چاره‌نوسى ئه‌و منداڵه‌ى به‌هۆى ده‌ستدرێژى مام و باوكێك بۆ سه‌ر كچه‌كه‌یان له‌دایكبوو چى لێ هاتووه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/09/2019‌ :: 47159‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، سه‌عد مه‌لا عه‌لی


ئەو منداڵەی پێنج ساڵ لەمەوبەر خانەوادەکەی لە تەمەنی یەک رۆژیدا لە نەخۆشخانەی کەرکوک جێیدەهێڵن تائێستا چاره‌نووسی یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌. لە کاتێکدا ژمارەیەک خێزان ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە کە (ئیمان)ی پێنج ساڵە بگرنە خۆیان، بەڵام دادگا هێشتا کەیسەکەی یەکلایی نەکردووه‌تەوە.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ دەستکەوتوون "دایكی ئه‌و منداڵه‌ هاوسه‌رگیری نه‌كردووه‌، لەگەڵ لەدایکبوونی ئیمانیش، دایکی دەستی لێ هەڵدەگرێت و لە نەخۆشخانە به‌جێیدەهێڵێت".

دوای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە، دایکی ئیمان باوک و مامێکی خۆی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە چەندین جار ده‌ستدرێژیان كردووه‌ته‌ سه‌رى، ئیمانیش لە ئەنجامی ئەو په‌یووه‌ندییه‌وه‌ درووستبووه‌.

پاش سەلماندن و یەکلابوونەوەی تاوانەکە، دادگای كه‌ركوك سزای لەسێدارەدانی بەسەر باوک و مامی دایكى ئیماندا سەپاند، ئەگەرچی بەر لە جێبەجێکردنی سزاکە، باوکەکە لە زینداندا مرد، بەڵام مامەکەی هێشتا لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزاکەیدایە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە سزاکەی جارێکی دیکە تێهەڵچوونەوەی بۆ بکرێت.

ئیمان و دایکی قوربانی دەستی تووندوتیژین دژی ژنان كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی یاسا و رێسای پێویستیه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌یان درێژه‌ی كێشاوه‌.  

ئیمان و دایكى قوربانى ده‌ستى توندوتیژین
سەرەتای چیرۆکەکە لەوێوە دەستی پێکرد، ساوایەکی یەک رۆژە بەبێ کەسی له‌به‌شی نه‌به‌كام (خوده‌ج) له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری كه‌ركوك جێهێڵدرا، ناچار په‌رستارانی ئه‌و به‌شه‌ ئاگاداری ده‌بوون.
ئەمڕۆ پێنج ساڵ زیاتر بەسەر ژیان و مانەوەی ئیمان لە نەخۆشخانەکەدا تێپەڕدەبێت و هه‌موو ئه‌م كاته‌ش ئه‌و لەلایەن کارمەندەکانی نەخۆشخانەکەوە بەخێوکراوە.
مانەوەی ئیمان ئەو ماوە درێژە لە هەمان ئەو نەخۆشخانەیەی کە تیایدا لە دایک بووە، لەبەر ئەوەیە کە خانەی بێسه‌رپه‌رشتیارانی ره‌گه‌زی مێینه‌ له‌ كه‌ركوك بوونی نییه‌ ‌و دادگاش رێگه‌ی نه‌داوه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌غدا وه‌ری نه‌گرتووه‌، چونكه‌ به‌پێی جوگرافیا ده‌بوایه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شاری موسڵ كه‌ ئه‌وكات داعش ده‌ستیبه‌سه‌را گرتبوو، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا كه‌یسی ئه‌م منداڵه‌ یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.  

(س.ف) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ په‌رستاره‌كانی به‌شی نه‌به‌كام له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری كه‌ركوك له‌باره‌ى چیرۆكى ئیمانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ له‌به‌شه‌كەمان درێژه‌ی خایاند، بۆیه‌ بڕیارماندا له‌نێوان خۆماندا ناوی ئیمان-ی لێبنێین‌ و نه‌مانهێشت بێ دایكی ‌و بێ خزمه‌تی پێوه‌ دیاربێت".

ئه‌و په‌رستاره‌ كه‌ رۆژانه‌ خزمه‌تی ئیمان ده‌كات، باسی له‌وه‌شكرد: "راسته‌ ئیمان بێ دایك بوو، به‌ڵام هه‌موومان دایكی بووین ‌و رۆڵی دایكایه‌تیمان بۆ ده‌گێڕا، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كچ  بوو، سۆزی زیاتری پێده‌درا، تاكو هیچ كه‌موكوڕیه‌كی نه‌بێت".

باسی له‌وه‌ش كرد: "ئیداره‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، خه‌رجی ‌و پێداویستی منداڵه‌كه‌یان خستبووه‌ ئه‌ستۆ، شیر و دایبی ‌و خواردنیان بۆ دابینكردووه‌، نه‌یانهێشتووه‌ كه‌موكوڕی هه‌بێت، به‌جۆرێك ئاهه‌نگی یادی له‌دایكبوونیشمان بۆ سازكرد، وێنه‌یه‌كی یه‌كساڵیشمان له‌شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی له‌به‌شه‌كه‌، به‌گه‌وره‌یی هه‌ڵواسی".

بۆچى كه‌س ناتوانێت ئیمان وه‌ك منداڵى خۆى له‌خۆبگرێت؟
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی ئاشكرایه‌ و ئاماده‌نین له‌خۆی بگرن، دادگا نه‌یتوانیووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بیداته‌ ئه‌و خانه‌وادانه‌ی ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیووه‌ بۆ له‌خۆگرتنی و هیچ شوێنێكی تایبه‌تیش له‌شاره‌كه‌دا‌ نییه‌ ره‌وانه‌ی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئیمان بێ كه‌سوكار بووایه‌، ئه‌وا ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی له‌خۆگرتنی له‌لایه‌ن خێزانه‌ خۆبه‌خشه‌كانه‌وه‌ ئاسانتر بووایه‌.

چاره‌نووسى ئیمان به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟
جوان حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند: "دوای پێنج ساڵ مانه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، تا ئێستا كه‌یسه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چێت، به‌وه‌ی دادگای كه‌ركوك رازیبووه‌ بیداته‌ خانه‌واده‌یه‌كی ناسراوی شاره‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌مساڵدا به‌شێوه‌یه‌كی ‌كاتیی گواسترایه‌وه‌ بۆ خانه‌ی بێ باوكانی شاری به‌غدا، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌یسه‌كه‌ به‌ته‌واوی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌".

له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابوردوودا، هه‌وڵی زۆر دراوه‌ كه‌یسی ئیمان چاره‌سه‌ر بكرێت ‌و به‌هه‌ڵواسراوی نه‌مێنێته‌وه‌، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیاندا‌، هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌و رووه‌وه‌ جوان حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌: "دادگا دوای ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ گه‌یشته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی منداڵه‌كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ بهێندرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و بدرێته‌ خانه‌واده‌یه‌كی خۆبه‌خش (خێزانى جێگره‌وه‌)، تاكو ژیانێكی ئاسایی به‌رێته‌ سه‌ر".

وتیشی: ''چه‌ندین جار داوا له‌خانه‌واده‌ی منداڵه‌كه‌ كراوه‌ بێن ‌و بیبه‌نه‌وه‌ لای خۆیان یاخود له‌دادگا ده‌ستبه‌رداری ببن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامیان نه‌بووه‌‌ و ئاماده‌ییان پیشان نه‌داوه‌".

جوان حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌شكرد: "دادگا لە کەیسی ئیماندا کەمتەرخەم بوو، لەکاتێکدا دەیتوانی زووتر بڕیار لە چارەنووسی ئەو منداڵە بدات، نەک ئەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە هەڵواسراویی لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا بیهێڵێتەوە".

نه‌بوونی خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان بۆ ره‌گه‌زی مێ له‌ كه‌ركوك كێشه‌كه‌ى ئیمانى قورستر كردووه‌

ئه‌و منداڵه‌ له‌هه‌ر ره‌گه‌زێك بوایه‌، خانه‌واده‌كه‌ی ئاماده‌نه‌ده‌‌بوون له‌خۆی بگرن، به‌ڵام به‌پێی قسه‌كانی جوان حه‌سه‌ن، "ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌گه‌ز كوڕ بوایه‌، كه‌یسه‌كه‌ی جیاواز ده‌بوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌خرایه‌ خانه‌ی بێ سه‌رپه‌شتان له‌ كه‌ركوك‌، تا 18 ساڵی له‌وێ ده‌مایه‌وه‌ و ژیانی دابین ده‌كرا و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی بۆ دروست نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئیمان چونکە کچ بوو، کەیسەکەی زۆر ئاڵۆزكراو دووچاری كێشه‌یه‌كی زۆر كرایه‌وه‌".

توندتیژی دژی مێیینه‌، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ له‌سه‌ر دۆخی ژن به‌گشتی و تاكه‌كانیش به‌تایبه‌تی دروستده‌كات‌ و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزانه‌كان زیاد ده‌كات.

سرود محه‌مه‌د فالح، سه‌رۆكی لقى كه‌ركوكى رێكخراوی ئه‌مه‌لی عێراقی، روونیكرده‌وه‌:" كاریگه‌ری ده‌روونی تووندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و منداڵان درێژخایه‌نه‌ و به‌درێژایی ژیانیان له‌گه‌ڵیاندا ده‌مێنێته‌وه‌".

سرود ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ده‌ستدرێژیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌ و جۆره‌كانی دیكه‌ی تووندوتیژی دژی ژنان كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاش به‌گشتی جێده‌هێڵن و ده‌بنه‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و 'سه‌رگه‌ردانبوونی منداڵه‌كان".

هه‌روه‌ها سروود باسی له‌وه‌شكرد: " توندوتیژی دژ منداڵان، جگه‌ كاریگه‌ری ده‌روونی، كاریگه‌ری جه‌سته‌ییش له‌سه‌ر منداڵه‌ رزگاربووه‌كان دروستده‌كات و له‌ خوێندن دایانده‌بڕێنێت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی زۆرجار خۆیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌نجامدانی تاوان و له‌ناو بازنه‌یه‌كی تووندوتیژیدا ده‌سوڕێنه‌وه‌".

به‌پێی ئاماری ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك، لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٢١٣ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە كه‌ بریتین له‌كوشتن، ده‌ستدرێژی سێكسی، گێچه‌ڵی سێكسی، هه‌ڕه‌شه‌، لێدان، دزیكردن، ناوزڕاندن، ده‌ستبه‌سه‌راگرتن، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناسنامه‌ی كه‌سیی.

له‌ هه‌شت مانگی رابوردووی ئه‌مساڵیشدا، ١٦٩ حاڵه‌تی جیاواز تۆماركراون، له‌نێویاندا ده‌ستدرێژیكردنی سێكسی برایه‌ك‌ بۆ سه‌ر خوشكه‌كه‌ی ‌و ده‌ستدرێژی سێكسی باوكێك‌ بۆسه‌ر دوو كچی خۆی.

له‌و باره‌یه‌وه‌، عیماد محه‌مه‌د، پارێزه‌ر له‌ دادگای كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: "كه‌یسی ئیمان جیاوازه‌ له‌و منداڵانه‌ی له‌شه‌قام ‌و گه‌ڕه‌كه‌كاندا جێهێڵدراون ‌و بێ كه‌سن، چونكه‌ منداڵانی سه‌ر شه‌قام به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی دادگا ده‌یانبه‌خشنه‌ خانه‌واده‌ی خۆبه‌خش، به‌ڵام ئه‌م منداڵه‌ خانه‌واده‌كه‌ی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ ناسراون ‌و نه‌هاتوون به‌ فه‌رمی له‌ دا‌دگا ده‌ستی لێهه‌ڵبگرن، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌ خۆی تێبگات، ئیمانی پێنج ساڵ هێشتا چاوه‌ڕوانی رێكاره‌ یاساییه‌كانه‌ تاوه‌كو رزگاریبێت له‌و ره‌وشه‌ی كه‌ تووندوتیژی دژی دایكی و كلتووری كۆمه‌ڵگا رووبه‌ڕووی كردووه‌ته‌وه‌.

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure