ژوورێكى نهێنى له‌ كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى وڵاتێک ئاشكرابوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/09/2019‌ :: 164‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دواین به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ى عومه‌ر به‌شیر سه‌رۆكى سودان كه‌ له‌سه‌ر كار لادراوه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا رایگه‌یاند: ته‌نیا سه‌رۆك كلیلی ئه‌و ژووره‌ى كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ به‌ ملیۆنان یۆرۆی تیادایه‌.


له‌ وته‌كانیدا له‌به‌رده‌م دادگا له‌ دادگاییكردنى به‌شیر به‌تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى دراوى بیانى به‌ شێوه‌یه‌كى نایاسایی، یاسر به‌شیر  ڕایگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ى عومه‌ر به‌شیر له‌ مانگه‌كانى كۆتایی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى سه‌رۆكى پێشوو 10 ملیۆن یۆرۆی پێداوه‌ تا راده‌ستى چه‌ند لایه‌نێكى بكات.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ كه‌ له‌ ئەیلولی ساڵى 2018وه‌ لای به‌شیر كارده‌كات وه‌ك شاهیدى به‌رگری قسه‌ى ده‌كرد و وتى: "جارێك پێنج ملیۆن یۆرۆی پێداوم، تاكو ڕاده‌ستى عه‌بدولڕه‌حیم حه‌مه‌دان دقلو جێگری فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پیشتیوانى خێراى بكەم".

وتیشی: "ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ به‌ ئاماده‌بوونى براكه‌ى عه‌بدولڕه‌حیم بووه‌ كه‌ ناوی محه‌مه‌د حه‌مدان دقلوی-ـه‌ فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پشتیوانى خێرا و جێگری سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى راگوزه‌رە كه‌ له‌ دوای به‌شیره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ ده‌ست و له‌ ئێستادا  ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رۆكایه‌تى-یه‌ كه‌ له‌ رێككه‌وتنێكدا له‌سه‌ر دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات له‌نێوان سه‌ربازى و مه‌ده‌نى له‌و وڵاته‌ كراوه‌". 

یاسر له‌درێژه‌ى قسه‌كانیدا وتى: "لایه‌نێكى تر كه‌ پاره‌ى وه‌رگرتووه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگری بووه‌ بۆ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری پزیشكى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى و ده‌ڵێت سه‌رچاوه‌ى پاره‌كه‌ نازانێت، ته‌نیا فه‌رمانى جێبه‌جێ كردووه‌". 

له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ دانیشتنى به‌رگری بووه‌، عه‌بدولمونعیم محه‌مه‌د، ژمێریاری زانكۆی ئه‌فریقای جیهانى ئاماده‌بوو كه‌ ده‌زگایه‌كى تایبه‌ته‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئاشكرای كرد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى زانكۆكه‌ و جێگره‌كه‌ى چوار ملیۆن یۆرۆیان وه‌ك كاش له‌ به‌شیر وه‌رگرتووه‌.

به‌شیر له‌ناو قه‌فه‌سێكى ئاسن له‌ هۆڵی دادگا دانیشتبوو و گەله‌بی و عه‌مامه‌یه‌كى سپی ئاسایی له‌به‌ردابوو.

هه‌رچه‌نده‌ له‌و دانیشتنه‌دا قسه‌ى نه‌كرد، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ى پێشوو رووبه‌ڕووی كرابووه‌وه‌.

له‌یه‌كه‌م لێدوانى ره‌سمیدا دوای لادانى، به‌شیر وتى: "25 ملیۆن دۆلاری له‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانى جێنشینى سعودیه‌ و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تر ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ڵام پاره‌كه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌ و  بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆی به‌كاری نه‌هێناوه‌".

سزای ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى رووبه‌ڕووی عومه‌ر به‌شیر كراونه‌ته‌وه‌، ده‌گاته‌ 10 ساڵ زیندانى و دانیشتنى داهاتووی دادگا له‌ 14ی ئەیلول به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure