لەسەر پێشینەی هاوسەرگیری و عەقار وەزارەتی دارایی هێشتا بڕیاری نەداوە

هەواڵ / کوردستان :: 11/09/2019‌ :: 23539‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێكه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی خانوو به‌ره‌و هاوسه‌رگیری، به‌رپرسێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا وه‌زاره‌تی دارایی هیچ كاتێكی دیاری نه‌كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌. 

سه‌باحه‌ت حه‌مه‌تاهیر، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی فیدراڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ له‌سه‌رده‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ درابوو به‌وه‌ی كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ و هاوسه‌رگیری و كشتوكاڵ بۆ فه‌رمانبه‌ران رابگیرێت، به‌ڵام بۆ هاووڵاتیان پێویسته‌ له‌سه‌ریان ساڵانه‌ به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ بده‌نه‌وه‌.
 
وتیشی: "تاوه‌كو ئێستا هه‌مان بڕیاری پێشوو جێبه‌جێ ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی دارایش هیچ بڕیارێكی ره‌سمی تازه‌ی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌رنه‌كردووه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبێت قه‌رزه‌كانی ساڵانی پێشوو به‌ چه‌ند قۆناغێك یان به‌ یه‌كجاری بدرێنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی باس ده‌كرێن ته‌نیا ده‌نگۆیه‌ و ره‌سمی نییه‌". 

به‌رله‌ قه‌یرانی دارایی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره‌ و کشتوكاڵیان وه‌رده‌گرت ده‌بوایه‌ به‌ شێوه‌ی مانگانه‌ و ساڵانه‌ به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ بده‌نه‌وه‌ حكومه‌ت و بۆ هاووڵاتیانیش گه‌ر له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا به‌شێك یان قستێكی قه‌رزه‌كانیان نەدایەتەوە بە حكومه‌ت، ئه‌وا به‌ رێژه‌ی له‌ 10% دەچووە سه‌ر قه‌رزه‌كانیان، به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی فیدراڵیش تاوه‌كو ئێستا هه‌مان سیسته‌م كاری پێده‌كرێت كه‌ ده‌بێت هاووڵاتیان له‌ماوه‌ی ساڵێك به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ریانه‌ بیده‌نه‌وه‌ حكومه‌ت گه‌رنا له‌ 10%ی دەچێتە سه‌ر قه‌رزه‌كانیان.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ند مانگێك پێش ئێستا یاداشتێکمان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆمان کردووه‌، كه‌ هه‌م مووچه‌ خۆران و هەم هاووڵاتیانیش توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ قه‌رزی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ پێکه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌ڵێنیان پێداوین کاری جدی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ وه‌ک پێشتر بێت.

وتیشی: "وه‌زاره‌تی دارایی ده‌یه‌وێ قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره‌ هی سێ ساڵ پێكه‌وه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی تر داواكارییه‌كیان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان یه‌ك ساڵ یه‌ك ساڵ وه‌ربگیرێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌". 
 
پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure