دواڕۆژ
رۆژی 10ی ئه‌یلولی ساڵی 1959 یه‌كه‌م كۆنگره‌ی مامۆستایان له شارۆچكه‌ى شه‌قڵاوه به‌سترا، له‌و كۆنگره‌یه‌دا شاعیری گه‌وره‌ی كورد (عه‌بدوڵا گۆران) شیعرێكی خوێنده‌وه كه دواتر بووه‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ى له‌كاره‌كه‌ى.
د. كه‌مال غه‌مبار، وه‌رگێڕ و نووسه‌ر و توێژه‌ر بۆ دواڕۆژ له‌باره‌ى رووداوه‌كانى ئه‌و رۆژه‌وه وتى: "مامۆستا گۆران ئه‌و ده‌مه تازه به 45 دیناری عێراقی دامه‌زرابوو، پێیانوت بچێته ئه‌و كۆنگره‌یه فه‌سڵت ده‌كه‌ین، به‌ڵام سووربوو له‌سه‌ر چوونی بۆ ئه‌و كرنگرهیه كه دواتر بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌ى دووربخرێته‌وه".
وتیشی: "ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستا هاتبوو بۆ به‌شداریكردن له‌و كۆنفرانسه كه یه‌كه‌مین كۆنفرانسی مامۆستایان بوو، بڕیاری ئه‌وه‌ی تێدا درا كه مه‌عاریفی كوردستان بكرێته ناوی ره‌سمی".
به‌وته‌ى د. كه‌مال غه‌مبار، ئه‌و سه‌رده‌مه حكومه‌ت له به‌غدا پێی‌خۆش نه‌بوو وشه‌ى كوردستان به‌كاربێت و ترسیان هه‌بوو، بۆیه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گۆرانی شاعیر چه‌ند جارێك ناوى كوردستانى له‌شیعره‌كانیدا به‌كارهێنا، له‌كاره‌كه‌ى دوورخرایه‌وه.