بازرگانانی ھاوردەی ئۆتۆمبێل داوای پێداچوونەوە بەبڕیارێکی حکومەتدا دەکەن

هەواڵ / ئابوری :: 08/09/2019‌ :: 483‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

بازرگانانی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داوادەکەن حکومەت پێداچوونەوە بە بڕیاری راگرتنی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراودا بکات.

خالید ئەحمەد، بازرگانی ھاوردەکاری ئۆتۆمبێل بە دواڕۆژی وت: "داواکارییەکمان گەیاندە ژووری بازرگانی سلێمانی تا بتوانن کاربکەن بۆ داواکارییەکانمان کە تووشی زیانی گەورە نەبین لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی کە حکومەت داویەتی لەبارەی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل".

وتیشی: "لەدوای بەرواری 1ی تەمموزەوە نزیکەی 15 ھەزار ئۆتۆمبێل ھێنراوەتە ھەرێمی کوردستان بەڕێکاری یاسایی باج و گومرگیان لێوەرگیراوە لە سنوورەکانەوە، بەڵام ئێستا کێشەی تۆمارکردنیان ھەیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆی کوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لەئێستادا 1400 ئۆتۆمبێل لە مەرزی باشماخ راگیراون کێشەکانیان چارەسەرنەکراوە و زیانی زۆر بە بازرگانان گەیشتووە.

ئەو بازرگانە دەشڵێت: "لە 1ی ئەیلول بەھۆی ناڕوونی ئەو رێنماییەوە کاری بازرگانی ئۆتۆمبێل وەستاوە، ئەم جۆرە بازرگانییە گواستراوەتەوە بۆ خوارووی عێراق و لە مینای بەسرەوە ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ھاوردە دەکرێت".

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە سەر داواکاری ئەو بازرگانانە بە دواڕۆژی وت: "ئێمە بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکەین و کۆبونەوەیەکی فراوان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوی دەروازەکان و بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ و بازرگانان ئەنجام دەدەین تا بەوردی لە یاسا و بڕیارەکان بگەین و فەرق و جیاوازی نەکرێت".

وتیشی: "ھەر بڕیاریک کە بە رەسمی دەربچێت دەبێت لە ھەموو دەروازەکانی عێراقەوە کاری پێبکرێت نەک بەتەنیا چەند دەروازەیەک کاری پێبکەن و ئەوانیتر رێگە بە ھاوردەکردن بدەن بۆیە بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو کێشانە دەکەین".

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە 1ی تەمموزی 2019 بە رەسمی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراوی بۆ شارەکانی کوردستان قەدەغەکرد.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure