دواڕۆژ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 942‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 11 حیزبی کوردستانی بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن بە لیستی "کەرکوکی کوردستانی" پارتیش ئامادەبووە لەگەڵ لیستەکە بێت و هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامدرا، سەعدی پیرەش ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ دواڕۆژ ئاشکرادەکات.


کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی تەنیا چوارکەس بوون، شاندی یەکێتی پێکهاتبوون لە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن. شاندی پارتیش هەریەک لە  کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و  خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بوون.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: پێکهێنانی یەک لیست لە لایەن سەرجەم حیزبە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندی کوردە، چونکە سیستمەکە سانتلیگۆیە، دەبێت کورد بەیەک لیست بەشداری بکات و ببێتە گەورەترین لیست، یەکێتیش بۆ کورد و بەرژوەندی هاووڵاتیانی کوردستان هەموو کارێک دەکات.

وتیشی: "ئەمڕۆ تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەتایبەتیش لە سنووری کەرکوک لەگەڵ شاندێکی پارتی کۆبووینەوە بۆ درووستکردنی لیستی هاوبەش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ سەرجەم حیزبەکان و یەکێتیش هەوڵ بۆ ئەوە دەدات.

روونیشکردەوە: بۆ پشتیوانی کورد و بردنەوەی هەڵبژاردن و ئەنجومەنەکان شاندی یەکێتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکان و یەک لیستی سەردانی لایەنەکانی تریش دەکات، لەبەرئەوەی سیستمەکە سانتلیگۆیە لە هەڵبژاردنەکان ئەوا لە زیانی لیستە بچوکەکانە و لە بەرژەوەندی لیستە گەورەکانە، بۆیە دەبێت کورد هەوڵبدات بە یەک لیست بەشداری بکات، تا زۆرترین کورسی سنوورەکە لەبەرژەوەندی کورد بێت.
 
پ: ن.ر
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure