زیانلێكه‌وتووانی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 11/09/2019‌ :: 105‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار

حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا سه‌رجه‌م ئه‌و هاووڵاتیانه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی رابوردوو له‌ پڕۆژه‌كانی نێشته‌جێبوون زیانی مادییان به‌ركه‌وتووه‌، به‌رپرسێكی وه‌به‌رهێنانیش ورده‌كاریی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ بۆ دواڕۆژ ئاشكراده‌كات.


زریان قادر، خه‌ونی ئه‌وه‌بوو دوای هاوسه‌رگیری بچێته‌ خانووی خۆیه‌وه‌، به‌ڵام ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌، نزیكه‌ی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆلاری داوه‌ته‌وه‌ پڕۆژه‌ی كانی ئه‌ڵمانی له‌ هه‌ولێر، بەڵام نه‌پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو كراوه ‌و نه‌پاره‌كه‌شی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئومێدی بۆ زریان گه‌ڕاندووەته‌وه‌ "بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون‌".

وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ له‌ به‌شداربووانی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون و ته‌واونه‌كردنی پڕۆژه‌كان، كێشه‌ی 10 هه‌زار هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ "پشكی شێر" به‌ر هاووڵاتیانی هه‌ولێر ده‌كه‌وێت. 

10  هه‌زار هاووڵاتی زیانی مادییان به‌ركه‌وتووه‌
به‌پێی ئامارێكی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران، له‌ هه‌رێمی كوردستان 10 هه‌زار وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌یه ‌و  له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا 183 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دروستكراون، به‌ڵام له‌و رێژه‌یه‌ ته‌نیا 63 هه‌زاریان راده‌ستی هاووڵاتیان كراون، هه‌روه‌ها 10 هه‌زار هاووڵاتی له‌ پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون زیانی ماددییان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ پشكی شێر به‌ر هاووڵاتیانی هه‌ولێر كه‌وتووه‌.

یاسین مه‌حمود، وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ كۆنفراسی بوژانه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر، رایگه‌یاند: نزیكه‌ی 15 پڕۆژه‌ی گه‌وره‌  شكستیان هێناوه ‌و خاوه‌نی زۆربه‌شیان هه‌ڵاتوون كه‌ پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی پۆلیسی ئینته‌رپوڵ داوا بكرێن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.

یاسین مه‌حمود، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پڕۆژەی نیشته‌جێبوون هەیە 100 ملیۆن دۆلار پارەی هاووڵاتیانی تێدا بەهەدەر چووە‌ و بەدەیان گرێبەستی وەهمی کراون، هه‌روه‌ها 100هەزار یەکەی نێشتەجێبوون کێشەی هەیە و زۆرینەی لە هەولێرە.

له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوودا، بە بەهای 51 ملیار و 560 ملیۆن دۆلار مۆڵه‌ت به‌ 873 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوه‌، كه‌ لەسەر رووبەری 64 هه‌زار و 979 دۆنم دووجا زه‌وی بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخانكراوه‌، هاوكات له‌م ماوه‌یه‌دا مۆڵه‌ت به‌ 873 پڕۆژه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان دراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ 119 پڕۆژه‌ هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌.

به ‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، له‌ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردوو به‌ سه‌رمایه‌ی 12 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون كراوه‌ و مۆڵه‌تی 450 پڕۆژه‌ دراوه‌، كه‌ 32 پڕۆژه‌یان له‌مساڵدا بووه‌ و 56 مۆڵه‌تیش هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌.

شێوازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هاووڵاتیان، سامان عەره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی بڕیارێكی نوێی سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رجه‌م كێشه‌ هونه‌ری و داراییه‌كانی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌رده‌كرێن، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و پڕۆژانه‌ی ته‌واو نه‌كراون ده‌درێنه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری دیكه‌و ئه‌و هاووڵاتیانه‌شی زیانی مادیان لێكه‌وتووه‌، قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌.
له‌باره‌ی شێوازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌، سامان عەره‌ب وتی: "به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌، له‌ هه‌مان پڕۆژه‌ یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی پێده‌درێته‌وه ‌و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی له‌سه‌ر زیاد ناكرێت و ده‌بێت پڕۆژه‌كه‌ بۆ هاووڵاتیان به‌هه‌مان ئه‌و كوالێتی و رووبه‌ر بێت كه‌ پێشتر گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كراوه‌، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنه‌ری نوێ هه‌ندێك ئیمتیازی له‌لایه‌ن حكومه‌ت پێده‌درێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت پڕۆژه‌كه‌ به‌ كوالێتی باش ته‌واو بكات".

ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ پڕۆژەی نیسته‌جێبوونی دەشتی بەھەشت له‌ هه‌ولێر ته‌واو نه‌كراوه ‌و ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ ته‌واوی راگیراوه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌ 427 ڤێلاو ھەزار و 228 شوققە پێکھاتووه‌، هاوكات پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیەستی لە 36 ڤێلا و 450 خانوو پێکدێت ‌و ده‌بوو له‌ 2014 ته‌واو بكرێت، به‌ڵام تائێستا ته‌واو نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها پڕۆژەی کانی ئەڵمانی كه‌ لە 320 خانوو پێکدێت و ده‌بوو 2011 ته‌واو بكرێت، به‌ڵام تائێستا ته‌واو نه‌كراوه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ تائێستا له‌ هه‌ولێر ته‌واو نه‌كراون، سامان عەره‌ب ده‌ڵێت: "كێشه‌ هونه‌رییه‌كانی زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌ولێر ته‌واو كروان، به‌ڵام سێ پڕۆژه‌ی هه‌ولێر (ده‌شتی به‌هه‌شت، كۆیه‌ستی و كانی ئه‌ڵمانی) له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ری دیكه‌ ده‌كرێت و ته‌واو ده‌كرێن".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ سێ وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌رچووه‌، هه‌روه‌ها خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ده‌شتی به‌هه‌شت به‌ غیابی بە 140 ساڵ زیندانی حوكم دراوه،‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی شوێنه‌كانیان نادیاره‌ بۆیه‌ تائێستا نه‌تواندراوه‌ له‌رێگه‌ی پۆلیسی ئینته‌رپۆڵه‌وه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌ولێر.

"چیتر زه‌وی به‌ پاره‌یه‌كی ره‌مزی نادرێته‌ وه‌به‌رهێنه‌ران"
موخڵیس سه‌لیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یاسایی و كارگێڕی و دارایی له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌وه‌، ماوه‌ی 15 رۆژمان دیاریكردووه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌به‌هێنه‌ری دیكه‌ی پڕۆژه‌كانی ته‌واو بكات، ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ 18 ئه‌م مانگه‌ ته‌واو ده‌بێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕێین وه‌به‌رهێنه‌ری دیكه‌ بێنه‌پیێشه‌وه ‌و پڕۆژه‌كان ته‌واو بكه‌ن، چونكه‌ چیتر چاوپۆشی له‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌ك ناكرێت كه‌ تێدا هاووڵاتیان زه‌رمه‌ند بن.
ئاگادارییه‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌، وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر له‌ زاری محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌رهێنانی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌: لەمەودوا ئەوە نەما بەرپرسی حیزبی بەئاره‌زووی خۆی لە کوردستان زەوی لەگرانترین شوێن پێبدرێت بەناوی وەبەرهێنان و دواتر زەوی و پڕۆژەکەی دەیان دەستبکات و هەریەکێک پارەیەکی خەیاڵی قازانج بکات و زەویەکەش بەپارەیەکی رەمزی وەربگرن.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure