زیاتر لە 20 رۆژه‌ رۆژنامه‌نووسێك ده‌ستگیركراوه‌ و رێگه‌ى بینینى نادرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 342‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ماوه‌ى زیاتر لە 20 رۆژه‌ رۆژنامه‌نووسێكى ده‌زگاى رۆژنیوز له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركراوه‌ و رێگه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى نادرێت له‌ زیندان بیبینن. وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم، ده‌ڵێت: "ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵامى داواكارییه‌كانیان ناداته‌وه‌ تا (بڕیار) بتوانێت له ‌رێگه‌ى پارێزه‌رێكه‌وه‌ به‌رگریى له‌خۆى بكات".


رۆژى (چوارشه‌ممه‌ 21ى ئابى 2019) ئاسایشى هه‌ولێر، بڕیار محه‌مه‌د-ى په‌یامنێرى ده‌زگاى رۆژنیوزى له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرد، ئه‌وكات تاریق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "بڕیار محەمەد پێشمەرگەیە و رێككارى سەربازیی لەگەڵ دەکرێت". به‌ڵام ده‌زگاى رۆژنیوز ده‌ڵێت: "بڕیار پێشتر به‌رپرسى راگه‌یاندنى فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌ هه‌ولێر، دواتر به‌هۆى رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى شه‌ڕى داعش ئاماده نه‌بووه‌ ببێته‌ پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ى زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووس كارده‌كات".

دواى ده‌ستگیركردنى بڕیار محه‌مه‌د چه‌ند "هه‌وڵێك" دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هۆكارى راسته‌قینه‌ى ده‌ستگیركردنى ئاشكرابكرێت و ئازادبكرێت، به‌ڵام تائێستا هه‌وڵه‌كان بێئه‌نجام بوون‌.

له‌ئێستادا ده‌زگاى رۆژنیوز لە رێگەی پارێزەر (گۆران زاهیر)ه‌وه‌ و بە واژۆى دادوەر (مەسعود خزر مەحمود) بریکارنامەی تایبەت بە داوای سزایی ئاراستەی ئاسایشی هەولێر کردووه‌ بۆئه‌وه‌ى بڕیار محەمەد له‌رێگه‌ پارێزه‌رێكه‌وه‌ بتوانێت به‌رگریى له‌خۆى بكات، به‌ڵام ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵامى دادوه‌رى نه‌داته‌وه‌.

 گۆران زاهیر-ى پارێزەر، بە دواڕۆژى وت:"ده‌بوو له‌ماوه‌ى 72 كاتژمێر دواى ده‌ستگیركردنى بڕیار، ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵامى دادوه‌ر بداته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ بدات، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌ ناداته‌وه"‌.

هاوكات دواى ده‌ستگیركردنى بڕیار رێكخراوى زار بۆ به‌رگرى له‌ ئازادییه‌كان، له‌ ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم سكاڵایه‌كى له‌ دژى ئاسایشى هه‌ولێر تۆماركرد و رێكخراوه‌كه‌ ئاسایشى هه‌ولێرى به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ له‌ "ده‌ره‌وه‌ى یاسا" ئەو رۆژنامەنووسەى ده‌ستگیركردوه‌.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم، بۆ‌ دواڕۆژ وتى: "دواى سكاڵاكه‌ى رێكخراوى زار، نووسراوێكمان بۆ ئاسایشى هه‌ولێر كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندیى بده‌ن كه‌ رێككاره‌كانى تایبه‌ت به‌ دابینكردنى پارێزه‌رێك بۆ بڕیار محه‌مه‌د جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵاممان ناداته‌وه‌".

له‌باره‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادكردنى بڕیار محه‌مه‌د، شنه‌ فایه‌ق سه‌رنووسه‌رى ده‌زگاى میدیایى رۆژنیوز به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى 20 رۆژى رابوردوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا بڕیار ده‌ستگیركراوه‌ و تۆمه‌تى بێ بنه‌ماى ده‌درێته‌ پاڵ، رۆژێك ده‌ڵێن پێشمه‌رگه‌ بووه ‌و رێككارى یاسایى دژى گیراوه‌ته‌به‌ر، رۆژێكى دیكه‌ ده‌ڵێن راپۆرتى دژى حكومه‌ت ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

شنه‌ فایه‌ق ده‌ڵێت: "له‌ رێگه‌ى چه‌ند رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌وڵى ئازادكردنى بڕیار ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاسایشى هه‌ولێر ئاماده‌نییه‌ رێككاره‌كان بۆ دابینكردنى پارێزه‌رێك ته‌واو بكرێت، ته‌نانه‌ت ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵامى هیچ ده‌زگایه‌ك ناداته‌وه‌. تائێستا رێگه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ نادرێت بیبینن به‌وهۆیه‌وه‌ نازانرێت ره‌وشى ده‌روونى و ته‌ندروستى چۆنه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى رۆژى ده‌ستگیركردنەکەى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بووه ‌و وازیهێناوه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر ده‌ڵێت:"بڕیار له‌لاى ئێمه‌ نییه ‌و له‌ ئاسایشى گشتیى هه‌ولێره‌".

هاوكات له‌ ئاسایشى گشتى هه‌ولێر-یشه‌وه‌ به‌ دواڕۆژ راگه‌یه‌نرا: "بڕیار لای ئێمه‌ نییه ‌و ئێستا له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستگیركراوه‌". به‌ڵام جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "170 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ نازانم بڕیار له‌ وه‌زاره‌ت ده‌ستگیركراوه‌ یاخود نا؟ به‌ڵام ئاماده‌م‌ هه‌موو هاوكارییه‌كى كه‌سوكاره‌كه‌ى بكه‌م بۆئه‌وه‌ى سۆراخى كوڕه‌كه‌یان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن".

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان بۆ ئازادكردنى ئەو رۆژنامەنووسە، دواڕۆژ په‌یوه‌ندیى كرد به‌ ئازاد حه‌مه‌ده‌مین نه‌قیبى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان-ه‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى زانیاریى بدات ته‌نیا وتى: "له‌گه‌ڵ هه‌واڵگرى قسه‌مان كردووه ‌و هه‌وڵى ئازادكردنى ده‌ده‌ین".

دواڕۆژ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك هه‌وڵیدا، لێدوان له‌ هاوسه‌ر و كه‌سوكارى بڕیار محه‌مه‌د وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure