ئەمساڵ تەواوی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر بەفەرمی دەکرێتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


سه‌رپه‌رشتیاری گشتی دروستكردنی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، رایدەگەیەنێت: هەتا ئێستا بە تەواوی شەقامەکە تەواو نەبووە و کارکردن تیایدا بەردەوامە، چەند کارێکی کەمی ماوە، لەوانە رێکخستنی شەقام و تابلۆکان و بەشێکی کەم قیرتاوکردن و دانانی هێمای هاتووچۆ، بەڵام بەر لەهاتنی کۆتایی ساڵ بە یەکجاری شەقامەکە تەواو دەبێت.

سه‌رتیپ قادر، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی دروستكردنی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، رۆژی سێشەممە (١٠ ئەیلولی ٢٠١٩) بەدواڕۆژی راگەیاند "کارکردن لە شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر بەردەوامە و هەندێک کاری کەمی ماوە لەوانە هێماکانی هاتووچۆ و تابلۆکان و رێکخستنی شەقام و خولانەوەکان و بەشێکی کەمی قیرتاوکردن بەڵام هەرچۆنێک بێت‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واوی شه‌قامه‌كه‌ کۆتایی دێت بەفەرمی و بازنەکە به‌ ڕووی شوفێراندا دەكرێته‌وه‌.

وتیشی: "درێژییه‌كه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هەولێر كه‌ به‌ شێوه‌ی بازنه‌یی به‌ ده‌وری شارەکەدا دەخولێتەوە ٣٨ کم ئێستا ٢٨ کم بەتەواوی خراوەتە خزمەت شۆفیران، تەنیا ١٠كم ماوه‌، ئەویش به‌رده‌وام كاری تێدا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له ‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واوی بكه‌ن، تا كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واوی شه‌قامه‌كه‌ کۆتایی دێت و بە ڕووی شۆفێراندا دەكرێته‌وه‌".

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure