هۆشدارى ده‌درێته‌ فه‌رمانبه‌ران

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 12187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

دواى ئه‌وه‌ى له‌ شارى كه‌لار له‌ به‌رامبه‌ر پێدانى فۆرمى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون پاره‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌رگیراوه‌، ئیداره‌ى گه‌رمیان هۆشدارى ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ ئه‌و فۆرمه‌ له‌ كه‌س وه‌رنه‌گرن و ته‌نیا یه‌كێتیى فه‌رمانبه‌ران بۆى هه‌یه‌ فۆرم دابه‌ش بكات. 


رزگار وه‌هاب، سه‌رپه‌شتیارى دابه‌شكردنى فۆرمى نیشته‌جێبوون له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زانیارییان پێگه‌یشتووه‌ چه‌ند لایه‌نێك  له‌به‌رامبه‌ر پێدانى فۆرمى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون پاره‌یان له‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌رگرتووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و فۆرمه‌ بێبه‌رامبه‌ره‌ و ئه‌و كاره‌ پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌. 

وتیشى: "فه‌رمانبه‌ران ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ دابەشكردنی فۆرمەكان لەلایەن یەكێتیی فەرمانبەرانەوە بەشێوەیەك دەبێت كە بەسەر نوێنەری سەرجەم فەرمانگەكانی سنووری قەزای كەلاردا دابەش دەكرێت و بەبێ بەرامبەر دەبێت، واتا هیچ بڕە پارەیەک لە فەرمانبەر وەرناگیرێت لەکاتی وەرگرتنی فۆرمەکە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هیچ كەس و لایەنێك بۆى نییە پارە وەربگرێت لەبری پێدانی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوونی فەرمانبەران لەقەزای كەلار و هه‌ر لایه‌نێك پارەی وەرگرت  ئاگادارمان بكەنەوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌ گه‌ڵدا بكه‌ین. 

رزگار وه‌هاب باسیشى له‌وه‌كرد: له‌ دوو پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ كه‌لار نزیكه‌ى سێ هه‌زار و 200 خانوو بۆ فه‌رمانبه‌ران دروست ده‌كرێت كه‌ ژماره‌یه‌كیان شوقه‌یه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure