ئایا سه‌ده‌ تاریكه‌كان چه‌ند تاریك بوون؟

هەواڵ / زانست :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 248‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست سه‌رده‌مێكی تاریكی مێژوون. ئه‌وروپا له‌ نێوان 500-1500ی زاییندا له‌ژێر كاریگه‌ریی كڵێسای كاتۆلیكی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و قاتوقڕی و هه‌ژاری و مه‌رگدا بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا گرنگ بووه‌ بتوانیت له‌ ژیان به‌رده‌وام بیت و ئه‌و ناڕه‌حه‌تییانه‌ له‌ناوت نه‌به‌ن، به‌ خوێندنه‌وه‌ی باسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌زانیت له‌ سه‌رده‌می ئێستادا ژیان چه‌ند ئاسانتره‌.

 

1. به‌هۆی مه‌رگی ره‌ش واته‌ تاعونه‌وه‌ نزیكه‌ی 50 ملیۆن كه‌س واته‌ 60%ی خه‌ڵكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌وروپا له‌ناوچوون.
2. زۆرجار چاره‌سه‌ر ده‌بووه‌ هۆی كوشتنی نه‌خۆش نه‌ك نه‌خۆشییه‌كه‌، هه‌ندێك له‌ چاره‌سه‌ره‌كانی ئه‌و كاته‌ بریتی بوون له‌ خوێن به‌ردان و كونكردنی كه‌لـله‌سه‌ر.
3. له‌و سه‌رده‌مه‌دا جادووگه‌ران ده‌كوژران و خه‌ڵك پێی وابوو خراپیی كه‌شوهه‌وا به‌هۆی جادووگه‌ره‌كانه‌وه‌یه‌.
4. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا گیاندارانیش به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانیان سزا ده‌دران و له‌ سێداره‌ ده‌دران یاخود به‌ زیندوویی ده‌خرانه‌ ئاگره‌وه‌، وه‌كو مرۆڤه‌ تاوانباره‌كان.
5. پاپا ستیڤنی شه‌شه‌م چه‌ند جارێك لاشه‌ی پاپا فۆرمۆسوسی پاپای پێش خۆی ده‌هێنایه‌ به‌رده‌م دادگا و به‌ تاوانبار داده‌نرا.
6. قاتوقڕی له‌ ئه‌وروپا بووه‌ته‌ هۆی خواردنی گۆشتی مرۆڤ و خاچپه‌رسته‌ برسییه‌كان گۆشتی دوژمنه‌كانی خۆیان خواردووه‌. له‌ رابوردوودا له‌ هیندستان گۆشتی مرۆڤ به‌ ترشیات و سوێركراویش خوراوه‌.
7. مردنی دایكان به‌هۆی منداڵبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌ كه‌ دایكان داوایان لێ كراوه‌ پێش منداڵبوون وه‌سێتنامه‌ی خۆیان بنووسن.
8. منداڵانیش هێزیان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ و بۆ شه‌ڕی خاچپه‌رستان به‌ره‌و خاكی پیرۆز چوون. هه‌ندێكیان له‌ رێگە مردوون، هه‌ندێكی تریشیان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی تر و به‌شێكیان كراونه‌ته‌ كۆیله‌.
9. له‌ ساڵی 1232دا پاپا گریگۆریی نۆهه‌م نامه‌یه‌كی بۆ پاشای ئه‌ڵمانیا نارد و له‌وێدا باسی له‌ جادووگه‌رانی باكووری ئه‌ڵمانیا كردبوو كه‌ كاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له‌ كاره‌كانیاندا پشیله‌ی ره‌ش به‌كارده‌هێنن.
10. ئه‌م نامه‌یه‌ وایكرد پشیله‌ به‌گشتی به‌ خراپ دابنرێت و پشیله‌یه‌كی زۆر له‌ناوبران و خه‌ریكبوو پشیله‌ له‌ ئه‌وروپادا نه‌هێڵدرێت، دواتر به‌هۆی جرجه‌وه‌ تاعون له‌ ئه‌وروپادا بڵاوبووه‌وه‌.
11. به‌هۆی نه‌بوونی ئامێری ساردكه‌ره‌وه‌، خۆراكه‌كان سوێر ده‌كران یان ده‌كران به‌ ترشیات یان به‌ دووكه‌ڵ چاره‌سه‌ر ده‌كران. ئه‌وه‌ش هه‌ندێكجار ده‌بووه‌ هۆی مردنی كه‌سه‌كان.
12. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان توانای ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌وچك و قاپی قوڕقوشم به‌كاربهێنن، ئه‌وه‌ش دوای ماوه‌یه‌ك ژه‌هراوی ده‌كردن و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌مردن.
13. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س به‌هۆی خواردنی نان گیانیان له‌ده‌ست ده‌دا چونكه‌ نانه‌كه‌ جۆره‌ كه‌ڕوویه‌ك دایده‌پۆشی و نه‌خۆشی ده‌خستن كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یان ده‌وت نه‌خۆشی (ئاگری سه‌ینت ئه‌نتۆنی). ئه‌و ژه‌هراویبوونه‌ ده‌بێته‌ هۆی وڕێنه‌ و ره‌قبوونی ماسولكه‌ و هه‌ستكردن به‌ سووتانی په‌له‌كان.
14. هه‌موو كه‌سێك ده‌بوو بڕێك پاره‌ وه‌كو باج بدات به‌ كڵێسا، ئه‌گه‌ر پاره‌شی نه‌بوایه‌، میوه‌، دانه‌وێڵه‌، ئاژه‌ڵ یان هه‌ر شتێكی تر.
15. سزای مردن له‌ سه‌ده‌ تاریكه‌كاندا به‌كارهاتووه‌ و زۆرجار ئه‌شكه‌نجه‌دانیش به‌كارهاتووه‌.
16. جۆره‌ یارییه‌كی تۆپی پێ هه‌بووه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یتوانی له‌ یارییه‌كه‌دا به‌شدار بێت و هیچ یاسایه‌ك بۆ یارییه‌كه‌ نه‌بووه‌.
17. له‌ نێوان شانشینه‌ ركابه‌ره‌كاندا به‌رده‌وام جه‌نگ هه‌بووه‌ و پیاوان ده‌بوو به‌شدار بن له‌ جه‌نگه‌كاندا به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی جووتیار بوون و ده‌بوو خزمه‌تی باخ و ئاژه‌ڵه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ 40 رۆژدا نه‌كوژرانایه‌ ده‌نێردرانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
18. له‌و كاته‌دا ئه‌گه‌ر كه‌سێك گه‌شتی كردبێت شه‌و یان له‌ كڵێسا یان له‌ مه‌یخانه‌یه‌ك ده‌مایه‌وه‌ و له‌وێ جێگه‌یه‌كی له‌ پووش دروستكراوی پڕ ئه‌سپێ و مشكیان ده‌دایه‌. شه‌وان گه‌شت نه‌ده‌كرا به‌هۆی بوونی رێگر و گیانه‌وه‌ری دڕنده‌وه‌. كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و ئایینی له‌ گه‌شته‌كانیاندا پاسه‌وانیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد.
19. له‌ ساڵی 1314دا ئه‌وروپا تووشی كه‌شوهه‌وایه‌كی زۆر خراپ بووه‌وه‌ و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵه‌كان به‌هۆی لافاوه‌وه‌ له‌ناوچوون. نزیكه‌ی 5%ی خه‌ڵكی ئه‌وروپا له‌برساندا مردن.
20. له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی ئه‌وروپا ئه‌و خۆراكه‌یان خواردووه‌ كه‌ خۆیان به‌رهه‌میان هێناوه‌ و له‌ شوێنی تره‌وه‌ هاورده‌یان نه‌كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كاتێك خۆراك نه‌بووه‌ ئیتر له‌برساندا مردوون.
21. له‌ سه‌ده‌ تاریكه‌كاندا رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كڵێسا زۆر مه‌ترسیدار بووه‌ و بوونی بیروڕای جیاوازی ئایینی بووه‌ته‌ هۆی كوژران.
22. ته‌نیا 10%ی خه‌ڵكی ئه‌وروپا سه‌ر به‌ خێزانێكی ده‌سه‌ڵاتدار بوون و ئه‌وی تر كه‌سانی جووتیار بوون. ژیانی جووتیاریش ژیانێكی قورس بووه‌ و كاركردنێكی به‌رده‌وام بووه‌ بۆ خاوه‌ن زه‌وی. جووتیاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی 25-30 ساڵ ژیاون.
23. مردن له‌ منداڵدا زۆر باو بووه‌ و 25%ی خه‌ڵك به‌ ساوایی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، واته‌ له‌ چوار منداڵ یه‌كێكیان پێش ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵی گیانی له‌ده‌ست داوه‌. هه‌روه‌ها له‌ هه‌شت منداڵ یه‌كێكیان له‌نێوان ته‌مه‌نی یه‌ك تا چوار ساڵیدا مردووه‌.
24. له‌ سه‌ده‌ تاریكه‌كاندا جوله‌كه‌كان له‌ ئه‌وروپادا ده‌ركراون و به‌شێكی زۆریشیان له‌لایه‌ن خاچپه‌رسته‌كانه‌وه‌ كوژراون.

 

پ: پەری

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure