سەرۆكی پەرلەمان ئامانجی سەردانەکەی بۆ لای حیزبەکان ئاشکرادەکات

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 318‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: لە سەردانیان بۆ لای سەرۆكی حیزبەكان دەیانەوێت كۆدەنگی لەسەر هەندێك بابەت دروستبكەن كە رەهەندی چارەنووسسازیان هەیە.


نیوەڕۆی (ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلولی 2019) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد.

دواتر رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاریانداوە سەردانی حیزبەكان دەكەن بەتایبەتی ئەوانەی لەناو پەرلەماندا كورسیان هەیە و ئامانج لێی دروستكردنی كۆدەنگییە لەسەر هەندێك بابەت كە رەهەندی چارەنووسسازیان هەیە بەنیسبەت هەرێمی كوردستانەوە.

رێواس فایەق روونیشیكردەوە: گرنگترینیان دەستورە كە پێیانوایە دەبێت دەستور هەبێت، ناكۆكییەكان وەلابنێن، بۆ ئەوەی تیمی هاوبەشی نیشتمانی دروست بكەن، بۆ نووسینەوەی دەستور، هەروەها پشتیوانیكردنی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێیانوایە زۆربەی ئەوانەی بەشدارن لە حكومەت، بەشدارن لە نووسینەوەی كارنامەكە، هەروەها ئەنجامدانی چاكسازی.

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی: "دەمانەوێت هێزە سیاسییەكان رۆڵ ببینن لە گفتوگۆی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی، بۆیە داوایان لێدەكەین پشتیوانی راستەقینەی گفتوگۆیەكی هاوسەنگ و سەنگین بن لەگەڵ حكومەتی عێراق، پەرلەمانیش چەترێكە دەنگ و رەنگە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە، ئەوانەی لە پەرلەمان بوونیان هەیە و ئەوانەشی بوونیان نییە".

هەروەها هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بڕیاریان وەرگرتووە لەگەڵ فراكسیۆنەكان كە خولی پێنجەم خولی بەهێزكردنی پەرلەمان و سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكان دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەو تەحەدیاتانەی بەرامبەر كوردستانە رووبەڕوویان ببنەوە، پاشان بەشی هەرێم لە بودجەی عێراق.

هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ هێزەكان كۆدەبنەوە كە لەخولی پێنجەم ببنە خاوەنی دەستور، بۆ ئەوەی بتوانن لە چوار ساڵدا هەڵبژاردن بكەن، هێزەكان پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان بكەن.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure