باندەکەی سلێمانی گورچیلەیان بە 10 ملیۆن كڕیوە و بە 70 ملیۆن فرۆشتوویانە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1770‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: باندێكی "ترسناك"ی بازرگانیكردن بەجەستەی مرۆڤیان دەستگیركردووە كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی گورچیلەیان كردووە بەجۆرێك گورچیلەیان بە 10 ملیۆن دینار كڕیوە و بە 70 ملیۆن فرۆشتوویانە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (شار)یش دەڵێت: "مانگانە 6 تا 8 نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە دەكەین و دڵنیاین لەوەی لە 90%ی ئەو نەشتەرگەرییانە كڕین و فرۆشتنن".

سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ماوەیەك لەمەوبەر سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی بازرگانی بەگورچیلەوە دەستگیر كردبوو، دوای لێكۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە كە چوار كەسی دیكەشیان لەگەڵدایە، رۆژی 7ی ئەیلول ئەو چوار كەسەی دیكەش دەستگیركران كە سەرۆكی باندەكەشی تیادایە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو حەوت كەسە باندێكی ترسناك بوون چوار عەرەب و سێ كوردن، بەڵگەنامەی ساختەیان دروستكردووە، گورچیلەیان لەكەسێك بە 10 ملیۆن دینار كڕیوە و 70 ملیۆن دیناریان لەكەسەكەی دیكە وەرگرتووە، ناوی خۆیان و قوربانییەكانیان گۆڕیوە.

ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بازرگانیكردن بەجەستەی مرۆڤەوە پڕۆسەیەكی نهێنییە و تائێستا هیچ كەسێك نەهاتووەتە لایان پرسیاری فرۆشتنی گورچیلەی بكات، بەڵام دڵنیایە لەوەی 90%ی ئەو پڕۆسەیە كڕینە، بەڵام وردەكارییەكەی نەزانراوە، چونكە مەعقول نییە كەسێكی خەڵكی سلێمانی، كەسێكی عەرەب گورچیلەی پێ ببەخشێت.

ناوبراو وتی: "مانگانە 6 تا 8 نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە دەكرێت ئەوەش لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت دیاریدەكرێت كە نوێنەرانی ئاسایش و داواكاری گشتی و بەشی یاسایی تەندروستی سلێمانی تیادایە و لەوردەكارییەكان دەكۆڵنەوە".

روونیكردەوە: "تەنانەت ئەگەر لەكاتی بەنجیش بزانین ئەو نەخۆشە گورچیلەكەی فرۆشتووە ئەو كاتەش پڕۆسەكە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام لای ئێمە کەسەكە دەڵێت بەویستی خۆی گورچیلەكە بەو كەسە دەبەخشێت و پەنجەمۆریش دەكات".

كۆمەڵەی جەستەبەخشانی كوردستان نزیكەی شەش ساڵە دروستبووە و بەوتەی فەرهاد قادر، سەرۆكی كۆمەڵەی جەستەبەخشان بۆ دواڕۆژ: "تائێستا سێ باندی بازرگانیكردن بەجەستەی مرۆڤەوە دەستگیركراون، بەڵام زۆربەی نەشتەرگەرییەكان لەكۆماری ئیسلامی ئێران یان هیندستان دەكرێن، چونكە دەبێت پێشتر رێككەوتن لەنێوان باند و كڕیار و فرۆشیارەكان دەكرێت و بەپێی رێككەوتنیشیان نابێت كەسوكاریان لەكاتی یەكدی بینینیش باسی پارە بكەن".

لەخوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2015 پرۆژەیاسایەك بۆ بازرگانیكردن بەجەستەی مرۆڤ پێشكەشكراوە، بەڵام بەهۆی رووداوە سیاسییەكان نەتوانراوە كۆی مادەكانی پەسەند بكرێت.

لە چەند مادەیەكدا باسی ئەم تاوانە دەكات و لەیەكێكیاندا هاتووە: هەر كەسێك تاوانی بازرگانیكردن بەمرۆڤ ئەنجام بدات لەیەكێك لەم بارودۆخانەی خوارەوە ئەوا سزا دەدرێت بەزیندانی هەتا هەتایی و بەغەرامەیەك لە 15 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

ئەو مادەیە ئەم دۆخانە دەگرێتەوە (ئەگەر تاوانلێكراو تەمەنی 18 ساڵی تەواو نەكردبێت یان مێینە بێت یان كەمئەندام، ئەگەر تاوانەكە لەلایەن كۆمەڵێكی تاوانكاریی رێكخراوەوە ئەنجامدرابێت و خاوەن مۆركێكی نێودەوڵەتی بێت، ئەگەر لەڕێگەی رفاندن یان ئەشكەنجەدان تاوانەكە ئەنجامدرابێت، ئەگەر تاوانبار لەبنەچەی تاوانلێكراو بێت یان لقەكانی بێت یان لەوانە بێت كە ویلایەتی لەسەرە یان هاوسەرێتی، ئەگەر تاوانلێكراو تووشی نەخۆشییەك هات ئومێدی چاكبوونەوەی نەبێت یان تووشی پەككەوتەیەكی هەمیشەیی بێت لەئەنجامی بازرگانی پێكردنی، ئەگەر بازرگانیكردنەکە لەسەر كۆمەڵە كەسێك بێت یان بۆ چەندینجار بێت، ئەگەر بازرگانیكردنەكە لەلایەن فەرمانبەر یان راسپێردراوێك بەڕاژەی گشتی پەیوەندی بەوەزیفەكەیەوە هەبێت ئەنجامدرابێت، ئیستیغلالكردنی دەستڕۆیی یان ئیستیغلالكردنی لاوازی قوربانییەكان یان پێداویستییەكانیان).

هەر لەو پرۆژەیەدا هاتووە: "بەبەندكردن بۆ ماوەیەك لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت و بەغەرامەیەك لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت لە 20 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بەیەكێكیان هەر كەسێك (پێگەیەكی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەمەبەستی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە دامەزراند یان بەڕێوەی برد، گرێبەست بكات لەسەر مامەڵەیەكی پەیوەست بەبازرگانیكردن بەمرۆڤەوە یان لەڕێگەی بەكارهێنانی تۆڕی زانیاری ئاسانكاری بۆ بكات)، ئەگەر كردارەكە ببێتەهۆی مردنی تاوانلێكراو ئەوا سزاكە دەبێتە زیندانیكردنی هەتاهەتایی، ئەوانەی بەسزاكانی ئەم یاسایە حوكم دەدرێن لەهەموو لێبوردنێكی تایبەت یان گشتی بەدەر دەكرێن)".

لەمادەیەكی دیكەی پرۆژەكەشدا ئاماژە بەوەدراوە: "هەر كەسێكی مەعنەوی بسەلمێنرێت كە بەشداریكردووە لەتاوان یان تاوانەكە بەناوی ئەو یان بۆ بەرژەوەندی ئەو یان بۆ سوودی ئەو ئەنجامدراوە ئەوا بەغەرامەیەك لە پێنج ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، هەروەها ئەم حوكمە ئەو سزایەی دەرهەق بەبەڕێوەبەری راسپێردراو یان بەرپرس لەبەڕێوەبردنی كەسی مەعنەوی پێشێل ناكات ئەگەر سەلمێندرا لەتاوانەكەدا بەشداری كردووە".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure