ناونیشانی پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی نه‌وزاد هادی ئاشكراكرا

هەواڵ / کوردستانی :: 10/09/2019‌ :: 7984‌ جار بینراوە
نه‌وزاد هادی

تاگ :: هەولێر

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

نه‌وزاد هادی پارێزگاری پێشووی هه‌ولێر دوای ماڵئاواییكردنی له‌ پۆستی پارێزگار، پۆستی راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمى پێده‌درێت.


دوای 16 ساڵ مانەوەى له‌ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلولى 2019) دوایین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ قائیمقام و به‌ڕێوەبه‌ره‌كانی سنووری هه‌ولێر ئه‌نجامدا و وابڕیاریشه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ شوێنی ئه‌و فرسه‌ت سۆفی به‌پێی یاسای نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ستبه‌كاربێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، فه‌رمانی پۆستی نوێی نه‌وزاد هادی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و پۆسته‌كه‌شی راوێژكاری نێچیرڤانه بارزانییە بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

هەر به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ دوای پڕۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر، گۆڕانكاری له‌ 78 پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتی و به‌ڕێوبه‌ری ئاسایی له‌ سنووری هه‌ولێر ده‌كرێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نه‌وزاد هادی رایگه‌یاند: فرسه‌ت سۆفی كاندیدی پارتیه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر و پیرۆزبایی لێده‌كه‌م.

پارێزگاری هه‌ولێر، سوپاسی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌رپرسانی ئیداره‌ و خه‌ڵكی شاری هه‌ولێری كرد كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هاوكاری بوون.

لای خۆیه‌وه‌ کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: كاندیدی نوێی پارتی بۆ پۆستی پارێزگار فرسەت سۆفییه‌، دوای دەستبەکاربوونی نەوزاد هادی لە پۆستە نوێیه‌كه‌ی، جێگری پارێزگار دەسەڵاتی پارێزگاری دەبێت، تاوه‌كو رێوشوێنه‌ ئیداری و یاساییه‌كان ته‌واوده‌بن.

ئاشكراشیكرد: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئه‌نجومه‌ن به‌ر له‌ 48 كاتژمێر له‌ وادەی کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی پارێزگار فراكسیۆنی پارتی ناوی كاندیدی خۆی پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات و پاشان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure