له‌باره‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ماوه‌ چه‌ند داواكارییه‌ك دەخرێتەڕوو

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2019‌ :: 100‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

دواى سه‌ردانی كۆمه‌ڵه‌ى داكۆكیكار له‌ قوربانیانی ئه‌نفال بۆ وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و په‌رله‌مانى كوردستانیان، له‌ كۆنگرەیەكدا كۆمه‌ڵێك داواكاریان خسته‌ڕوو بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ماوه‌ له‌ داهاتوودا.


كۆمه‌ڵه‌ى داكۆكیكار له‌ قوربانیانی ئه‌نفال (ئه‌مڕۆ 10ى ئه‌یلولى 2019) له‌ سه‌ردانێكیاندا بۆ په‌رله‌مانى كوردستان داوایان كرد له‌داهاتوودا تیمه‌كانیان فراوان بكه‌ن و له‌ڕێگه‌ى حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌ كار بۆ دابینكردنى بودجه‌ى پێویست و ئامێرى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان بكه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ى داكۆكیكاران داواده‌كه‌ن هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌و مه‌رجه‌ بێت هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رایه‌تى (دادگاى لاهاى، دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ICC و رێكخراوه‌كان و ده‌رهێنه‌رانى فیلم ئاماده‌بن و كار بۆ به‌دۆكیومێنت كردنى تاوانه‌كه‌ بكه‌ن.

هاوكات داواى به‌په‌له‌ له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌كه‌ن ده‌ستبكات به‌ پشكنینى (DNA) بۆ سه‌رجه‌م وارسی ئه‌نفالكراوان به‌مه‌به‌ستى ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان.

له‌لایه‌كی تریشەوە داواده‌كه‌ن مووچه‌ى زیندانیانى سیاسى هاوتاى عیراق لێبكرێت و مووچه‌ و ئیمتیازاتى تاقانه‌كانیش دواى مردنی باوكیان دابین بكرێت.

له‌خاڵێكى ترى داواكارییه‌كانیاندا هاتووه‌: "هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرى (داد و ناوخۆ) بانگهێشتى په‌رله‌مان بكرێن و له‌سه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنى بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عیراق لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

هاوكات داواى دروستكردنى ده‌زگایه‌كى توێژینه‌وه‌ى زانستى و مۆنۆمێتێك بۆ مه‌زارى شه‌هیدان ده‌كه‌ن له‌ گه‌رمیان له‌گه‌ڵ چه‌ندین داواكاری تر.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure