خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌ڵێت ده‌یانباته‌ سوریا
رێگرى دەکرێت ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل بهێنرێنه‌ هه‌رێم

هەواڵ / ئابوری :: 10/09/2019‌ :: 124‌ جار بینراوە

تاگ :: بازرگانی

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ مه‌رزى په‌روێزخانى نێوده‌وڵه‌تى رێگرى له‌ نزیكه‌ى 30 ئۆتۆمبیل ده‌كرێت بهێنرێنه‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ و لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریش ده‌ڵێت: "مۆدێلیان نزمه‌ و به‌پێى رێنماییه‌كان رێگه‌پێدراو نین". 


ئارام سایه‌خان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى دوو رۆژه‌ له‌ مه‌رزى په‌روێزخان رێگرى كراوه‌ له‌ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگر كه‌ نزیكه‌ى 30 ئۆتۆمبێلیان باركردووه‌.

وتیشى: "هۆكارى راگرتنى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وە هه‌یه‌ به‌پێى رێنماییه‌كان ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت ده‌بێت مۆدێلیان له‌ 2018 به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ له‌ 2018 به‌ره‌و خواره‌وه‌ن". 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "فشار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ به‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بدرێت، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانى مه‌رزه‌كه‌ داوایان كردووه‌، فه‌رمانى وه‌زاره‌ت بهێنن، چونكه‌ خاوه‌نى ئۆتۆمبێله‌كان بیانووى هێناوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى بۆ وڵاتى سوریایان ده‌بات.

 

رۆژی 2ی ئایاری 2019، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیدا کە لێدراو، چاککراو و ژێرئاوکەوتوون و هاوردە دەکرێن بۆ ناوەوەی هەرێم، بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ فەرمانەکە لە رۆژی 1ی تەمموزی 2019وە کاری پێدەکرێت.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure