ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێكی بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 31191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

دواى 40 رۆژ له‌ راگرتنى خه‌رجى و نه‌سریه‌ى مانگانه‌ى دیوانى وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى پێداچوونه‌وه‌، دواجار گۆڕانكارى به‌سه‌ر خه‌رجى و نه‌سریه‌ى هەموو وه‌زاره‌ته‌كاندا هات.


دواى ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 30ی ته‌مموزى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بڕیاردرا به‌ رێكخستنه‌وه‌ى داهاتوو خه‌رجى وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌ به‌ستراو و نه‌به‌ستراوه‌كان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌ن، سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران خشته‌ى نوێى خه‌رجى و نه‌سریه‌ى مانگانه‌ى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانى سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى دیاریكرد.

له‌ كابینه‌ى رابوردووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، خه‌رجى و نه‌سریه‌ى مانگانه‌ى گشت دیوانى وه‌زاره‌ته‌كان (15) ملیۆن دینار بوو، به‌ڵام به‌پێى بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ خه‌رجى و نه‌سریه‌ى مانگانه‌ی دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران مانگانه‌ كراوه‌ته‌ (25) ملیۆن و خه‌رجى و نه‌سریه‌ى وه‌زیر و سه‌رۆكى ده‌سته‌كان له‌ نێوان (5 بۆ 15) ملیۆن دینارى مانگانه‌یه‌، به‌مشێوه‌یه‌: وه‌زاره‌تى دارایى و سامانه‌ سروشتییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ (15) ملیۆن دیناره‌ و دواتریش وه‌زاره‌ته‌ گه‌وره‌كانى وه‌كو په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا و كشتوكاڵ (11) ملیۆن دینار، وه‌زاره‌ته‌ بچووك و ده‌سته‌كانیش (5 بۆ 10)  ملیۆن دیناره‌ به‌پێى شوێنه‌كه‌.

رۆژی 30ی ته‌مموز ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وە، تەوەرێکی  کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری، بڕیاردرا هەموو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەکانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، پێداچوونەوەش بە خەرجییەکانی هەر وەزارەتێکدا بکرێت و دواتر بەپێی پێویستی و تایبەتمەندی، پێداویستی خەرجییەکانی هەر وەزارەتێک دابین بکرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure