بەهۆى پۆستێکەوە گۆڕان لە پارتى نیگەرانە

هەواڵ / کوردستان :: 08/09/2019‌ :: 341‌ جار بینراوە
لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى جڤاتى گشتى گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: گۆڕان پێى خۆش نییه‌ پۆست به‌ رێباز حه‌ملان دراوه‌ و پێده‌چێت داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ پارتى بكات.

مانگى رابوردوو، پارتى دیموكراتى كوردستان بڕیاریدا پۆستى راوێژكارى دارایى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ رێباز حه‌ملان وه‌زیرى پێشووى دارایى و ئابووى هه‌رێم بدات، به‌ڵام به‌هۆى ناڕه‌زایییه‌كانى گۆڕان له‌ پێدانى پۆسته‌كه‌، بڕیاره‌كه‌ گۆڕانكارى تیادا كرا و پۆستى راوێژكارى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى راژه‌ به‌ رێباز حه‌ملان درا.

چالاكى موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 8ى ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ هیچ پۆستێك بۆ هیچ كه‌سێك دابتاشرێت، چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌و هه‌موو پۆسته‌ نییه‌، بۆیه‌ له‌ پێدانى پۆست به‌ رێباز حه‌ملان گۆڕان نیگه‌رانه‌ و پێیخۆش نییه‌ ئه‌و پۆسته‌ى پێدراوه‌.

وتیشى: "پێدانى ئه‌و پۆسته‌ په‌یوه‌ندى به‌ ناوخۆى پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت لیژنه‌ى دانووستانكارى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ پارتى بكه‌ن، گۆڕان به‌شدارە له‌ كابینه‌ى نۆیه‌م و ده‌وێت چاكسازى بكرێت بۆ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ زیادكردنى پۆست نییه‌، به‌ڵكو چاكسازى گرنگه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتى له‌ چاكسازى پاشگه‌زببێته‌وه‌ ئه‌وا خۆى به‌رپرسیار ده‌بێت".

رێباز حه‌ملان له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر پشكى گۆڕان پۆستى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى وه‌رگرت، به‌ڵام دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی گۆڕان ‌و پارتی لە (12ى تشرینى یه‌كه‌مى 2015) وەزیرەكانی گۆڕان لە كارەكانیان دوورخرانەوە.

له‌ (18ى ئه‌یلوولى 2017) رێباز حەملان وازى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هێنا و له‌ (13ى كانوونى یەکه‌مى 2017) وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوری هەرێمى به‌ڕێوه‌برد.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure