داوادەکرێت گرێبەستی پێدانی عەریزەنووسین بەكۆمپانیا هەڵبوەشێندرێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/09/2019‌ :: 104‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهۆی زۆریی نرخەكەیەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای جێبەجێكار دەكات بۆ شێوازی عەریزەنووسین، داواش دەكات ئەو پڕۆسەیە بخرێتە كێبڕكێوە.

ماوەی نزیكەی مانگێكە نرخی نووسینی عەریزە لەفەرمانگەكانی دادنووس لە 2 هەزار و 500 دینارەوە بۆ 25 هەزار دینار زیادكرا كە ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو بوارە، ئێستا نرخەكە بۆ 15 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

ئەمڕۆ 10ی ئەیلولی 2019 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و میوانداری نوێنەری داواكاری گشتی سلێمانی و بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی دادنووسی سلێمانی و فەرمانگەی دادنووسی بەكرەجۆی كرد بۆ روونكردنەوەی ئەو پڕۆسەیە.

دوای كۆبوونەوەكە ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشنیاریان ئەوەیە ئەم گرێبەستەی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو كۆمپانیایە هەڵبوەشێتەوە و ئەگەر بشكرێت بەشێوازێكی دیكە گرێیبەستەكە بكرێت بەجۆرێك كێبڕكێ هەبێت، چونكە لەو كاتەدا بڕی پارەكە زۆر كەمتر دەبێتەوە، بۆیە داوا لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم  و وەزارەتی داد دەكەن پێداچوونەوەی تیادا بكەن.

ئازاد محەمەد روونیكردەوە: كاتێك عەریزەكە بە 25 هەزار دینار بوو، بڕی 2 هەزار و 500 دینار بۆ حكومەت بوو، بەڵام ئێستا كە بووەتە 15 هەزار دینار هیچ داهاتێكی بۆ حكومەت نییە و داهات بۆ كۆمپانیاكە دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەوان بەپێشنیار كۆی پرۆسەكە رەتدەكەنەوە.

سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەهەرێمی كوردستان 270 دادنووس هەیە و بەخەمڵاندنیان، رۆژانە نزیكەی حەوت هەزار مامەڵەی عەریزەنووسین دەكرێت، ئەگەر ئەو حەوت هەزارە بە 25 هەزار بكرێت و لەمانگێكدا 22 رۆژ كار بكرێت، ئەوا داهاتەكەی لەساڵێكدا دەكاتە 46 ملیار و 200 ملیۆن دینار، لەو 25 هەزار دینارەش بۆ هەر عەریزەیەك بڕی 2 هەزار و 500 دینار بۆ حكومەت و 2 هەزار و 500 دیناریش بۆ عەریزەنووسەكانە، بەڵام ئێستا كە بڕەكە بۆ 15 هەزار دینار كەمكراوەتەوە بڕەكەی دەكاتە 27 ملیار و 720 ملیۆن دینار، بەڵام كۆمپانیا هەیە بەهەرزانتر دەیكەن.

هەروەها دالیا ئازاد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەم سیستمە باشترە، چونكە رۆتین كەمدەكاتەوە و رێگری لەساختە دەكات، ئێستا نرخی عەریزەنووسین بووەتە 15 هەزار دینار، عەریزە نووس و كۆمپانیاكەش گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی زارەكی كە بەنرخێكی گونجاو گرێبەست بكەن.

ناوبراو وتی: "ئێمە پێمان باشە ئەم پڕۆسەیە هەڵنەوەشێتەوە، ئەگەر بزانرێت هاووڵاتی گلەیی لەنرخەكەیان هەیە ئەوا جارێكی دیكە پێداچوونەوە بەنرخەكەی بكرێت، چونكە پێشتریش كە دەوترا مامەڵەیەك 2 هەزار و 500 دیناری تێدەچێت، نزیكەی شەش هەزار دیناری تێدەچوو، بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك سكاڵاش بۆ لای دەستەی دەستپاكی بەرز كراوەتەوە، ئەوانیش لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیەدا دەكەن كە ئەوەیان پەیوەندی بەئێمەوە نییە".  

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure