له‌هه‌رێمى كوردستان نرخى یه‌ك گورچیله‌ دەگاتە 50 ملیۆن دینار

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 382‌ جار بینراوە
فه‌رهاد قادر

دواڕۆژ، سامان قوبادى

له‌ هه‌رێمى كوردستان نرخى یه‌ك گورچیله‌ له‌ 10 ملیۆنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ 50 ملیۆن دینار، ئه‌مه‌ وته‌ى فه‌رهاد قادر سه‌رۆكى رێكخراوى جه‌سته‌ به‌خشانى كوردستانه‌، ده‌شڵێت: "هه‌زاران كه‌س پێویستیان به‌ ئه‌ندامێكى ترى جه‌سته‌یه‌، هه‌ر كه‌سێكیش ده‌توانێت ژیانى شه‌ش كه‌سى تر له‌ مردن رزگار بكات".


دواڕۆژ: پرۆسه‌ى به‌خشینى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى كه‌سێك كه‌ زیندووه‌ به‌چى شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت؟
فه‌رهاد قادر: پاش ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ ده‌كات، هه‌وڵده‌ده‌ین بزانین ئه‌و هاووڵاتییه‌ هیچ كه‌سێكى نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌ندامى جه‌سته‌ ده‌به‌خشین به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ كه‌سوكارییان نییه‌، دواتر به‌پێى ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ى كه‌ ئاماده‌ن جه‌سته‌یان ببه‌خشن، گورچیله‌ یان ئه‌ندامى تریان ده‌ده‌ن به‌و نه‌خۆشه‌ى پێویستى پێیه‌تى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سوكارى هه‌بێت، ئه‌وكات له‌ڕێگه‌ى خزمه‌كانییه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى پێویستییه‌تى پێى ببه‌خشین.

دواڕۆژ: له‌ رێكخراوه‌كه‌تان چه‌ند هاووڵاتى ئه‌ندامى جه‌سته‌ى خۆیان به‌خشیوه‌؟ زیاتر  كام ئه‌ندامى جه‌سته‌ن كه‌ به‌خشراون؟
فه‌رهاد قادر: له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربونمانه‌وه‌ تائێستا 3 حاڵه‌تى به‌خشینى گورچیله‌مان ئه‌نجامداوه‌ له‌ڕێگه‌ى رێکخراوه‌كه‌مانه‌وه‌، له‌ سنوورى هه‌موو كوردستاندا نزیكه‌ى هه‌زار ئه‌نداممان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامى جه‌سته‌یان ده‌به‌خشن، به‌ڵام به‌ هه‌زاران كه‌س هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ ئه‌ندامى جه‌سته‌یه‌ به‌تایبه‌ت گورچیله‌ و جگه‌ر.

دواڕۆژ: ئایا ته‌نیا كار بۆ به‌خشینى گورچیله‌ ده‌كه‌ن، یان ئه‌ندامى تریش ده‌به‌خشرێت؟
فه‌رهاد قادر: تائێستا ته‌نیا گورچیله‌مان به‌خشیوه‌، به‌ڵام كار ده‌كه‌ین بۆ چاندنى گلێنه‌ى چاو و سییه‌كان، ئه‌وه‌ى ده‌توانرێت به‌ زیندوویى ببه‌خشرێت گورچیله‌ و خوێن و چاندنى مۆخ و جگه‌ر-ن.

دواڕۆژ: هه‌بووه‌ نه‌خۆش بوبێت و پێش مردنى ئه‌ندامى جه‌سته‌ى ببه‌خشێت؟
فه‌رهاد قادر: چه‌ند ئه‌ندامێكى له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌بووه‌ كه‌ نه‌خۆش بوون و پێش مردنیان داوایان كردووه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى جه‌سته‌یان كه‌ ده‌توانرێت سوودى لێ وه‌ربگیرێت به‌كار بهێنرێت، به‌ڵام كۆچى دواییان كرد و نه‌توانرا سوود له‌ ئه‌ندامه‌كانیان وه‌ربگیرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یان شوێنێكمان نییه‌ تایبه‌ت بێت به‌ ئه‌ندامانى جه‌سته‌، به‌ڵام ئه‌و گورچیلانه‌ى ده‌یبه‌خشین ته‌نیا له‌ڕێگه‌ى نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌یه‌.

دواڕۆژ، پێتوایه‌ بۆچى نه‌توانراوه‌ بكرێته‌ كلتور پێش مردنى كه‌سه‌ نه‌خۆشه‌كان جه‌سته‌ى خۆیان ببه‌خشن؟
فه‌رهاد قادر: ده‌بێت حكومه‌ت هاوكار بێت و هه‌نگاو بۆ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و دابینكردنى تیمى پزیشكى بۆ چاندنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى جه‌سته‌ بنێت، جگه‌ له‌وه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینییه‌وه‌ ۆركشۆپ و سیمینارى زۆر ئه‌نجام بدرێت، كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن هاوكار بن تا بیگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵك كه‌ تاكه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌توانن به‌به‌خشینى ئه‌ندامێكى جه‌سته‌ى كه‌سێكى تر له‌ مردن رزگار بكات، بگره‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت شه‌ش كه‌سى تر له‌ مردن رزگار بكات، به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كمان نییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى مردنى مێشك ده‌بن، یان ده‌چنه‌ چاودێرى ورده‌وه‌ پشكنینى بۆ بكرێت تا بزانرێت ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى بۆ كێ باشه‌ و بدرێت به‌ چ نه‌خۆشێك، له‌ هه‌موو وڵاتان ئه‌مه‌ هه‌یه‌، لاى ئێمه‌ زۆر كه‌مه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌ سستى ده‌ڕوات، تائێستا هیچ لایه‌نێكى حكومى و ئه‌هلى هاوكارمان نه‌بووه‌، ته‌نیا هه‌وڵى خۆمان بووه‌.
 
دواڕۆژ: مه‌به‌ستت چییه‌ كه‌ كه‌سێك ده‌توانێت شه‌ش كه‌س رزگار بكات؟
فه‌رهاد قادر: هه‌ر كه‌سێك دڵ، سییه‌كانى، په‌نكریاسى، گورچیله‌ى، جگه‌رى، گلێنه‌ى چاوى، ده‌توانێت ببه‌خشرێت و بدرێت به‌ خه‌ڵكى تر، واته‌ ده‌توانرێت ژیانى شه‌ش كه‌سى تر له‌ مردن رزگار بكرێت.

دواڕۆژ: كاتێك ئه‌ندامى جه‌سته‌ى كه‌سێك وه‌رده‌گرن له‌كوێ دایده‌نێت و چۆن پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت؟
فه‌رهاد قادر: ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌مه‌ هه‌بێت، رۆژانه‌ خه‌ڵك سه‌ردانى ده‌كات كه‌ پێویستى به‌ گورچیله‌ یان هه‌ر ئه‌ندامێكى تر هه‌یه‌، له‌وێ پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و دۆسیه‌یان بۆ ده‌كرێته‌وه‌، كاتێك كه‌سێك تووشى مردنى مێشك ده‌بێت یان له‌و كاته‌ى ده‌برێته‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ كۆچى دوایى ده‌كات، خوێنه‌كه‌ى لێ وه‌رده‌گیرێت له‌هه‌مانكات له‌گه‌ڵ پشكنینى كه‌سه‌كانى تردا به‌راورد ده‌كرێت و هه‌ر ئه‌ندامێكى بۆ چ كه‌سێك بگونجێت په‌یوه‌ندى پێوه‌ ده‌كرێت و ده‌توانرێت پێی بدرێت، لێره‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ پێویستى به‌ گلێنه‌ى چاو هه‌یه‌ له‌ ئێران بۆى ده‌كڕن، رۆژانه‌ به‌ رووداوى ئۆتۆمبێل یان شه‌ڕ و برینداربوون و جه‌ڵده‌ى مێشك، خه‌ڵكێكى زۆر تووشى مردنى مێشك ده‌بن، ده‌توانرێت سوود له‌ ئه‌ندامه‌كانى وه‌ربگیرێت، له‌ 2014ه‌وه‌ له‌ سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دانرا، به‌ڵام حكومه‌ت ته‌واوى نه‌كرد، به‌ته‌واوبوونى رۆڵى گه‌وره‌ى دەبێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا.

دواڕۆژ: له‌ماوه‌ى رابوردوودا چه‌ند باندێكى بازرگانى گورچیله‌ ده‌ستگیركران ئایا رێژه‌ى بازرگانى پێوه‌كردنى زیادى كردووه‌؟ راسته‌ ده‌وترێت هاووڵاتى ئێرانى دێنه‌ هه‌رێم بۆ فرۆشتنى گورچیله‌یان؟
فه‌رهاد قادر: له‌ هه‌ر وڵاتێك قه‌یرانى دارایى هه‌بوو، رێژه‌ى هه‌ژارى به‌رزبووه‌وه‌، خه‌ڵك روو له‌وه‌ ده‌كات سوود له‌ ئه‌ندامانى جه‌سته‌ى وه‌ربگرێت و بیفرۆشێت، له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاواره‌ى زۆرى لێیه‌ و به‌تایبه‌ت كوردى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان لێره‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ بیانییه‌ى لێره‌ كار ده‌كه‌ن بارى بژێوییان خراپه‌، ئێرانى هه‌بووه‌ هاتووه‌ته‌ ئێره‌ گورچیله‌یان فرۆشتووه‌ به‌ 10 ملیۆن دینار كه‌ بۆ ئه‌و پاره‌یه‌كى زۆر و خه‌یاڵییه‌، ئێستا هه‌مانه‌ 50 ملیۆن دیناریش ده‌دات به‌ گورچیله‌یه‌ك، نرخى گورچیله‌ له‌ 10 ملیۆنه‌وه‌ تا 50 ملیۆنى پێ ده‌درێت، ئه‌مه‌ش به‌پێى رێككه‌وتنه‌، باند هه‌یه‌ به‌ 5 ملیۆن گورچیله‌كه‌ ده‌كڕێت و به‌و كه‌سه‌ى پێویستییه‌تى به‌ 40 ملیۆن دینار ده‌یفرۆشێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ى ئاواره‌ و بیانییه‌كان لێره‌ ئه‌ندامى جه‌سته‌ به‌تایبه‌ت گورچیله‌یان ده‌فرۆشن، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكى ناوخۆش هه‌بووه‌ فه‌رمانبه‌رى حكومه‌ت بووه‌ و هاتووه‌ته‌ لام وتویه‌تى ئاماده‌م خۆم یان هاوسه‌ره‌كه‌م گورچیله‌یه‌كمان بفرۆشین، به‌ڵام ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ناكه‌ین. 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure