پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر داعش

هەواڵ / کوردستان :: 09/09/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چووغ هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش و بۆردومانه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.
 

زریان شێخ وه‌سانی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ (ئەمڕۆ دووشەممە 9ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ شه‌وی رابوردووه‌وه‌ هاوپه‌یمانان به‌ فڕۆكه‌ مۆڵه‌گاكانی داعش له‌ چیای قه‌ره‌چووغ بۆردومان ده‌كه‌ن. 

وتیشی: "چه‌ند شاره‌زایه‌كی سه‌ربازی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ن بۆ نیشاندانی مۆڵگه‌كانی داعش و بۆردومانه‌كانیش بۆ سه‌ر باره‌گا و مۆڵگه‌كانی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ جموجوڵی چه‌كدارانی داعش له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چووغ و گونده‌كانی نزیك ئه‌و چیایه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌". 

هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی رابوردوو به‌رپرسانی سه‌ربازی سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاردرا له‌هه‌ر شوێنێك داعش جموجوڵی هه‌بوو، هێرش بكرێته‌سه‌ریان و هاوپه‌یمانان دووپاتی ئه‌وه‌یان كرده‌وه‌ كه‌ شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ دژی تیرۆر ده‌جه‌نگن، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش رایگه‌یاند داعش له‌ جاران زیاتر مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌. 

زریان شێخ وه‌سانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و هێرشانه‌ی هاوپه‌یمانان بۆ ئه‌وه‌یه‌ رێگری بكرێت له‌ دروستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ناو خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داعش له‌ ئێستادا هیچ سنوورێكی جوگرافی له‌ده‌ستدا نییه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌: له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ نێوان هێزه‌كانی عێراقی و پێشمه‌رگه‌ بۆشایی ئه‌منی هه‌یه‌ و هێزه‌كانی عێراق وه‌ك پێویست ناتوانن كۆنترۆڵی دۆخی ئه‌منی بكه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ رێككه‌وتن هه‌بێت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا و پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌، چونكه‌ بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش پێشمه‌رگه‌ ته‌كنیكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی باشتره‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە