ساڵ بەساڵ بەرهەمی پیازی كوردستان لە زیادبووندایە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 221‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ: راپۆرت: سەنگین خۆشناو


هەرچەندە ساڵ لە دوای ساڵ بەرهەمی پیاز-ی کوردستان زیادیکردووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە پێویستیی ناوخۆ پڕبکرێتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نایشارێتەوە کەموکوڕی هەیە و ساڵی داهاتوو پلانیان دەگۆڕن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 100هەزار تەن پیازە هەرچەندە ئاماری دە ساڵی رابوردوو دڵخۆشکەرە چونکە ساڵ دوای ساڵ بەرهەمەکە لەزیادبووندایە، بەڵام هێشتا نەیتوانیووە پێویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.

ئاماری ساڵی 2018 به‌راورد بە 10 ساڵی رابوردوو تائاستێك دڵخۆشكه‌ره‌ به‌وه‌ی له‌ ساڵی 2009 به‌رهه‌می پیازی ناوخۆ 32 هه‌زار و 306 تەن بووه‌ و به‌رهه‌می پار 54 هه‌زار و 511 تەنه‌، به‌ڵام بڕی به‌رهه‌می به‌كاربراو له‌ ساڵی 2009دا 70 هه‌زار و 947 تەن بووه‌، پار 97 هه‌زار و 888 تەن پیاز خواستی بازاڕه‌كانی كوردستان بووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تادێت به‌رهه‌می پیازی كوردستان رووه‌و هه‌ڵكشانه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ خواستی به‌كاربه‌رانی پڕ بكاته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی دە ساڵی رابوردوودا بایی زیاتر له‌ 118 ملیار دیناری عێراقی پیاز هاورده‌كراوە.

سەباح ساڵح و دوو كوڕه‌كه‌ی، ساڵانه‌ له‌ زه‌وییه‌کەیان پیاز ده‌چێنن، 13 دۆنم زه‌وی سه‌رچاوه‌ی په‌یداكردنی بژێویی خێزانی سەباح-ە، "پیاز ساڵانه‌ یه‌ك جار به‌رهه‌م ده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ست به‌ چاندنی ده‌كرێت و له‌ ناوه‌ڕاستی ئاداردا هه‌ڵده‌كه‌نرێت‌، سه‌رباری ماندووبوونی كێڵان و چاندن و هه‌ڵكه‌ندن‌، ساڵ هه‌یه‌ ره‌نج به‌خه‌سار ده‌بین" سەباح وای وت.

مەجید ساڵەیی، جووتیارێکی دیکەیە و ساڵانه‌ زیاتر له‌ 150 تەن پیاز دەخاتە بازاڕەوە، به‌ڵام زۆرجار بەرهەمی ماندوو بوونەكەی به‌ 150 دیناریش بۆی ساغنابێته‌وه‌، له‌كاتێكدا 
تێچووی هه‌ر كیلۆیه‌ك پیاز نزیكه‌ی 250 دیناری عێراقییه‌.

مەجید، بۆ دواڕۆژ باسی کێشەکانی دەکات و گلەیی زۆری هەیە، دەڵێت:"به‌رهه‌مه‌كه‌مان ساغنابێته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش هیچ یارمه‌تییه‌كمان نادات، بۆیە هەمیشە لەسەر زەرەر دەڕۆین. هەموو ساڵێک پێمان دەڵێن نیگەران مەبن نایەڵین پیاز هاوردە بکرێت بەڵام هەمیشە بازاڕ پڕیە لە پیازی وڵاتان".

ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتیار له‌ كاتێكدایه‌ ساڵانه‌ بایی چەندین ملیار دینار پیازی سوور و سپی هاورده‌ی هەرێمی کوردستان ده‌كرێت، به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابوردوودا 590هه‌زار و 621 تەن پیاز هاورده‌ی كوردستان كراوه‌.

ساڵانه‌ نرخی پیاز له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان له‌ 310دیناره‌وه‌ تا سه‌رووی هه‌زار دیناره‌، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك پیازی هاورده‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ته‌نیا 200 دینار هه‌ژمار بكرێت، كه‌ به‌گوته‌ی بازرگانان زۆربه‌ی كات دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و نرخه‌ بووه‌، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابوردوودا 118ملیار و 124ملیۆن و400هه‌زار دیناری عێراقی، پیاز هاورده‌ی كوردستان كراوه‌.

ته‌نیا ساڵی 2018 بایی هه‌شت ملیار و 675 ملیۆن و400 هه‌زار دینار، پیازی كێڵگه‌كانی وڵاتانی دراوسێ له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان ساغبوونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، له‌و 10 ساڵه‌دا، كۆی به‌رهه‌می ناوخۆ 457 هه‌زار و 903 تەن پیاز بووه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش وه‌نه‌بێت هه‌مووی بۆ جووتیاران خێری دابێته‌وه‌، به‌ڵكو زۆریان به‌ زیان له‌ عه‌لوه‌كانی كوردستان ساغبوونه‌ته‌وه‌.

له‌ پارێزگا و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بازاڕی سه‌وزه‌ و میوه‌ به‌ كۆ هه‌ن و عه‌لوه‌ی هه‌ولێر كه‌ له‌سه‌ر رێی موسڵ-گوێڕ هه‌ڵكه‌وتووه‌، له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا تێیدا هاورده‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می خۆماڵییه‌ و به‌ هۆیانه‌وه‌ ساڵانه‌ ملیۆنان دۆلاری ناوخۆ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ خاك و ئاو و هه‌واكه‌ی كوردستان شوێنێكی گونجاوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كۆی به‌رهه‌مه‌ پێویستییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

ره‌جه‌ب حاجی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی عه‌لوه‌ی هه‌ولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"گرفتی گه‌وره‌ی جووتیار به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیانه‌. له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م هه‌مووی به‌ جارێك ده‌هێنرێته‌ بازاڕ و بوونی به‌رهه‌می هاورده‌یش به‌ یه‌كجاری نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت، ئه‌وه‌ جووتیار مایه‌پووچ ده‌كات و هۆكاره‌ بۆ پاشه‌كشه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ. زۆرجار جووتیار هه‌بووه‌ به‌ تەن به‌رهه‌مه‌كه‌ی فڕێداوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كیلۆی100 دیناری بۆ نه‌كردووه‌"‌.

به‌پێی لیستی دانانی باجی گومرگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی، وه‌زاره‌ت بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك به‌رهه‌می هاورده‌ له‌250 دیناره‌وه‌ تا 300 دینار له‌ سنووره‌كان باج وه‌رده‌گرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باس لە کێشەکان دەکات و چارەسەریش دەخاتەڕوو.

حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"بەرهەمی پیازی ناوخۆ سەرباری ئەوەی نەگەیشتووەتە ئاستی خوددابینکاری، بەڵام بەرهەمەکە کەم نییە و دەتوانێ رێژەیەکی باشی پێویستی ناوخۆ دابین بکات".

حسێن دەڵێت:"كێشەی سەرەکیی، نەبوونی ساردخانەیە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی پیاز بۆ وەرزەکانی دیکە، چونکە کاتێک بەرهەمی پیاز پێدەگات لە بازاڕ زۆر دەبێت و پارە ناکات، بۆیە پلانمان داناوە ساڵی داهاتوو هەم ساردخانە زیادبکەین و هەم لەبریی باج هاوردەکردنی پیاز قەدەغەبکەین".‌

وڵاتانی دراوسێ به‌ سیاسه‌تی هاوكاری و پشتگیریكردنی100%ی جووتیارانیان له‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، وا ده‌كه‌ن گه‌شه‌ی به‌روبوومی كشتوكاڵی پێشبخەن، بەڵام به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتان، كاتێك جووتیارانی كوردستان هێنده‌ بێ پاڵپشت بن، ناكرێت هیچكات ته‌مای ئه‌وه‌ت لێی هه‌بێت به‌رهه‌می خۆماڵی خواستی ناوخۆ پڕ بكاته‌وه‌ و كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و پێویستی بە وڵاتان نه‌بێت.

له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هاوكاریی ته‌واوی جووتیاران بكرێت و گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، ساركه‌ره‌وه‌ هه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی تێدا هه‌ڵبگیرێت و ته‌مه‌نیان درێژتر بكاته‌وه‌، به‌پێی پێویستی بهێنرێته‌ بازاڕ و چیتر جووتیاران ناچار نه‌بن ره‌نج و ماندووبوونیان به‌ زیان بده‌نه‌وه‌، خانووی پلاستیكی پله‌ی گه‌رمیی پێویست له‌ سارد و گه‌رمیدا بۆ به‌رهه‌مه‌كان دابین بكات، بۆئەوەی وه‌ك وڵاتان له‌ هه‌ر چواروه‌رزه‌كه‌دا به‌رهه‌مان هه‌بێت، ئه‌وا سه‌رباری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ كڕینی پیاز ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌كرێت داهاتێكی باش بۆ ناوخۆ بهێننه‌وه‌.


پ: ل. م
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure