پۆست ناكۆكی ده‌خاته‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2019‌ :: 496‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌رپرسێكى یه‌كێتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ واژۆى له‌سه‌ركراوه‌ ته‌نیا بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگایه‌ نه‌ك دابه‌شكردنى پله‌ و پۆست به‌سه‌ر حیزبه‌كاندا، به‌رپرسێكى پارتیش هه‌ڵوێستى خۆیان روونده‌كه‌نه‌وه‌.


ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شاره‌زوورى یه‌كێتیى نشتمانیى كوردستان (ئەمڕۆ سێشەممە 10ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ واژۆى له‌سه‌ركراوه‌، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى ته‌نیا بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا پێوه‌ى پابه‌ندین و ئاماده‌نین پله‌ و پۆست ببه‌خشینه‌وه‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كانى دیكه‌دا له‌سه‌ر حسابى ئێمه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ده‌بێت پله‌ و پۆسته‌ ئیدارییه‌كانى هه‌موو شاره‌كانى كوردستان به‌یه‌ك چاو سه‌یربكرێن و ناكرێت ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك یه‌ك به‌رپرس یان قایمقام و به‌ڕێوەبه‌رى ناحیه‌مان نه‌بێت، به‌ڵام لێره‌ پله‌ و پۆست بده‌ینه‌ پارتى، بۆیه‌ هه‌ركات له‌و دوو پارێزگایه‌ پله‌ و پۆست درایه‌ یه‌كێتى، ئێمه‌ش ئاماده‌ین به‌هه‌مانشێوه‌ پله‌ و پۆست بده‌ینه‌ پارتى، بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نیا پابه‌ندى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ین.

هاوكات عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى سلێمانى - هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت: "ئێمه‌ وه‌ك پارتى هیچ كات به‌دواى پله‌و پۆستدا نه‌گه‌ڕاوین و زۆرجار له‌ پشكى خۆشمان خۆش بووین بۆ حیزب و لایه‌نى دیكه‌، بۆیه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ واژۆى له‌سه‌ركراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ روونى باس له‌ دابه‌شكردنى پله‌و پۆسته‌ ئیدارییه‌كانیش ده‌كات، دواى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كاتێك یه‌كێتى داواى پله‌ و پۆست ده‌كات له‌ هه‌ولێر و دهۆك له‌ به‌رامبه‌ر پێدانى پۆست له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارتى، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌یان له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ى واژۆى رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن، ده‌یانزانى كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك پۆست نادرێت به‌ یه‌كێتى، بۆیه‌ ئه‌و پله‌ و پۆستانه‌ى كه‌ بۆ پارتى دانراون زۆر له‌وه‌ كه‌مترن كه‌ ده‌بوو پێمان بدرێت، به‌ڵام له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ قبووڵمان كردووه‌.

به‌ گوێره‌ى ڕێككه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، پارتى داوایكردووه‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى به‌مۆى پێبدرێت تا ئه‌وكاته‌ى خورماڵ ده‌بێته‌ قه‌زا، پاشان قایمقامى قه‌زاى خورماڵ وه‌ربگرن، هاوكات سێ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیش به‌ مافى خۆیان ده‌زانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا سێ كورسییان بۆ دانراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە