پارتى و یه‌كێتی له‌سه‌ر دروستكردنى لیستێكى هاوبه‌ش رێككه‌وتوون

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2019‌ :: 630‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر


پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك و موسڵ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان رێكکه‌وتوون و وابڕیار‌ە له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ كۆببنه‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌، 9ى ئه‌یلول، هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كى مه‌بده‌ئى رێككه‌وتوون كه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى كه‌ركوك و موسڵ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكه‌ن.

له‌ چه‌ند رۆژى داهاتووشدا دووباره‌ مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا و ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى و یه‌كێتیى كۆده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى به‌شداریكردنى لایه‌نه‌ كورده‌كانى كه‌ركوك و ناوى لیسته‌كه ‌و ناوى كاندید و چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له‌نێوان هه‌ردوولا.

دواڕۆژ زانیویه‌تى، پارتى و یه‌كێتى بڕیاریانداوه‌ به‌ فه‌رمى داوا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بكه‌ن تا بێنه‌ ناو لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ و هه‌ردوولاش كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆكى لیستى كوردستانى له‌ پارێزگاى موسڵ پارتى بێت و له‌ پارێزگاى كه‌ركوكیش یه‌كێتیى بێت و ژماره‌ى كاندیده‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مایى نفوز و ده‌نگى به‌ده‌ستهاتووى ئه‌و هێزانه‌ بێت له‌و ناوچانه‌ به‌ڕه‌چاوكردنى پێگه‌ى سیاسى و به‌شێوازى سازان.

كاكه‌مین نه‌جار، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانی عێراق له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان یه‌ك هه‌ڵویست بن و یه‌ك لیستیان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ى ده‌نگى كورد له‌و ناوچانه‌ به‌ هه‌ده‌ر نه‌ڕوات، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغى قسه‌كردن له‌ ناوى لیسته‌كه ‌و لۆگۆ و ناوى كاندید و لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كان".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: نوێنه‌رانى پارتى له‌ لیژنه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك گفتوگۆكانیان ته‌واو كردووه‌ و راپۆرتى خۆیان پێشكه‌شى مه‌كته‌بى سیاسى كردووه‌و دواى ئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌كان پارتى به‌ فه‌رمى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك.

وتیشى: "چاوه‌ڕێى دانیشتنى 16ی ئه‌یلولی دادگایى فیدراڵى ده‌كه‌ین له‌باره‌ى ئه‌و مادانه‌ى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، كه‌ تانه‌مان لێداوه‌ و پێمانوایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسى چۆنیه‌تى ده‌نگدانى ئاواره‌كانى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان".

به‌پێى بڕیاری په‌رله‌مانى عێراق له‌ مانگى نیسانى ساڵى داهاتوو، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق ئه‌نجامده‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئارام غه‌فور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure