هیندستان یەک ملیار دۆلار قەرز بە رووسیا دەدات

هەواڵ / ئابوری :: 08/09/2019‌ :: 219‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

دوای بیست کۆبوونەوە، حکومەتی هیندستان رەزامەندی دەربڕی بە پێدانی بڕی یەک ملیار دۆلار وەک قەرز بە رووسیا، قەرزەکەی هیندستان بۆ ئاوەدانکردنەوە یاخود دروستکردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی رووسیا تەرخاندەکرێت.


لە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادمێر پوتین سەرۆکی رووسیا و ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان، هەردوولا رێککەوتن لەسەر خەرجکردنی بڕی یەک ملیار دۆلار وەک قەرز لەلایەن هیندستانەوە بۆ رووسیا.

ئەم بڕە پارەیەی روسیا وەریدەگرێت بۆ وەبەرهێنانە و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دوور خەرجیدەکات.

دکتۆر ئەرشەد تەها، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری بۆ دواڕۆژ وتى: "بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر قەرز هەیە قەرزی وەبەرهێنان و قەرزی بەکاربردن، بەڵام ئەوەی کە قەرزێکی باشە و سوودیشی هەیە، قەرزی وەبەرهێنانە".

وتیشى: "زۆربەی وڵاتانی دنیا قەرز دەکەن، بگرە ئەمریکاش پارەیەکی زۆری چین قەرزدارە کە بەمەبەستی وەبەرهێنان وەریگرتووە، کە لەو قەرزە قازانجێکی زۆری کردووە".

ئەرشەد تەها، ئەوەشى خستەڕوو: "قەرزەکەی رووسیا جێگەی سەرسوڕمانە لای زۆر کەس، چونکە رووسیا وڵاتێکی بەهێزە لەڕوویی ئابورییەوە، بەڵام ئەوەی رووسیا کارێکی زۆر باشە و بە قازانج بۆ مۆسکۆ تەواودەبێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure