ساڵانە 800 هەزار كەس لە جیهان خۆیان دەكوژن

هەواڵ / کوردستانی :: 11/09/2019‌ :: 149‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی خۆكوشتن سیمینارێك لەلایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ خانەوادە و كەسوكاری كوژراوان بەڕێوەچوو كە تیایدا هۆكارەكانی خۆكوشتن و چۆنیەتی ڕێگریكردن لەو دیاردەیە خرایەڕوو.


لەو سیمینارەدا كە ژمارەیەك بەرپرسی پەیوەندیدار بەو بابەتە ئامادەی بوون، پەخشان كاكەوەیس سەرۆكی ڕێكخراوی ئەژی بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی خۆكوشتن (رۆژی 10ی ئەیلولی 2019) بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئەگەرچی داتایەكی وردیان لەبارەی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان لانیە، بەڵام كوشتن و حاڵەتەكانی خۆكوشتن زیادیان كردووە هۆكارەكەشی بۆ بیركردنەوەی كەسەكان گێڕایەوە كە قبوڵی كێشەكان یاخود توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ژیاندا نییە.

 

لای خۆشیەوە رێزان رەشوانی، بەڕێوەبەری تەندروستی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی: "ساڵانە نزیكەی 800 هەزار كەس لە جیهان خۆیان دەكوژن، بەڵام عێراق لەو ئامارەدا ڕێژەیەكی كەمی بەردەكەوێت ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە".

وتیشی: "لەساڵی 2015 لە عێراق  1.6 كەس خۆی كوشتووە و لەساڵی 2016 بووەتە 1.7 كەس و لەساڵی 2017 بۆ 2018  ڕێژەكە بووەتە 1.9 كەس، بە وتەی خۆی ئەمەش ڕێژەیەكی كەمە لەچاو وڵاتان، بەڵام مانای ئەوە نییە هیچ كارێك بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە ئەنجام نەدەین، بەڵكو دەبێت كار بۆ كەمكردنەوەی بكەین".

ڕێزان رەشوانی وتیشی: "هۆكارەكان زیاتر پەیوەندییان بە تێكچوونی بارودۆخی دەروونی كەسەكانەوە هەیە كە لەو حاڵەتەدا كەسەكە كۆنترۆڵی خۆی لەدەستدەدات و پەنا بۆ خۆكوشتن دەبات".

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوانەی خۆیان دەكوژن زیاتر گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 27 ساڵی دایە، بۆیە پێویستە لەسەر خێزانەكان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رۆڵەكانیان بكەن.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure