دەست بە وێنەگرتنی فیلمی كوردی (09) كرا

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 130‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت لەقۆناغی وێنەگرتنی دووەم فیلمی سینەماییە كە  لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بودجەكەی دابینكراوە و سێ ئەكتەری ناسراو رۆڵی سەرەكی دەبینن.

فیلمی (09) فیلمێكی درێژی سینەماییە لەنووسین و سیناریۆی بەختیار فەتاح، داركۆ جەبار، سروشت عەبەڕەش، لەدەرهێنان و بەرهەمهێنانی بەختیار فەتاح و كۆمپانیای كام پڕۆدەكشن بەستافێكی خۆماڵی بەرهەمی دێنێت و نزیكەی مانگێكە دەست بەوێنەگرتنی كراوە و بڕیارە لەمانگی ئایاری داهاتوودا لە سینەماكان نمایش بكرێت.

لەم فیلمەدا سێ ئەكتەری بەتوانا پاڵەوانن (سیروان جەمال، ماهیر حەسەن، شوان عەتوف) لەگەڵ چەندین ئەكتەری تازە، شەوی رابوردوو 7ی ئەیلولی 2019 لە ئوتێل گراند میلینیۆم رێوڕەسمی ناساندنی فیلمەكە سازكرا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوتاری ناساندنی فیلمەكەدا رایگەیاند: كەرتی سینەما ساڵ بەساڵ بەهێواشی گەشەدەكات، بەڵام خەریكە ئەم كەرتەش لە ئارەزووەوە دەبێتە پیشەسازیی، واتە پێشتر ئەو كەسانەی لەو بوارانەدا وەك ئارەزوو كاریان دەكرد، ئێستا دەیانەوێت بیكەنە پیشە ئەوەش بەفێربوونی خۆیان، یان سوودوەرگرتن لەو كوردانەی لە دەرەوەی وڵات ئەزموونیان بینیوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: دەبێت پشتگیری تەواوی ئەم كەرتە بكەن بۆ ئەوەی توانا خۆماڵییەكان زیاتر دەربكەون، بۆیە ئێستا لەگفتوگۆدان بۆ دروستكردنی كۆمسیۆنی فیلمی كوردستان تا بتوانرێت ئەم كەرتە بەرەو پیشەسازیی ببرێت.

بەختیار فەتاح، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری فیلمەكە لە پانێڵی ناساندنی فیلمەكە رایگەیاند: بەرهەمهێنانی فیلمەكە نزیكەی 450 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە ئەوەش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دابینكراوە،

 

بەختیار فەتاح بەدواڕۆژی راگەیاند: ناتوانن لەئێستادا هۆكاری ناونانی فیلمەكە ئاشكرابكەن، بەڵام نزیكەی شەش مانگە دەستیپێكراوە و 10 رۆژیشە كاری وێنەگرتن دەكەن.

روونیشیكردەوە: ناوەڕۆكی فیلمەكە باسی تاوان و لێكۆڵینەوە و نهێنی ئامێزە، ئەم جۆرە تائێستا دەستی بۆ نەبراوە، بابەتێكی جیهانی هەڵبژێردراوە تا كوردیش بتوانێت سوود لە بابەتی جیهانی وەربگرێت

بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەوان بەرهەمهێنانی فیلمیان زۆر پێباشە، بەڵام پیشەسازی فیلم وەك پیشەسازیی دەرهێنانی نەوتە و قورسە بەكۆمپانیای بەهێز دەكرێت، هەمانكاتیش دەبێت حكومەت پشتگیرییان بكات، بەڵام بەداخەوە حكومەت تائێستا نەیتوانیوە هانی سەرمایەداران بكات تا هاوكاری بەرهەمهێنانی فیلم بكەن.

هونەرمەندی ناسراو سیروان جەمال كە چەند ساڵێكە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، یەكێكە لەو ئەكتەرە ناسراوانەی كە بەشداری ئەم فیلمەی كردووە بە دواڕۆژی راگەیاند: بەرهەمهێنانی فیلمی كوردی تایبەتمەندی هەیە و ئەركێكی نیشتمانییە و دەبێت بناغەیەك بۆ هونەری سینەما دابنرێت، ئاماژەشی بەوەكرد: لەڕووی تەكنیكەوە ئەم فیلمە لە ئاستی تەكنیكی ئەو فیلمانەیە كە لەدەرەوەی وڵات بەكاردێن ئەوەش دڵخۆشی كردووە.

ساڵی رابوردوو كۆمپانیای كام پڕۆدەكشن و میترۆنۆم پڕۆدەكشن فیلمی سینەمایی (پەیكەری دڵ)یان بەرهەمهێنا لە دەرهێنانی شوان عەتوف و نواندنی هەڵوێست محەمەد كە بینەرێكی زۆری هەبوو.

بەختیار فەتاح روونیكردەوە: ئەوان بەئەركی خۆیان دەزانن فیلم بەرهەمبێنن تا بۆ حكومەت و خەڵكیشی بسەلمێنن كە دەتوانن فیلم دروست بكەن، بۆ ئەم ئیشە وڵاتانی دنیا بەسەدان ملیۆن دۆلار دەدەن تا خەڵكانی خۆیان لە بوارەكەدا تاقی بكەنەوە.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure