شاسوار عه‌بدولواحید ده‌برێته‌وه‌ به‌رده‌م دادگا و پۆلیسی سلێمانى

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2019‌ :: 664‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دوو كه‌یس كه‌ له‌سه‌ری بوونه‌ته‌ سكاڵا، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ئه‌مڕۆ 10ی ئەیلولی 2019 چووه‌ به‌رده‌م دادگا و پۆلیسی سلێمانى.


ئاسۆ شێخ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانى به‌دواڕۆژی وت: "شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر داوای دادوه‌ر بانگهێشت كراوه‌ و چووەته‌ بنكه‌ى پۆلیسی ئه‌زمڕ له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌".

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى پۆلیسی سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌مڕۆ شاسوار عه‌بدولواحید خۆی چووەته‌ به‌رده‌م بنكه‌ى پۆلیسی ئه‌زمڕ و كه‌یسێكی هه‌بووه‌، دواتر به‌ سپارده‌ ئازاد كراوه‌".

وتیشی: "هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن بنكه‌ى پۆلیسی سه‌یوانه‌وه‌ له‌سه‌ر سكاڵای خاوه‌ن پشكه‌كانى چاڤی لاند بانگهێشت كراوه‌ و ئیستا له‌وێیه‌ و دادوه‌ر پاش وه‌رگرتنى وته‌كانى، چاره‌نووسی یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌".

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیشی بۆ به‌رده‌م بنكه‌ى پۆلیسی سه‌یوان، ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن پشكه‌كان گردبوونه‌وه‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر مافه‌كانیان كه‌ نه‌یان دراوه‌تێ.

 

داڕشتنه‌وه‌: ئارام غه‌فور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure