دانا عەبدولکەریم: هێڵی شەمەندەفەر لە خەیاڵەوە دەکەین بە راستی

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1213‌ جار بینراوە
دانا عه‌بدولكه‌ریم

دواڕۆژ، سامان قوبادى

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا باس لە خراپی رێگاوبانەکانی کوردستان و نوێترین بڕیارەکانی وەزارەتەکەی دەکات، دەشڵێت: "له‌ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌ راستى، هاووڵاتیش ناحه‌قی نییە باوه‌ڕ به‌مه‌ نه‌كات".


دواڕۆژ: له‌ رابوردوودا به‌رده‌وام ره‌خنه‌ى توندتان له‌و لایه‌نانه‌ گرتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كێشه‌ى رێگاوبان، ئێستا كه‌ وه‌زیرى ئه‌م وه‌زاره‌ته‌یت ده‌ته‌وێت چى بكه‌یت؟ هێڵه‌گشتییه‌كانى ئه‌و پلانه‌ى بۆ چوارساڵى داهاتوو داتناوه‌ چین؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن چه‌ند ئه‌ركێكى گرنگى له‌سه‌ر شانه‌، له‌وانه‌ رێگاوبانه‌كانى نێوان شاره‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، له‌ئێستاشدا دۆخى رێگاوبانه‌كان له‌ئاستى داخوازى خه‌ڵك و وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا نییه‌، ئێمه‌ سه‌رقاڵى ته‌واوكردنى به‌رنامه‌ى چوار ساڵى داهاتووى وه‌زاره‌تین، به‌پێى ئه‌م پلانه‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كانى نێوان شاره‌كان له‌ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا دووسایدكردنى ته‌واو بكرێن به‌پێى مه‌رجه‌ ئه‌ندازیارییه‌كان، ئه‌ركێكى تر دروستكردنى رێگاى هاتوچۆى خێرایه‌ له‌نێوان شاره‌كان، ئه‌مه‌یان له‌رێگه‌ى وه‌به‌رهێنه‌ره‌وه‌ ده‌یكه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كۆمپانیا رێكبكه‌وین به‌شێك له‌ داهاتى پرۆژه‌كه‌ كه‌ پاره‌یه‌ له‌و شۆفێرانه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ رێگه‌كه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ کۆمپانیاکە بێت.

دواڕۆژ: به‌ دووساید كردن ته‌نیا شاره‌ گه‌وره‌كان ده‌گرێته‌وه‌؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له‌ به‌رنامه‌كه‌دا تیایه‌تى نێوانى هه‌موو شاره‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێم ده‌كرێن به‌ دووساید، جگه‌ له‌وه‌ هه‌ر قه‌زایه‌كى تر هاتوچۆى زۆرى له‌سه‌ر بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌ رێگاى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كه‌دا ده‌بێت.

دواڕۆژ: رێگاكانى چوارتا – باسنێ، هه‌ڵه‌بجه‌ - سلێمانى، یه‌كه‌ نیشته‌جێیه‌كانى سیته‌ك و زڕگوێز له‌ سلێمانى، كه‌ى ته‌واو ده‌كرێن؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: بۆ رێگه‌ى چوارتا – باسنێ تیمه‌كانمان راسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێش وه‌رزى زستان ئه‌وه‌ى پێمان ده‌كرێت ئه‌نجامى بده‌ین، تایبه‌ت به‌ رێگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ – سه‌یدسادق له‌ 95%ى كاره‌كانى ته‌واوبووه‌ و خۆشم سه‌ردانم كردووه‌، له‌ سێ هه‌فته‌ى داهاتوودا به‌شى زۆرى كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ته‌واوده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌ یه‌كه‌كانى سیته‌ك و زڕگوێز كار له‌ ته‌واوكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ده‌كرێت، به‌ ته‌واوبوونى لیژنه‌ى تایبه‌ت دابه‌شى ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى شایسته‌ن.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆ ئه‌م زستانه‌ هاووڵاتییان بێخه‌م بن له‌ رێگاوبانه‌كان؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنى 33  ملیار دینار بۆ چاككردنه‌وه‌ى رێگاوبانه‌كانى ده‌ره‌وه‌، سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌ میكانیزمێكى خێرا ئه‌و پاره‌یه‌ بخه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌پێى ده‌رخسته‌كان، دهۆك 10 ملیار دینار، هه‌ولێریش 10 ملیار دینار، هه‌روه‌ها سلێمانى 13 ملیار دینارى بۆ ته‌رخانده‌كرێت، پرۆسه‌ی چاككردنى رێگاوبانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێگر و وه‌زیره‌كانى لاى خۆى هێشتووه‌ته‌وه‌، تاچه‌ند ده‌توانیت موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانت بكه‌یت؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: تائێستا بارودۆخى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم ئاسایى نه‌بووه‌ته‌وه‌، بودجه‌ى پێویست له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ وه‌ستاوه‌كان به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانیشمان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و چووه‌ته‌وه‌ لاى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ڵام له‌ كابینه‌ى هه‌شتدا ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌، كۆمه‌ڵێك بڕیارى نوێ درا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى تا داهات زیادبكرێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌توانێت له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پاره‌ و پرسه‌ داراییه‌كان بڕیاربدات، هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك پێویستى به‌ بودجه‌ بێت ده‌نێردرێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و دواتر بۆ وه‌زاره‌تى دارایى، ئه‌وكات بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت، دواى په‌سه‌ندكردنى به‌رنامه‌ى چوارساڵى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كانمان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، تاوه‌كو ده‌ستكراوه‌ بین و پلانه‌كانى خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌رنامه‌كه‌شمان له‌ ته‌واوبووندایه‌ و له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ده‌كه‌ین.
 
دواڕۆژ: پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانتان ئایا لامه‌ركه‌زییه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ده‌بێت یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان زیادبكرێت، هاوشانى ئه‌وه‌ش یاساى وه‌زاره‌ته‌كانیش هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌، تا بتوانین به‌شێكى زۆرى ده‌سه‌ڵاته‌كان بدرێته‌وه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى پارێزگاكان، تاوه‌كو كارى هاووڵاتییان زووتر راپه‌ڕێنن.

دواڕۆژ: به‌پێى پلانه‌كه‌تان خه‌مڵاندنتان كردووه‌ چاككردنه‌وه‌ و دروستكردنى رێگاوبانى نوێ له‌ هه‌رێم چه‌ندى بودجه‌ پێویسته‌؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: به‌و پرۆژانه‌ى ئێستا و ئه‌وانه‌شى كه‌ پێشنیاركراون بۆ ساڵى داهاتوو، بودجه‌ى پێویستمان له‌ پلانه‌كه‌دا بۆ دیاریكردووه‌، ناتوانم به‌ دیاریكراوى بڕه‌كه‌ى باس بكه‌م تا ئه‌و پلانه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام بڕه‌كه‌ى زیاتره‌ له‌ ملیارێك دۆلار.
 
دواڕۆژ: باست له‌ دروستكردنى هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر كرد و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ته‌نزه‌وه‌ باس كرا، ته‌نانه‌ت به‌ كارێكى خه‌یاڵاوى وه‌سف كرا، ده‌توانن له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بیكه‌ن به‌ راستى؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له‌ پلانى وه‌زاره‌تدا دامانناوه‌ له‌م چوارساڵه‌دا ده‌ست به‌ دروستكردنى هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌رى نێوان شاره‌ گه‌وره‌كان بكه‌ین، سه‌ره‌تا پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كى بیانى قسه‌ بكه‌ین، تا راوێژمان پێبده‌ن و میكانیزم و دیزاینى پرۆژه‌كه‌ دیاریبكرێت، پاشان ده‌ست پێبكرێت، بۆ ئه‌مه‌ كۆمپانیاى گه‌وره‌ى پێویسته‌، هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر سوودى گه‌وره‌ به‌ ئابوورى هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام خه‌ڵك ناحه‌قى نییه‌ به‌ گاڵته‌وه‌ باس له‌مه‌ ده‌كات و باوه‌ڕ ناكه‌ن، چونكه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵى رابوردوودا باسى چه‌ندین پرۆژه‌ كراوه‌ و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كارمان بۆ كردووه‌ و له‌ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بیكه‌ین به‌ ڕاستى.
 
دواڕۆژ: به‌ڵام ده‌كرا به‌ پاره‌ى پترۆدۆلار به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ ته‌واوبكرێن كه‌ باسى ده‌كه‌ین؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ئه‌و پرۆژانه‌ى له‌سه‌ر بودجه‌ى پترۆدۆلار بووه‌ لاى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن نه‌بووه‌، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست كراوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وان بڕیار بده‌ن ئه‌و پرۆژانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان یان نا، چاوه‌ڕێى بڕیارى ئه‌وانین، ئه‌گه‌ر پێمان بدرێته‌وه‌ ده‌ستیان پێده‌كه‌ینه‌وه‌.

دواڕۆژ: ده‌توانین بڵێین وه‌زاره‌تێكى قه‌رزاریان بۆ به‌جێهێشتویت؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ به‌ڵێنده‌ران قسه‌مان كردووه‌ تا هه‌ندێك له‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كان ده‌ست پێبكرێنه‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین تا كۆتایى ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو زۆرینه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى وه‌ستێنراون بخرێنه‌وه‌گه‌ڕ، قه‌رزى به‌ڵێنده‌رانمان لایه‌، به‌ڵام به‌پێى توانا هه‌وڵده‌ده‌ین شایسته‌ داراییه‌كانیان خه‌رجبكه‌ین.

دواڕۆژ: ئه‌و پرۆژانه‌ى باسى ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ى گشتى هه‌رێم نه‌بێت ئایا ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ى پلان و قسه‌دا نامێننه‌وه‌؟ 
دانا عه‌بدولكه‌ریم: زۆر پێویسته‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ هه‌بێت، تا چوارچێوه‌ى كارى وه‌زاره‌ته‌كان دیاربێت، نیه‌تیش به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ یاساى بودجەی 2020ى هه‌رێم ئاماده‌بكرێت، جێبه‌جێكردنى پلان و به‌شێكى ئه‌و پرۆژانه‌ش به‌نده‌ به‌و پرۆژه‌ یاسایه‌وه‌، هاوكات ئاراسته‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند رێكبكه‌ون.

دواڕۆژ: له‌ماوه‌ى رابوردوودا پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبووندا هه‌ڵه‌ى زۆرى تێدابووه‌ له‌گه‌ڵ نرخى زۆر و كوالێتى خراپ، له‌مه‌ودوا چۆن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌؟ 
دانا عه‌بدولكه‌ریم: دوو لایه‌نه‌، یه‌كه‌م دروستكردنى یه‌كه‌كانى نیشته‌جێبوونه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى كارى ئێمه‌ن، داوامانكردووه‌ یاسای وه‌زاره‌ت هه‌موار بكرێته‌وه‌ تا ئه‌مانه‌ش بێنه‌وه‌ ژێر ده‌ستى ئێمه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ دروستكردنى شوقه‌ و خانوو بۆ كه‌مده‌رامه‌تان تێچووه‌كانیان ناگاته‌ 40 هه‌زار دۆلار و به‌قیستى درێژخایه‌ن پێیان ده‌درێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت یاساكه‌ هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌، تاوه‌كو به‌ كوالێتیه‌كى به‌رز و نرخێكى گونجاو ره‌زامه‌ندى به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پرۆژانه‌ بدرێت.

دواڕۆژ: پێشتر هاووڵاتى به‌ زه‌حمه‌ت ده‌یتوانى وه‌زیر ببینێت، ئه‌م به‌ربه‌سته‌ لاى تۆ ماوه‌؟ 
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌رنامه‌ى كارى وه‌زیره‌وه‌، كاته‌كانیش دیاریكراوه‌، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ویستى بمبینێت ده‌توانێت داواى كاتێك بكات، داواكاریى هیچ كه‌سێك ره‌ت ناكه‌مه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى كاره‌كه‌مدا، بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت سه‌ردانى وه‌زاره‌ت بكات من له‌ خزمه‌تیدا ده‌بم، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ى سكرتێره‌كه‌مه‌وه‌ كاتێك دیاری بكرێت.

پ: ن.ر
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure