ڤەیپ.. ژەهرێكی شیرین، به‌ڵام بکوژی گەنجان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 566‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


ڤەیب داهێنراوێکی نوێی جگەرەیە و بە جگەرەی ئەلیکترۆنی ناو دەبرێت، ڤەیپ Vape بریتییە لە ئامێری گەیاندنی ئەلیكترۆنی نیكۆتین  ENDS كه‌ شلە گەرمدەكات و بە شلەی ئەلیكترۆنی e-juice  ناسراوە تا دەبێتە هەڵم و بۆ كێشان ئامادە دەبێت.

ڤه‌یپ بەهەمان شێوەی نێرگەلە و جگەرە دووکەڵی هەیە، ئێستا لەسەرانسەری جیهان بڵاوە جگە لەوەی بەردەوام هۆشداری دەدرێت کە مەترسی زۆری هەیە لەسەر مێشک و هەناسە و دڵ و سنگ و سییەکان و بەرگری لەش و کۆئەندامی هەناسە و قوڕگ و خانەکانی لەش.

مێژووی ڤەیپ هەر لەسەرتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابوردووه‌وه‌ پەرەی پێدراوە بەشێوەی جۆراوجۆر و لە ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٥ هیربریت گالیبێرتی بریتانی هەوڵی ئەوەیدا بەشێوەیەکی جیاواز جگەرەی ئەلیکترۆنی بەرهەمبهینێت، بەڵام وەک پێویست نەبوو.

جگە لەوەی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا رووبەڕووی رەخنە و دژایەتی بۆوە بەوەی خراپ بەکارهێنانی توتنه‌ لەژیانی مرۆڤدا، پرۆسەکە قۆناغ بەقۆناغ بەردەوام بوو
ساڵی ٢٠٠٠ کۆمپانیایەکی چینی لەڕێی دەرمانسازێک بەناوی هۆن لیک یەکەمین جگەرەی لەیکترۆنی بە باتری بەرهەمهێنا، بەڵام باش نەدەسوتا و دواتر لەساڵی ٢٠٠٦ یەکەم وەجبەی ئەو جگەرەیە لەلایەن رویان گروپی چین-ی خرایە بازاڕه‌وه‌ و خواستی لەسەر بوو، دواتر و ساڵی ٢٠٠٧ یەکەم وەجبەی ئەو جگەرەیە هەناردەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا كرا و لەم چەند ساڵەی دوایش جۆر و شێوەی نوێ و دیزاینی جیا و رەنگی جیاوازى تێدا كرا و ئێستا ٢٤ جۆر و تامی هەیە.

پزیشکێکی دەرمانساز باس لە خراپییەکانی ڤەیپ دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە کە ئەم ڤەیپە لەکوردستان چاودێری توندی لەسەر نییە، لەکاتێکدا زیانەکانی وەک جگەرەن و کەمتر نین و بگرە خراپتریشە، چونکە کارلێکی کیمیاوی نێوان ئاگر و دەرمانه‌ و لەڕێی شەحنی باترییەکەوە کە ماددە کیماوییەکان دەکات بە دووکەڵ، به‌رهه‌مهێنراوه‌".

دکتۆر ریاز محەمەد، پزیشکی دەرمانساز بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "خراپییەکانی ڤەیپ ئەوەیە خانە بەرگرییەکانی لەش و سییەکان گرفتی بەرگریکردنیان بۆ دروستدەبێت بەئاسانی رێگەیان دەدا بۆ توشبوون بەهەوکردن و بەرگی ڤایرۆسی و نەمانی بەرگری کۆئەندامی بەرگری لەش و سییەکان و جگەر و سوڕی خوێن بەجۆرێک مێشک توانای وەرگرتن وشیکردنەوەی داتاکانی لەشی نابێت و توشی بەریەکكەوتنی بەرگری دەبێت و مرۆڤەکە بە ئاسانی توشی نەخۆشی دەبێت".

دەشڵیت: "شلەی ڤەیپەکان بڕێکی زۆری کانزا و ماددەی کیمیاوی تێدەکرێت و وادەکات بسووتێن و کارلێک بکات و ببن بەهۆکاری شێرپەنجە کە نیکل و کرۆم و قورقشم و ئاسنە و دواتر دەبن بە ماددەی زەرنیخ كه‌ ماددەیەکی کوشندەیە و تەنیا بەئاگر دروستدەبێت و خەڵک وادەزنن زیانەکەی کەمە، بەڵام نەخێر بەهیچ جۆرێک وانییە و ئەو زەرنیخە ماددەیەکی ژهراوەییە". 

هەفتەی رابوردوو پێنجەم حاڵەتی مردن لە ئەمریکا بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنی تۆمار کرا، بەفەرمیش سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، داوایكرد خەڵک دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی ڤەیپ، چونکە ئەم هەفتەیە پینجەم حاڵەتی مردن بەهۆیەوە تۆمارکراوە کە سییەکانی وەستاوه‌ و جگەریان تووشی لەناوچوون بووە.

زۆر کەس بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەبری جگەرەی ئاسایی بە تەندروست تر دەزانن، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێیانوایە، کاریگەرییە خراپەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هێواش هێواش دەردەکەون و ئەویش هیچی کەمتر نییە لە زیانەکانی جگەرەی ئاسایی، بروا رەسوڵ گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵەیە و بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "من نزیکەی ٧ ساڵ جگەرەم کێشا و ماوەی ٤ مانگە ڤەیپ بەکاردەهێنم و پێموایە زیانەکانی لە جگەرەی کاغەز و توتن کەمترە، بەڵام بەراستی من هیچ هەستم بە باشتربوون بۆ تەرک كردنی یەکجاری جگه‌ره‌ نەکردووە، هەر وەک خۆیەتی و بگرە زیاتریش پێیەوە ئالوودەبووم".

بروا بۆ دواڕۆژ دەڵێت:' جیاوازیەکەی لەگەڵ جگەرە ئەوەیە جۆرەها تامی هەیە ، دووکەڵی زیاترە و ئامادەکراوی خۆتە چ تامێک دەکێشی و هەروەها بۆهەمووشوێنێک بێ کێشەیە بۆیە من بەو نیازە کردیم کە بتوانم وازی یەکجاری لە دووکەڵ بهێنم و بڕٶمە دەرەوە لەو وەزعە بەڵام هیچ نەگۆراوە وبگرە زیاتر ئاولودە بووم".

تۆماس سوسان، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و توێژەر لە زانکۆی جۆن هۆپکینز، کە لەسەر مشک ئەنجامیانداوە، دەڵێت: "هەڵمی جگەرە ئەلیکترۆنییەکە هەندێک زیانی بە شانەکانی سییەکانى گەیاندووه‌ و ئەگەری هەوکردنی زیادکردووه‌، بەڵام لەوانەی جگەرەی ئەلکترۆنییان کێشا و پاشان تووشی هەوکردنی بەکتریایی و ڤایرۆسیی سییەکان بوون، زیانەکان لە سییەکاندا بەرچاوتر بوون بەراورد بەوانەی هیچ جگەرەیەک ناکێشن".

هەرلەبارەی ئەنجامەکەوە دەڵێت: "بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، چونکە ماوەکەی زیاترە و درێژترە و دووکەڵەکەی زیاترە، توانای سییەکان بۆ کردنە دەرەوەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان کەمدەکاتەوە، بۆیە دەبێتەهۆی سەختتربوونی پەتاکان لەوانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشن".

ئێستا لەشاری هەولێر ژمارەیەک دووکانی ڤەیپ فرۆشتن هەن کە لەپاڵ جگەرە ڤەیپیش دەفرۆشن و خاوەن دووکانێک باس لە جۆر و شێوازەکانی دەکات دەڵێت: "ماوەی نزیکەی ساڵێکە دەیانفرۆشین و لەبنەڕەتدا ٢٤ جۆر و تامی هەیە، بەڵام ئیمە تەنیا ١٣ تاممان هەیە و لەگەڵ ١٨ دیزاین و مارکەی جیاواز و بەپێی خواستی کەسەکە ده‌یفرۆشین".

دەشڵێت: "ڤه‌یپ سێ جۆری هەیە، ٤٠ دۆلاریی و ٦٠ دۆلاریی و ١٠٠ دۆلاریی و دەرمانەکانیشی لەنیوان ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار دینارە و وەک کارتۆنی توتن هەیە خۆیان لەلای خۆیان ئەو کەسەی دەیکڕێت پڕیدەکاتەوە و بەکاریدەهێنیت، دەرمانەکە ئامادەکراوە لەژێر رێنمایی  وەزارەتی تەندروستی و ئەگەر ئەوان رێگە نەدەن، ناتوانین بیفرۆشین وهاوردەی بکەین ئێمە تەنیا دەیفرۆشین ئەگەر قەدەغە بوایە نه‌مانده‌توانى بیده‌ینه‌ خه‌ڵك".

رێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) زانیاری مەترسیدار لەبارەی بەکارھێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بڵاودەکاتەوەو لە نوێترین راپۆرتیشدا کە مانگی رابردوو بڵاویکردەوە ھۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت "بەکارھێنەرانی ئەو جۆرە جگەرەیە رووبەڕووی ژەھرخواردن دەبنەوە و مەترسی تەواو لەسەر ژیانیان هەیە".

هەر کەلوپەل و ماددەیەک رێکخراوی تەندروستی جیھانی  (WHO)قەدەغە یان باسی زیانەکانی بکات وەزارەتی تەندروستیش قەدەغەی دەکات،  بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ساڵی ٢٠٠٨ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی هاورەدەکردنی ئەو جگەرەیەی قەدەغە کردووە کەبەهۆی مەترسی و زیانەکانییه‌وه‌ نابێت هاوردە بکرێت، بەڵام هەر هاوردەکراوە".

دکتۆر خاڵس ئەحمەد، وتیشی: "ئێمە دەزانین زیانی هەیە و دەبێت هاوڵاتیان دوور بکەونەوە لەبەکارهێنانی و زیانەکانی کێشانی زۆرە و هۆکاری سەرەکییە بۆ شێرپەنجە و مەترسیداریشە و رەنگە لەهەر ئەگەرێکدا بەهۆی کارلێکەوە بتەقێت و کەسەکە تووشی سووتانی دەموچاو یا کوێربوونی بکاتەوە".

وتیشی: "ماوەی چەند ساڵێکە سەرپەرشتیکردنی ئەو جگەرەیە و هی تریش دراوەتە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی یان رێگەنەدانی و ئەوان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن".

سەبارەت بەو پرسە دواڕۆژ پەیوەندی کرد بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەڕێوەبەر و بەرپرسانی وەزارەتەکە بەبیانووی قەدەغه‌کردنی لێدوانی فەرمی لەلایەن وەزیری پلاندانەوە ئامادە نەبوون هیچ قسەیەک لەوبارەیەوە بکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دواڕٶژ ئەو جگەرەیە لەڕێگه‌ی کوالێتی کۆنترۆڵه‌وه‌ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هاوردەکردنی قەدەغە نییە و تەنیا چەند جۆرێکی رێگری لیدەکرێت کە مەرجی ئەوەی تیادا نییە ئەسڵی بن و ئەگەر نا سەرجەم جۆرەکانی هاوردە دەکرێن.

هەروەها دواڕۆژ ئەوەشی زانیوە، کە ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەمریکی و بریتانی و چینین و لەڕێگه‌ی فڕۆکەخانەکانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن.  

پێداچوونه‌وه‌: ئارام غه‌فور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure