گه‌نجێك له‌سه‌ر شاخێكى هه‌رێم كه‌وته‌خوارەوه‌ و گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 08/09/2019‌ :: 493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ گه‌شتیارێكی عه‌ره‌ب لەکاتێکدا ویستویه‌تی له‌ لێواری شاخی هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ وێنه‌بگرێت له‌ شاخه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌. 

رائید کاروان میراوده‌لی، به‌رپرسی به‌شی هونه‌ری به‌رگری شارستانی سۆران (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ی ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: "پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ گه‌شتیارێكی عه‌ره‌ب له‌ لێواری شاخی تاڤگه‌ی هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ ویستویه‌تی وێنه‌بگرێت، له‌كاتی وێنه‌گرتن قاچێكی خلیسكاوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌شاخه‌كه‌ هه‌ڵدێراوه‌ و گیانی له‌ده‌ستداوه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌و گه‌شتیاره‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی بۆ گه‌شت و سه‌یران روویانكردووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌. 

رائید کاروان وتیشی: "ته‌رمەکەی له‌لایه‌ن به‌رگری شارستانی رواندز گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادی سۆران و پاشان راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌". 

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق

بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure