ئەنجومەنى وەزیران بۆ تاوتوێکردنى هەشت پرس کۆدەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2019‌ :: 457‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

بڕیارە سبەی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی چوارەمی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێنج تەوەر و سێ راپۆرتیش کە لەلایەن وەزارەتەکانەوە پێشکەش دەکرێن ئەنجامبدات.


بەپێی ئەو زانیاریانەی لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەست دواڕۆژ کەوتوون بڕیارە (سبەى چوارشەممە 11ى ئەیلولى 2019) ئەنجومەنی وەزیران کۆببێتەوە و پێنج تەوەر گفتوگۆى لەسەر بکرێت کە بریتین لە (پرسی دانان و میکانیزمی گرێبەستی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانی عێراق، بودجەی ساڵى داهاتووى عێراق و پشکی کورد لەو بودجەیەدا، سەرژمێری کە بڕیارە لە ساڵی 2020 لە عێراق بکرێت و پرسی گەڕانەوەی داهاتی وەزارەتەکان بۆ وەزارەتی دارایی و میکانیزم و چۆنیەتى خەرجکردنی).

هەر بەپێی زانیارییەکان سێ راپۆرت لە کۆبوونەوەکەدا دەخوێندرێنەوە ئەوانیش راپۆرتی وەزارەتی خوێندنی باڵا تایبەت بە خوێندنی ئێواران و کرێی خوێندن و کردنەوەی ماستەر و دکتۆرا و وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرماڵەی مانگانەی خوێندکاران، هەروەها راپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە چاککردنەی رێگاوبانەکان و بڕی پارەی پێویست و پرسی زەوییەکانى حکومەت کە داگیرکراون، هەروەها راپۆرتێک لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تایبەت بە داهاتی نەوت و پیدانی نەوتی سپی بە ماڵان و هەروەها هەناردە و داهاتی نەوت و گەڕاندنەوەی بۆ وەزارەتی دارایی.

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure