ئایا ترامپ جۆن بۆڵتن دوورده‌خاته‌وه‌؟

هەواڵ / جیهان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 122‌ جار بینراوە

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ

هه‌رچه‌نده‌ جۆن بۆڵتن توانی به‌ دروستكردنی ده‌نگه‌ ده‌نگێكی زۆر جێگه‌ی مه‌كماسته‌ر بگرێته‌وه‌ و ببێته‌ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به‌ڵام به‌ زوویی كارێكى وای كرد ئه‌و پۆسته‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی نه‌مێنێت.


راپۆرتێك كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-دا بڵاوكراوه‌ته‌وه،‌ باس له‌ زیادبوونی ناكۆكییه‌كانی نێوان دۆناڵد ترامپ و جۆن بۆڵتن ده‌كات، دوورخستنه‌وه‌ی بۆڵتن له‌ دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاڵیبان-دا، ره‌نگه‌ نیشانه‌ بێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی درووستكردنی رووخسارێكی شه‌ڕه‌نگێز بۆ تیمه‌كه‌ی ترامپ.

جۆن بۆڵتن پشتیوانێكی به‌هێزی بیرۆكه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكایه‌ له‌ جیهاندا و یه‌كێكه‌ له‌ نه‌یاره‌كانی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و تاڵیبان، له‌كاتێكدا ئه‌م رێككه‌وتنه‌ كۆتایی به‌ یه‌كێك له‌ درێژترین ناكۆكییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌هێنێت له‌ ناوچه‌كه‌دا.

چه‌ند مانگێكه‌ باس له‌ ناكۆكیی نێوان دۆناڵد ترامپ و جۆن بۆڵتن ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئێران و ڤه‌نزوێلا و كۆریای باكوور، ده‌وترێت مه‌ترسیی سه‌ر رێككه‌وتنی داماڵینی كۆریای باكوور له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی، به‌هۆی ئه‌و ناكۆكییه‌ی نێوان ترامپ و بۆڵتن بووه‌.

هه‌روه‌ها ترامپ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بۆڵتن-دا ناكۆكه‌ سه‌باره‌ت به‌ رژێمی ئێران، ترامپ له‌گه‌ڵ لادانی رژێمه‌كه‌دا نییه‌ به‌ڵكو ته‌نیا ده‌یه‌وێت ئێران ده‌ستی به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی نه‌گات.

زیادبوونی ناكۆكییه‌كانی نێوان ترامپ و بۆڵتن یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پرسه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ساڵی 2020ی ئه‌مریكا. ترامپ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ بۆچوونی جیاواز له‌ كۆشكی سپی-دا قبووڵ ناكات.

ترامپ به‌ دروشمی دژ به‌ جه‌نگ گه‌یشته‌ كۆشكی سپی، به‌ڵام ئێستا تیمی ئاسایشه‌كه‌ی وه‌كو لایه‌نگری جه‌نگ ده‌بینرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌دوور نازانرێت ترامپ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات و بۆڵتن دووربخاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جۆن بۆڵتن له‌ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی بۆ ترامپ به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڤه‌نزوێلا و كۆریای باكوور و ئه‌فغانستان و ئێران-دا له‌لایه‌ن بۆڵتن و مایك پۆمپیۆ-ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌وه‌ ئه‌نجامدران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure