مردنی نادیار گیانی پێنج زانای میسری دەبات

هەواڵ / جیهان :: 09/09/2019‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئەبوبەكر عەبدول منعم رەمەزان زانای میسری و بەرپرسی دەستەی چاودێری تیشك و ئەتۆمی لە مەغریب كۆچی دواییكرد، بەڵام مردنەكەی بوەتە جێیی پرسیار و داوادەكرێت روونكردنەوە بدرێت.


رەمەزان لە نەخۆشخانە كۆچی دوایكرد دوای ئەوەی تەندرووستی تێكچوو. مردنەکەی جارێكی تر مردنی هاوشێوەی زاناكانی تری میسری هێنایەوە بیر خەڵكی كە لەچەند بوارێكی جیاجیادا كاریانكردووە كە زۆربەیان دوای ئاشكراكردنی توێژینەوەكانیان یان رەتیانكردووەتەوە لەگەڵ هێزە بیانییەكان كاربكەن كوژراون.

عەلی مستەفا مشرفە 
یەكەم میسرییە كە ناودار بووە لەنێوان زانا تایبەتمەندیەكانی زانستی پێشكەوتوو و لەساڵی 1898 لەدایكبووە و نازناوی مامۆستای لە زانكۆی قاهیرە وەرگرتووە و فیزیای لە كۆلێژی زانستەكان خوێندووە و یەكەم مامۆستا بووە پۆستی راگری كۆلێژی زانست وەربگرێت و یەكەم كەس بووە بیرۆكەی مووشەكی ئەتۆمی هایدرۆجینی  باس كردووە. ئەلبێرت ئەنشتاین باسی لێهاتوویی مشرەفەی كردووە و ساڵی 1950 بە جەڵدەی دڵ كۆچی دوایی كردووە و دوای مردنی باس لەوە كراوە كە پاشا فاروق و ئیسرائیلیەكان كووشتوویانە.

سەمیرە موسی 
سەمیرە یەكەم ئافرەتی میسری بووە بچێتە ناو بواری زانستی ناوەكی و ساڵی 1917 لە پارێزگای غەربیە لەدایكبووە. 
سەمیرە بەكالۆریۆسی لە زانست لە زانكۆی قاهیرە وەرگرتووە و یەكەم ئافرەت بووە ببێتە راگر لە زانكۆكەیدا و كاری بۆ وەرگرتنی ماجستەر كردووە لە گازە گەرمەكان پێش ئەوەی بچێتە بریتانیا بۆ خوێندنی تیشكی ئەتۆمی و لە ساڵی 1948 رۆڵی درووستكردنی دەستەی وزەی ئەتۆنۆمی پێسپێردراوە و كۆنگرەی ناوەكی بۆ ئاشتی سازكردووە.
بەڵام دوای ئەوەی بانگهێشتی ئەمریكا دەكرێت لە ساڵی 1952 دوای ئەوەی رەتیدەكاتەوە لە ویلایەتە یەكگرتەكان بمێنێتەوە لە هەمان ساڵ و پێش ئەوەی بگەڕێتەوە میسر بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدات.

یەحیا ئەلمشد 
لەو كەسانەیە كە هەواڵگری ئیسرائیلی دانی بە كووشتنیدا ناوە لەبەر ئەوەی رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە بەرنامەی ئەتۆمی عێراق.
یەحیا ساڵی 1932 لەدایكبووە و ئەندازیاری لە زانكۆی ئەسكەندەریە تەواوكردووە و لە ساڵی 1956 بۆ خوێندن چووەتە مۆسكۆ و لە ساڵی 1963 گەڕاوەتەوە بۆ میسر و پسپۆری بواری ئەندازیاری ئەتۆمی وەرگرتووە.
لەساڵی 1981 مشد لە ئوتێل میریدیان لە فەرەنسا تیرۆركرا كاتێك هەواڵگیری ئیسرائیلی چووەتە ژوورەكەی و كوشتویانە فەرەنساش رایگەیاند كە تاوانەكە نادیارە.
بەڵام دواتر بە شێوەیەكی فەرمی ئیسرائیل دانی بە تیرۆركردنیدا ناوە. 

جەمال حەمدان 
دكتۆر جەمال حەمدان زانای زانستی بەرنامەكان بووە و لێهاتوویی و پسپۆری لە زانستی جوگرافیا و ئەنسروبولوجیا و ستراتیژیەتی جیوسیاسی كەم وێنە بووە.
لە ساڵی 1928 لە پارێزگای قلیوبیە لەدایكبووە و جوگرافیای لە كۆلێژی ئاداب تەواوكردووە و دواتر چووەتە بریتانیا بۆ ئامادەكردنی دكتۆراكەی لە فەلسەفەی جوگرافیا و لەساڵی 1953 نامەكەی بەدەستهێناوە.
حەمدان سامانێكی لە پەرتوك دەربارەی جوگرافیا و مێژوو و ژینگە ئەنسروبولوجیا لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
لەساڵی 1993 ئاگرێكی گوماناوی لە ماڵەكەی كەوتەوە و گیانی لەدەستدا.

سەعید سەید بدیر 
یەكێك بووە لە بیرمەندەكان میسر كە پسپۆری بواری پەیوەندیەكان بووە بەتایبەت پەیوەندی مانگی دەستكرد و ئامێرەكانی بۆشایی ئاسمان.
لەدایكبووی ساڵی 1949-یە و كۆلێژی هونەری سەربازی تەواوكردووە و لەساڵی 1972 بووە بە راگری كۆلێژەكەی و هەتا خانەنشین بەردەوام بووە لەخزمەتكردن، پێش ئەوەی خانەنشین بكرێت، بدیر دكتۆرای لە پەیوەندییەكان لە ئینگلتەرا بەدەستهێناوە و هەر لە تەمەنێكی منداڵیەوە توێژینەوەكانی ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە و پلەی سێیەمی لەنێوان 13 زانا لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە. ئەمریكیەكان داوایان لە بدیر كردووە هاوكاریان بكات و لە ترسی ئەوەی تیرۆر نەكرێت ساڵی 1988 گەڕاوەتەوە میسر، دوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی لێكراوە لە ساڵی 1989 پۆلیسی ئەسكەندەرییە رایگەیاند كە بدیر لە باڵەخانەیەكی بەرز كەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە و دوای لێكوڵینەوە دەركەوتووە كە گازی ناو شوقەكەی بدیر كراوە بووە و دەماری دەستی بڕدراوە ئەمەش دەریدەخات كە ویستوویەتی خۆی بكوژێت.
بەڵام مردنی تەماوی بدیر گومانی دروستكرد و دواتریش هەندێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كرد كە هەواڵگیری چەند وڵاتێكی بیانی و موساد دەستیان لە تیرۆركردنیدا هەبووە.
     
پێداچوونەوە: پەری
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure