نوێترین زانیاری له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ناحیه‌ى خورماڵ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 499‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌ سه‌عید

دوای ئه‌وه‌ی دره‌نگانێكی شه‌وی رابوردوو له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌ بۆمبى ده‌ستی هێرشكرایه‌ سه‌ر بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ و بنكه‌ی پۆلیسی خورماڵی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌رپرسانی پۆلیس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ بۆمبه‌كه‌ ده‌نگی بووه‌ و دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌رى كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌ش هێرشه‌كه‌ به‌ "تیرۆریستى" ده‌زانێت.

رائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابوردوو بۆمبێكى ده‌ستی فڕێدرایه‌ ناو بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ و پۆلیسی خورماڵ، پاش ته‌قینه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه‌، راسته‌وخۆ دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌مان بۆ كردووه‌ته‌وه‌".


وتیشى:"به‌دواداچوونه‌كانمان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی كه‌سی تۆمه‌تبار".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، ئه‌و بۆمبه‌ى شه‌وی رابوردوو فڕێدرایه‌ ئه‌و بینا حكومییه‌وه‌ بۆمبێكى ده‌نگی بووه‌، دوای ته‌قینه‌وه‌شی زیانی به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆی هۆندا گه‌یاندووه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحییه‌ی خورماڵ راگیراوه‌ و بووه‌ته‌ هۆی شكاندنی جامه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌.

عوسمان شارباژێری، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی خورماڵی سه‌ر به‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی وت:"ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ شه‌وی رابوردوو كرایه‌ سه‌ر بینای ناحیه‌ و پۆلیسی خورماڵ به‌ هێرشێكی تێكده‌رانه‌ و تیرۆریستانه‌ی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین و ئه‌نجامده‌رانی مه‌به‌ستیانه‌ ئارامی و هێمنی ناوچه‌كه‌ تێكبده‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌ له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قه‌بوڵ ناكه‌ین".

 
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی خورماڵ وتیشى:" له‌ ئێستادا په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك درێژ ناكه‌ین تا ئه‌و كاته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانمان كۆتاییان دێت و ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ی كه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن ئه‌نجامێكیان به‌رده‌ست ده‌كه‌وێت".
له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ هێرشی له‌و جۆره‌ بكرێته‌سه‌ر هه‌مان بینا به‌ڵام جاری یه‌كه‌م نارنجۆكه‌كه‌ نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌ .
پێداچوونه‌وه‌:ه.ق 
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure