ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ دهۆك كوژرا 15 ساڵ وێنه‌گری كه‌ناڵێكی ئاسمانی بوو

هەواڵ / کوردستان :: 08/09/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

به‌یانی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ی ئه‌یلولی 2019) له‌سه‌ر شەقامى گوندی (بێسر)ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی زاوێته‌ له‌ دهۆك، (چیایی موسڵح) وێنه‌گری (كوردستان تی. ڤی) له‌لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراو ده‌سترێژی گولـلـه‌ی لێكراو و له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا كوژرا.


سه‌باره‌ت ئه‌م رووداوه‌ تائێستا پۆلیسی دهۆك هیچ روونكردنه‌وه‌یەكی رانه‌گه‌یاندووه‌.

له‌سه‌ر كوشتنی وێنه‌گره‌كه‌یان، دلێر فازڵ، به‌رپرسی كارگێری کەناڵەکە لە دهۆك بۆ دواڕۆژ وتی: "كاتژمێر 7ی ئه‌م به‌یانیە‌، وێنه‌گر چیایی موسڵح، له‌ گوندی بادێ به‌ره‌و دهۆك به‌ڕێكه‌وتبوو بە مه‌بەستی گه‌یشتنە سەر كاری رۆژانه‌ی خۆی له‌ كوردستان تی. ڤی، به‌ڵام كاتژمێر 7:30 له‌ گوندی (بێسر) كه‌وته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـلـه‌ و كوژرا".

وتیشى: "چیایی موسڵح هیچ گرفت و ناكۆكییەكی له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و هاوڕێكانی نه‌بووە و ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كوشتنەكەی په‌یوه‌ندیی به‌ كێشه‌ی برا گه‌و‌رەكه‌یه‌وه‌ هه‌بێت".

رۆژی 12 مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2018، (م. م) برای گه‌ورەی چیایی موسڵح، گه‌نجێك و هاوسه‌ری خۆی له‌ دهۆك كوشت، دادگای دهۆك-یش بڕیاریدا (م. م) 12 ساڵ زیندانی بكرێت كه‌ ئێستا له‌ چاكسازیی زركای دهۆك-ه‌.

چیایی موسڵح له‌دایكبووی ساڵی 1982ەو خه‌ڵكی (ده‌رگه‌لا شێخا) و نیشتەجێی گوندی بادێ-ی نزیك دهۆك و باوكی 3 كچ و كوڕێك بوو.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure