دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش: پێشوازى له‌ هاتنه‌وه‌ى قادرى حاجى عه‌لى ده‌كه‌ین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2924‌ جار بینراوە
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى جڤانى نیشتیمانى ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌. دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش سكرتێرى جڤاتى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى جڤات به‌ پێویستى ده‌زانن عومه‌رى سه‌ید عه‌لى خۆى بۆ رێكخه‌رى گشتى كاندید بكاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "پێشوازى له‌ هاتنه‌وه‌ى قادرى حاجى عه‌لى ده‌كه‌ین بۆ ناو بزوتنه‌وه‌كه‌".

دواڕۆژ: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆ و رێكخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌كوێ گه‌یشتوون؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى جڤاتى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن ته‌واوكراوه‌، 12ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى جڤاتى گشتى ئه‌نجام ده‌درێت و 14ى مانگیش خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن و سه‌رۆكى جڤاتیش ده‌بێته‌ ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن.

دواڕۆژ: رێكخه‌رى گشتى به‌ چه‌ند ده‌نگ هه‌ڵده‌بژێردرێت؟ راسته‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: رێكخه‌رى گشتى به‌ زۆرینه‌ى ساده‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، جڤاتى نیشتیمانى 64 ئه‌ندامه‌، ناتوانین بڵێین به‌نیوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، چونكه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامان ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیشیان پۆستى حكومییان وه‌رگرتووه‌ و ناتوانن ده‌نگبده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان به‌شدارنابن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، چونكه‌ ناڕازین، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا ژماره‌ى ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتیمانى نزیكه‌ى 48 كه‌سن.

دواڕۆژ: به‌شێك له‌ ئه‌ندامان ناڕازین له‌ شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، هاوكات ئایا چى كراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى گۆڕان كه‌ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌؟ 
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شێوازى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، به‌شێكى په‌یوه‌ندیى به‌ ده‌ستورى ناوخۆى گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، زیاتر كێشه‌كان له‌ ئالیه‌تى به‌ڕێوه‌به‌ردنى بزووتنه‌وه‌كه‌دایه‌، له‌ بابه‌تى فكر و پرسه‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵه‌یه‌كى ستراتیژیى نیشتمانیى نه‌كراوه‌، ئه‌وانه‌ى به‌ته‌واوى وازیان له‌ گۆڕان نه‌هێناوه‌ ده‌توانن به‌شداریى بكه‌ن. له‌ ده‌ستورى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بۆ خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى جڤاتى گشتى و نیشتیمانى و هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌كان ده‌توانن بۆ رێكخه‌رى گشتى خۆیان كاندید بكه‌ن.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر قادرى حاجى عه‌لى بێته‌وه‌ ناو گۆڕان و خۆى كاندید بكات بۆ رێكخه‌رى گشتى، ئایا پێشوازیى لێده‌كرێت؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێشوازى لێده‌كرێت، كاك قادرى حاجى عه‌لى یه‌كێكه‌ له‌ كادیره‌ دیاره‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان.

دواڕۆژ: ده‌وترێت تۆیش خۆت كاندید ده‌كه‌یت بۆ پۆستى رێكخه‌رى گشتى، راسته‌؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: نه‌خێر راست نییه‌ و خۆم كاندید ناكه‌م، ره‌نگه‌ بۆ سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزووتنه‌وه‌كه‌ خۆم كاندید بكه‌م.

دواڕۆژ: كاندیدبوونى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و شۆڕش حاجى یه‌كلایبووه‌ته‌وه‌ یان ناوى تریش هه‌یه‌؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: كاك شۆڕش حاجى  خۆى كاندید ده‌كات، به‌ڵام نه‌مبیستووه‌ كاك عومه‌رى سه‌ید عه‌لى خۆى كاندید بكاته‌وه‌. به‌گشتى له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ پێویستیى ئێستا وه‌ها ده‌خوازێت عومه‌رى سه‌ید عه‌لى خۆى كاندید بكاته‌وه‌ بۆ رێكخه‌رى گشتى، ئه‌مه‌ ویستى هه‌ڵسوڕاوه‌كانه‌.

دواڕۆژ: ئاشكرایه‌ خه‌ڵك و ئه‌ندامانتان ره‌خنه‌ى توند له‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى گشتى ده‌گرن و داواى گۆڕینیان ده‌كرێت، دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان كاریگه‌ریى خراپى نابێت له‌سه‌ر پێگه‌ى جه‌ماروه‌ری و سه‌نگى گۆڕان له‌ حكومه‌تدا؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: خانه‌ى راپه‌ڕاندن لایه‌نێكى جێبه‌جێكردنه‌، هه‌موو ئه‌ندامێك له‌م خانه‌یه‌دا كاره‌كه‌یان دیاره‌، به‌ڵكو جڤاتى نیشتیمانى به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و راسپاردانه‌ى جڤاتى گشتى ده‌دات كه‌ بۆى ده‌نێرێت، بۆیه‌ بڕیارده‌ر جڤاتى نیشتیمانییه‌، جا كه‌ خه‌ڵك ناڕازییه‌ له‌م خانه‌یه‌ خۆ بڕیار لاى ئه‌مان نییه‌، لێكتێنه‌گه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوان خه‌ڵك و خانه‌ى راپه‌ڕاندندا.

دواڕۆژ: ئایا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌توانێت خۆى بگۆڕێت؟
دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش
: ده‌بێت نوێبوونه‌وه‌ بكرێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ كۆنفرانسى نیشتمانى بگیرێت و گه‌نجان بێنه‌پێشه‌وه‌، بۆیه‌ له‌كۆتایى ئه‌مساڵدا ئه‌نجام ده‌درێت.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure