هۆکاری دواکەوتنی مووچە رووندەکرێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/09/2019‌ :: 4771‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

تاکو ئەمڕۆ کە 8ی ئەیلولی 2019یە، دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستی پێنەکردووە، هاوشێوەی مانگی رابوردووش، ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: "رادەستکردنی نەوت بە بەغدا کۆتایی بە کێشەی مووچە دەهێنێت".


ئەگەرچی وەزیری پێشوو و ئێستای دارایی حكومەتی هەرێم چەند جارێك رایانگەیاندووە كە هەموو 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشدەکرێت، بەڵام ئەم مانگەش دابەشکردنی مووچە دواکەوت، بەپێی لێدوانی رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی و ئابوری هەرێم مانگانە حکومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی یەک مانگ، پێویستی بە بڕی 881 ملیار دینار هەیە، ئەوەش لەتوانای حکومەتی هەرێمدا نییە کە بەتەنیا ئەو پارەیە دابین بکات، بۆیە پارەی مووچە لەچوار سەرچاوەی جیاوازەوە وەدەست دەخات.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری ئیستای داراییش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەرکات بەغدا پارەی نارد بۆ هەرێم مووچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

بەپێی بەدواداچووەکانی دواڕۆژ مانگانە حکومەتی هەرێم لەچوار سەرچاوەی جیاوازەوە داهاتی دەستدەکەوێ، بەجۆرێک بەغدا مانگانە (453 ملیار) دینار دەنێرێت، بەپێی داتاکانی دیلۆیت داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زیاتر لە (600 ملیار) دینارە، كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی (100 ملیار) دینارە، هەروەها ئەمریکاش مانگانە (30 ملیار) دینار دەداتە وەزارەتی پێشمەرگە، کۆی پارەکە دەکاتە یەک تریلیۆن و 156 ملیار دینار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو مانگێک کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستدەبێت.  

پسپۆڕێکی ئابوری دەڵێت: "کێشەی مووچەی فەرمانبەران هێندەی حکومەتی هەرێم لێی بەرپرسە، حکومەتی بەغدا بەرپرس نییە، لەبەرئەوەی کاتێک هەرێمی کوردستان لەساڵی 2014 بڕیاریدا نەوتی خۆی بەشیوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، بیری لەوەنەکردەوە کە ئەگەر بەغدا دژایەتی جددی بکات و هەروەها بودجە نەنێرێت، بەدیلی چی دەبێت، بۆیە ئەو قەیرانە دروستبوو".

دکتۆر ئاراز رەشید، پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانکۆ، بۆ دواڕۆژ وتی: "دوو هۆکار هەیە کە دوای ئەوەی بەغداش 317 ملیارەکەی ناردووە، هەموو مانگێک کێشەی دواکەوتنی مووچە دروستبێت، ئەوانیش یەکەم ناشەفافی داهاتی هەرێم کە ئەوە وایکردووە نە بە روونی پارەی مووچە بزانرێت نە داهات، ئەوەش دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، هۆکاری دووەم هەرێمی کوردستان نایەوێت نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەڵام دەیەوێت پارەکە وەربگرێت، ئەوەش بەغدا قبوڵی ناکات".

لەدوای مانگی 3ی ساڵی 2018وە حکومەتی بەغدا بەردەوام لەنیوان 14 بۆ 18 مانگ بڕی ئەو پارەیەی ناردووە بۆ هەرێم کە پێشتر 317 ملیار دینار بوو و ئێستا بووە بە 453 ملیار دینار، هەرێم لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و پارەی ئەمریکا وەک مووچە دابەشی دەکات و بڕیاربوو 30 رۆژ جارێك مووچە بدرێت، بەڵام مانگی رابوردوو پارەکە 24 مانگ گەیشتە هەرێم و هەروەها بەشێک لە وەزارەتەکانیش نزیکەی 40 رۆژ تێپەڕیبوو ئینجا مووچەی مانگی ئایاریان وەرگرت.

پەرلەمانتارێکی عێراق کە هاوکات ئەندامی لیژنەی داراییە دەبێت: "ئێمەش نازانین هۆکاری دواکەوتنی مووچە چییە، بە رەسمیش داوام لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی كردووە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا بكەن، چونکە لەبەغدا هیچ کێشەیەک نییە".

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ وتی: "بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی کە نەوتەکەی هەرێم دەبێت لە رێگەی ئەوەوە بفرۆشرێت و ئەوکات پارە و مووچە و بودجەی تەواو دەدات بە هەرێمی کوردستان، بەبێ رادەستکردنی بێگومان کێشەکە کۆتایی نایەت و هەر بەردەوام دەبێت".

لەماوەی رابوردوودا سێ پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا بە رەسمی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوایان کرد هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەرنا کێشە بۆ مووچە و بودجە دروست دەبێت، لەوبارەیەوە سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە دەڵێت: "لەبەغدا ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواناکەوێت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانە کێشەکە دروستدەکات".

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی ئایندە تایبەت بە دواڕۆژ وتیشی: "ناشەفافی لەداهات و لیستی مووچەخۆران، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی نەوتی هەرێم و ئامادە و پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە رێنمایی و مەرجەکانی بودجە، وایکردووە بەردەوام کێشەی بودجە و مووچە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبێت و تەنیا رێگە چارەسەریش ئەوەیە هەرێم لیستی راستەقینەی فەرمانبەران بدات بەبەغدا و هەروەها نەوتیش رادەستی بەغدا بکات کە 250 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەپێچەوانەوە بەردەوام کێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست دەبێت و مەترسی بڕینی لەسەرە".

زۆربەی پەرلەمانتاران باس لەوەدەکەن کە بۆ ئەمساڵ تاڕادەیەک یەكلایی بووەتەوە و چارەسەركراوە کە ئەمساڵ بەپێی یاسا مووچەی فەرمانبەران دابینكراوە، بەڵام بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو 2020 ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، ئەوا كێشەكە جارێکی تر دەستپێدەكاتەوە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدواڕۆژی راگەیاند: بە رادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، کێشەکان دروستبوون و هەرێم پابەند نەبووە، چونکە حكومەتی هەرێم مەرجەکانی بەغدای جێبەجێ نەكردووە.

وتیشی: "ناکرێت هەرێم نەوت بفرۆشێت و پارەش لەبەغدا وەربگرێت، دەبێت هەرێم پابەند بێت، ئەگەرنا ئەو کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت و مووچە و بودجە هەموو مانگێک بە موناقەشە و داواکاری و ناڕەزایەتی دێت بۆ هەرێم، ئەوەش خەڵکی تەواو ماندوو کردووە، دەبێت هەرێم بۆ رای گشتی عێراق و كوردستان روونی بکاتەوە کە بۆچی نەوت رادەستی بەغدا ناكات".

پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت: "جگە لەوەی هەموو مانگێک کێشەی دواکەوتن و نەناردن و گفتوگۆ لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەیە، ئێستا هەڕەشەی جددیش لەسەر مووچە هەیە، چونکە هەوڵێک لەلایەن ژمارەیەك پەڕلەمانتاری كوتلە جیاوازەكانەوە دەدرێت، بۆ ئەوەی مووچە نەنێردرێت".

هەدار بارزانی پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لەڕێگەی جیاوازەوە فشار لەسەر سەرۆك وەزیرانی عیراق دروستدەکرێت بۆ راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبەغدا، لەكاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019دا، پرسی مووچە جیاكراوەتەوە، کەچی هەر کێشەی بۆ دروستدەکرێت و بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوت". 

لەبارەی کێشە و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و هەروەها رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا و بڕیاریش دراوە کۆمەڵێک لیژنە لەنێوان هەردوولا بۆ پرسی نەوت و مووچە و بودجە و ماددەی 140 پێکبهێنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەکێشەکان".

لەوبارەیەوە جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ت پێدانی مووچه‌یە لەکاتی خۆیدا کە 30 رۆژ جارێکە، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی عێراق ته‌نیا مووچه‌ی 682 هه‌زار مووچه‌خۆر ده‌نێرێت کە ئێمه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن مووچه‌خۆرمان هه‌یه‌، بەڵام ئێمە خۆمان پارەی فەرمانبەرانی تر دابین دەکەین لەڕێگەی جیاوازەوە".

وتیشی: "فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ كاتی خۆیدا هەموو مانگێک واتا 30 رۆژ جارێک مووچه‌یان پێدەدرێت".

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure