ئایا ئه‌مریكا گه‌مارۆ ده‌خاته‌سه‌ر توركیا یان له‌ سوریا سزای ده‌دات؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/09/2019‌ :: 1703‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

ئه‌گه‌رچی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا له‌ چه‌ند ساڵی رابوردوودا هه‌وڵیداوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ورد و زیره‌كانه‌ بە کڕینی سیستمی موشه‌كی S400ی رووسی و  فڕۆكه‌ی F35ی ئه‌مریكی ئەو دوو وڵاتە لە خۆی رازی بکات، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌ كڕینی سیستمی موشه‌كی S400ی رووسی، ئەمریکای لەخۆی نیگەران کرد.


دوای ئه‌وه‌ی  رۆژی هه‌ینی 6ی ئه‌یلولی 2019 توركیا یه‌كه‌م قۆناغی هاورده‌ی موشه‌كی S400ی رووسی بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌ستپێكرد، ره‌خنه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ لایه‌ن ترامپ و په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی باكووره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد. به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی واشنتن پێشتر هۆشداری جدی دابووه‌ توركیا له‌سه‌ر كڕینی ئه‌و موشه‌كانه‌.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاشکرایکردووە: ئیدارەی دۆناڵد ترامپ له‌سه‌ر سزادانی توركیا هاوڕان و له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا و دوای كۆتایی ساڵیادی كوده‌تا بێ ئاكامه‌كه‌ی توركیا له‌ ساڵی 2016دا، سزاكان ده‌ستپێده‌كات.

پێشتریش سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری دابوو ئه‌گه‌ر بێتو توركیا موشه‌كی S400ی رووسی هاورده‌ بكات، له‌ پلان و به‌رنامه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی فڕۆكه‌ی F35ی ئه‌مریكی دوور ده‌خرێته‌وه‌. ئەوەش لەکاتێکدایە وادەی رادەستکردنی ئه‌و فڕۆكانه‌ نزیك بووبووه‌ و ته‌نانه‌ت راهێنانی فڕۆكه‌وانه‌ توركه‌كانیش ماوه‌یه‌كی زۆربوو ده‌ستی پێكردبوو.

له‌م نێوانه‌دا مامه‌ڵه‌ 30 ملیار دۆلارییه‌كانی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌، پیشه‌ و هاورده‌ی ماده‌ خامه‌كان و وەبەرهێنەران و سه‌رمایه‌دارانی توركیا ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئامانجی سزا و گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا.

له‌م بارودۆخه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕوایانوایه‌ ئه‌مریكا ته‌نیا به‌ سزادانی توركیا رازی نابێت و  ترامپ له‌ سوریاش ئه‌ردۆغان ته‌مێ ده‌كات و به‌ رێگری كردن له‌ دروستبوونی ناوچه‌ی ئه‌منی له‌ ئیدلب رێگە له‌ به‌دیهاتنی خه‌یاڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌گرێت.

هه‌رچه‌ندە ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات به‌ كڕینی موشه‌كی پاتریۆت له‌ ئه‌مریكا قه‌ره‌بووی بێ وه‌فاییه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ و تا راده‌یه‌ك ئاوی رۆشتوو بگەڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ی و هاوسه‌نگی نێوان ئه‌مریكا و رووسیا دروستبكاته‌وه‌، به‌ڵام  واده‌ردەكه‌وێت رێژه‌ی توڕه‌بوونی ترامپ له‌ ئه‌ردۆغان به‌ راده‌یه‌ك زۆر بێت كه‌ هه‌م توركه‌كان سزا بدات و هه‌میش ته‌مێیان بكات.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure