نزیكه‌ى سێ كیلۆمه‌تر پرد له‌نێوان كه‌لار و سلێمانیدا دروستده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 08/09/2019‌ :: 195‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


قۆناغى دووه‌مى جووتسایدكردنى كه‌لار-سلێمانى ده‌ستى پێكردووه، به‌ وته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار: "له‌م قۆناغه‌دا له‌ گوندێكى كه‌لاره‌وه‌ بۆ قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان پرۆژه‌كه‌ 33 پردى تێده‌كه‌وێت كه‌ درێژییه‌كه‌یان نزیكه‌ى سێ كیلۆمه‌تره‌".


عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌رى رێگەوبانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ قۆناغى یه‌كه‌مى پرۆژه‌ى جووتسایدكردنى كه‌لار-سلێمانى، له‌ كه‌لاره‌وه‌ بۆ گوندى سه‌ید مه‌حمود 24 كیلۆمه‌ترى ته‌واوكراوه‌، له‌ ئێستادا قۆناغى دووه‌مى ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ له‌و گونده‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان 41 كلیۆمه‌تره‌ و كاركردن تیایدا به‌رده‌وامه‌".

وتیشى: "له‌ قۆناغى دووه‌مدا پرۆژه‌كه‌ 33 پردى تێده‌كه‌وێت كه‌ 14 پردیان جووتساید و 5 دانه‌شیان ئه‌نده‌ر پاس و ئۆڤه‌ر پاسه‌ و به‌هه‌مووشیانه‌وه‌ درێژییه‌كه‌یان بریتییه‌ له‌ دوو هه‌زار و 686 مه‌تر".

به‌ڕێوه‌به‌رى رێگەوبانى گه‌رمیان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "قۆناغى دووه‌مى پڕۆژه‌كه‌ كه‌ له‌ گوندى سه‌ید مه‌حموده‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخانه‌ بودجه‌كه‌ى 137 ملیار دیناره‌، له‌ ئێستادا 7%ی كاره‌كانى ته‌واو بووه‌، له‌ راستیدا قۆناغى دووه‌م له‌به‌ر قه‌یرانى دارایى دواكه‌وت و ده‌بوایه‌ پێشتر ته‌واو بكرایه‌".

پرۆژه‌ى جوتسایدى كه‌لار-سلێمانى له‌ ساڵى 2013 به‌ردى بناغه‌ى دانرا، دواتر به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كاره‌كانى وه‌ستێندران و له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2019وه‌ كاركردن تیایدا ده‌ستى پێكرده‌وه‌.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure