كورد یه‌ك لیستى بۆ كه‌ركوك ده‌وێت
تانه‌ له‌ یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌ده‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 160‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابوردوو به‌ رەسمی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریاندا رۆژی یه‌كی نیسانی 2020 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامبدرێت و دوای نزیكه‌ی 15 ساڵیش بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك ئه‌نجام ده‌درێت، داواده‌كرێت حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌و شاره‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی رابوردوو پارێزگاری شاره‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌.


زۆربه‌ی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان كه‌ ده‌بێت كورد به‌یه‌ك لیست له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌شداری بكات، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێك له‌ مادده‌ی 16ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ناڕازین، ده‌ڵێن: "پێویسته‌ ئه‌و ماده‌یه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتى كورد له‌ ده‌نگدان بێبه‌ش ده‌بن".

رێبوار هادی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "ماده‌ی 16ی یاسای هه‌ڵبژاردن رێگری له‌ده‌نگدانی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كات كه‌ كوردن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ماده‌ی 140 نیشته‌جێن و ناتوانن یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی خۆیان".

وتیشى: "داوامان له‌ دادگای فیدراڵی كردووه‌ كه‌ بڕیاربدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌ یاخود نا، چونكه‌ به‌ئاشكرا بێبه‌شكردنی مافی ده‌نگدانه‌ له‌ هاووڵاتیانی موسڵ، كه‌ركوك، مەخمور، گوێر، دوزخورماتوو و خانه‌قین".

به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 16ی هه‌مواركراوى یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ئاواره‌كانی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری به‌گشت نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان، ده‌بێت له‌ رۆژی ده‌نگداندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سنووری پارێزگاكانی خۆیان ‌و ناتوانن له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نگبده‌ن.

هه‌فته‌ی رابوردوو به‌ رەسمی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ سكاڵای یاسایی له‌ دادگای فیدراڵی تۆمارده‌كه‌ن به‌وه‌ی ماده‌كه‌ زیان به‌ ده‌نگده‌ران ده‌گه‌یه‌نێت.

جوان رۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌كو په‌رله‌مان له‌م هه‌فته‌یه‌دا یاخود سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵا له‌ دژی ئه‌و یاسایه‌ تۆمارده‌كه‌ین و نابێت رێگه‌بدرێت مافی هاووڵاتیانی كورد پێشێل بكرێت.

ئه‌وه‌ى ئێستا جێگه‌ى مشتومڕه لە نێوان حیزبه‌ كوردییه‌كاندا شێوازى به‌شداریكردنیانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكاندا له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ركوك كه‌ تائێستا ئه‌وه‌ به‌ته‌واوى یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌كێك بوو له‌و حیزبانه‌ى به‌ رەسمی داوای یه‌ك لیستی كرد بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك.

حه‌یده‌ر مزه‌فه‌ر، سكرتێری رۆژنامه‌وانی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ رەسمی داوای كردووه‌ حیزبه‌كان یه‌ك لیستیان هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌تایبه‌تیش له‌ كه‌ركوك".

هه‌رچه‌نده‌ پارتی ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ یه‌ك لیستی، به‌ڵام ره‌خنه‌ی له‌ ماده‌ی 16ى یاساكه‌ هه‌یه‌.

خه‌سره‌و گۆران، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی به‌ دواڕۆژى وت: "وه‌ك پارتی پشتگیری له‌وه‌ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵیشی ده‌بین كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌ یه‌ك لیست به‌شداری بكه‌ین، ئێستاش له‌ قۆناغی گفتوگۆكردنداین".

وتیشی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی سیستمی نوێی هه‌ڵبژاردن لیسته‌ گه‌وره‌كان سوودی زۆر  لێده‌بینن بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو كورد یه‌ك لیست بێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سكاڵاشمان تۆماركردووه‌ له‌باره‌ی مادەی 16ى یاسای هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و پێمانوایه‌ زیان به‌ده‌نگى كورد ده‌گه‌یه‌نێت".

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی پێشتر باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌ته‌نیا و به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كات، به‌ڵام لە 4ى ئابی 2019 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ راگه‌یەندراوێكدا داوایكرد حیزبه‌ كوردییه‌كان یه‌ك لیست بن له‌ كه‌ركوك.

بزوتنه‌وه‌ی گۆران-یش هه‌مان بۆچوونى هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ى رابوردوودا له‌ سنوورى كه‌ركوك نه‌یتوانیوه‌ كورسی په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ستبهێنێت.

چالاكی موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ دواڕۆژ وتی: "وه‌ك گۆڕان پشتیوانی ته‌واو له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كورد یه‌ك لیستی هه‌بێت نه‌ك ته‌نیا له‌ كه‌ركوك به‌ڵكو له‌ ته‌واوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژەوه‌ندی كورد و پێگه‌كه‌یه‌تی".

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو رۆژی دووشه‌ممه‌ 26ی ئاب شاندێك له‌ په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی كه‌ركوك بكه‌ن، بۆ تاوتوێی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌و پارێزگایه‌ و ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌ كوردییه‌كانیش ببن، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامنه‌درا و به‌هۆكاری نادیار سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

هه‌مان رۆژ كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامدرا و  و تیایدا رایانگه‌یاند كه‌ وه‌ك كورد به‌ ده‌ستور و یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رژمێری ده‌كه‌ین و هه‌تا هه‌رسێ قۆناغی ماده‌ی 140 جێبه‌جێنه‌كرێت، هه‌ر یاسایه‌كی تر ده‌ربچێت سه‌باره‌ت به‌ سه‌رژمێری ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ و حیزبه‌ و كوردستانیه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure