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تاتۆ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووى 18 ساڵه‌وه‌یه‌، ده‌بێت شوێنى تاتۆكه‌ خاوێن بێت و له‌ لایه‌ن كه‌سى شاره‌زاوه‌ بكرێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بێته‌ هۆى هه‌وكردن و گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشى، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ى دێن تاتۆ ده‌كه‌ن، زۆرجار شتێك له‌ ناخیاندایه‌و ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگاى كێشانى ئه‌و تاتۆیه‌وه‌ له‌ سه‌ر جه‌سته‌یان، واتاكه‌ى ده‌رببڕن، ئه‌و وێنانه‌ش كه‌ ده‌كێشرێن پێكدێن له‌ (ناو، گوڵ، په‌پوله‌، دڵ، تاج، ڕۆژى له‌دایكبوون ..تاد".

ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ى كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى تاتۆ ده‌كات تووشى ببێت خۆى له‌ ڤایرۆسى جگه‌ر، شێرپه‌نجه‌، هه‌وكردنى توند، دروستبوونى گرێ، دروستبوونى هه‌ستیاریدا ده‌بینێته‌وه‌.

د.فه‌ره‌یدون قه‌فتان پسپۆرى نه‌خۆشییه‌كانى پێست له‌ باره‌ى تاتۆ و زیانه‌كانى ده‌ڵێت: "ئه‌و تاتۆیه‌ كه‌ ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك ڕه‌نگه‌ له‌ ڕێگاى  ده‌رزییه‌كه‌وه‌ ده‌چێته‌ ژێرپێسته‌وه‌ تاكو ده‌گاته‌ ئاستى مه‌لوله‌كانى خوێن، واتا ئه‌و ڕه‌نگانه‌ تێكه‌ڵ به‌ خوێنى ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بن كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زۆرجار ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ى زانستى نه‌كرێت و شوێنه‌كه‌ پاك نه‌بێت، ئه‌گه‌ری چه‌ندین نه‌خۆشى مه‌ترسیدارى لێده‌كرێت، بۆ نموونه‌ شێرپه‌نجه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو كه‌س  وا نه‌بێت، هه‌ستارترین شوێنه‌ كه‌ خراپه‌ تاتۆى له‌سه‌ر بكرێت، لێو و ده‌رچه‌ى كۆمه‌".

ئه‌و پزیشكه‌ وتیشى: "زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ تاتۆ ده‌كه‌ن و پاش چه‌ند ڕۆژێك دێن و لێى په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن تاتۆكه‌یان بۆ لابدرێت كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگاى له‌یزره‌وه‌ ده‌كرێت و به‌ چه‌ند دانیشتنێك تاتۆكه‌ى بۆ لاده‌برێت".

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە